ناوهڕۆك
ناساندن
کیرۆجین (بە ئینگلیزی: Kerogen، بە عەرەبی: کیروجین) ماددەیەکی ئەندامییە کە لە بەردی نیشتەنیدا هەیە. لە چەندین ماددەی ئەندامیی جۆراوجۆر پێکهاتووە، لەوانە ڕووەکی مردوو، قەوزە و وردە میکرۆبەکانی تر، کە بە پرۆسەی جیۆلۆجی پەستێوراون و گەرم کراوەن تا کیرۆجینیان پێکهێناوە. پێشبینی دەکرێت ١٠١٦ تۆن کاربۆنی تێدابێت، ئەمە وا دەکات ببێت بە گەورەترین سەرچاوەی ئاوێتەی ئەندامی سەر زەوی. کیرۆجین لە توێنەرە ئەندامییە ئاساییەکاندا ناتوێتەوە و هاوکێشەیەکی کیمیایی دیاریکراوی نییە. بەهۆی پەستان و پلەی گەرمی بەرز بە پڕۆسەی کاتاجێنسیس، نەوت و گازی سروشتی لە کیرۆجینەوە دروست دەبن.
ناوی "کیرۆجین" لە ساڵی ١٩٠٦ لەلایەن کیمیازانی ئەندامیی سکۆتلەندی ئەلێکساندەر کرەم براونەوە ناسێنرا، کە لە یۆنانیەوە وەرگیراوە بەواتای "لەدایکبوونی مۆم" دێت. کیرۆجین چەند جۆرێکی هەیە، جۆرە جیاوازەکانی کیرۆجین بڕی جیاوازی هایدرۆجینیان تێدایە پەیوەست بە کاربۆن و ئۆکسجین. پێکهاتەی هایدرۆجینی کیرۆجین فاکتەری کۆنترۆڵکردنە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بەرامبەر گاز لە کاردانەوەی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆنی سەرەتایی. زیادبوونی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆنەکان (نەوت و گازی سرووشتی) بووەتە هۆی ئەوەی توێژینەوەی زیاتر لەسەر پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی کیرۆجین بکرێت. زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان گۆڕانکاری دراماتیکی و سیستەماتیکییان لە گۆڕانی پێکهاتەی کیرۆجین لە مەودای پێگەیشتنی گەرمیی پەیوەندیدار بە پیشەسازی نەوت و گاز تۆمارکردووە.
چۆن دروست بووە؟
دروستبوونی کیرۆجین هەنگاوێکی گەورەیە لە پێکهێنانی نەوت و گازی سروشتی، چونکە کیرۆجین سەرچاوەی ئەم سووتەمەنییە بەردینانەیە. بۆ ئەوەی کیرۆجین دروست ببێت، فیتۆپلانکۆنی مردوو، زووپلانکتۆن، قەوزە و بەکتریا لە ژێرەوەی ژینگەیەکی کۆنی ئاویدا نوقم بووە و کەڵەکە بووە. کیرۆجین بەهۆی پڕۆسەی دایاجێنسیس لە خراپبوونی ئەو ماددە ئەندامییانە دروست دەبێت. لە ماوەی دایاجێنسیس، بایۆپۆلیمەرە گەورەکان لە پڕۆتین، چەوری و کاربۆهیدراتەکان بەشێوەیەکی بەشی یان بەتەواوی لەناودەچوون. ئەم پرۆسەیە دەتوانرێت وەک پێچەوانەی ڕۆشنەپێکهاتن ببینرێت. ئەم یەکانە لە ئەنجامدا دەتوانن دواتر فرەچڕبوونەوە دروست بکەن بۆ دروستکردنی جیۆپۆلیمەر. دروستبوونی جیۆپۆلیمەرەکان بەم شێوەیە ژمارەی کێشی گەردی گەورە و پێکهاتە کیمیاییە جۆراوجۆرەکان پێکدەهێنێت. بەرزبوونەوەی پەستان و پلەی گەرمی لەکۆتاییدا دەیگۆڕێت بۆ کیرۆجین.
کاتێک کیرۆجین لەگەڵ ماددەی جیۆلۆجیدا نیشتەجێ دەبێت، لێشاوی لیتۆستاتیک و جیۆگەرمی لە توێکڵی زەویدا، دەبێتە هۆی زیادبوونی پلەی گەرمی و پەستان، کە ئەمیش گۆڕانکاری زیاتر لە پێکهاتەی کیرۆجین دروستدەکات. لەوانە لەدەستدانی هایدرۆجین و ئۆکسجین و نایترۆجین و گۆگرد و گروپە کردارییە پەیوەندیدارەکانیان، ئەو گۆڕانکارییانە ئاماژەن بە دۆخی پێگەیشتنی کیرۆجین لەرووی گەرمییەوە. ئەگەرێکی تری دروستبوونی ئەوەیە کە ئەو زیندەوەرانەی ڤانابینیان تێدایە ناوەڕۆکی ئەو ئاوێتانە جیادەکەنەوە کە کلۆرینیان تێدایە و بە ناوەندی ڤانادیۆم جێی دەگرنەوە، بۆ ئەوەی وزە لە ڕێگەی ئاڵۆزییەکانی دروێنەکردنی ڕووناکیەوە ببەستنەوە. بیردۆزەکە ئەوەیە کە بەکتریاکانی کە لەناو کرمدا هەیە، وەک ڕۆدۆپسۆدۆمناس پالوستریس، ئەمە دەکەن لە ماوەی شێوازی فۆتۆتۆترۆفیزم لە مێتابۆڵیزمدا. بە تێپەڕبوونی کات، کۆکردنەوەی ڕووناکی، بەکتریاکان بەهێز دەکەن و کیرۆجین دروست دەکەن.
جۆرەکانی کیرۆجین
کیرۆجین چەند جۆرێکی هەیە، جۆری ئەو کیرۆجینەی کە لە پێکهاتەی بەردێکی دیاریکراودا هەیە، پشت بە چەند لایەنێک دەبەستێت کە ئەوانیش: جۆری ئەو ماددە ئەندامییە کە لێوەی دروست بووە، ئەو پلەی گەرمی و پەستانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەروەها ئەو ماوەیەی کە پڕۆسە جیۆلۆجییەکەی تێیدا ڕوویداوە. کیرۆجینی گۆڕاو تێکدەشکێت بۆ بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆنی شل (واتە نەوت)، کیرۆجینی ناجێگیر گاز بەرهەمدەهێنێت و کیرۆجینی سست کە توانای کارلێکی کیمیایی نەبێت گرافیت دروست دەکات. هێڵکاری ڤان کرێڤێلن یەکێکە لە ڕێگاکانی پۆلێنکردنی جۆرەکانی کیرۆجین، کە بەپێی ڕێژەی هایدرۆجین بۆ کاربۆن و ئۆکسجین جیاکراونەتەوە.
جۆری یەکەم (ئەلگال/ ساپرۆپێلیک): ڕێژەی هایدرۆجین بۆ کاربۆنیان بەرزە (H/C) و ڕێژەی ئۆکسجین بۆ کاربۆنیان کەمە (O/C). چەند پێکهاتەیەکی گەردیلەیی هەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەلگی (قەوزە و ڕووەکی ئاویی)ی ئاوی شیرین وەرگیراوە کە لە نیشتووەکانی دەریاچە بێ ئۆکسجینەکاندا هەن، بە دەگمەن لە ژینگە ئاوییە سوێرەکانی زەریا و دەریادا هەن. پێکهاتووە لە ئەلگینایت، ماددەی ئەندامیی نابلووری، سیانۆبەکتریا، قەلەگی ئاوی شیرین و بەشێکی کەم لە ڕووەکی سەر زەوی. بە شێوەیەکی سەرەکی لە پڕۆتین و چەوری دروست بووە. ئەو بەردانەی ئەم جۆرە کیرۆجینە لەخۆدەگرن، بەهۆی شیبوونەوەی ماددە ئەندامییەکان بە گەرمی، گەورەترین بڕی هایدرۆکاربۆنی شل (نەوت) بەرهەم دەهێنن.
جۆری دووەم (پلانکتۆنی): جۆری دووەم بە ڕێژەی مامناوەندی هایدرۆجین بۆ کاربۆن H/C و بەهەمان شێوە ڕێژەی مامناوەندی ئۆکسجین بۆ کاربۆن O/C ناسراون. بە شێوەیەکی سەرەکی لە ماددە ئەندامییەکانی پلانکتۆن و قەوزە زەریایی و دەریاییەکانەوە وەردەگیرێت، کە لە ژینگە نیشتەنییەکان کەڵەکە بوون. لە جۆری دووەمی کیرۆجین ڕێژەی پێکهاتە گۆگردییەکان بە شێوەیەکی گشتی بەرزترە لە جۆرەکانی تر، گۆگرد بە بڕێکی بەرچاو لە بیتومین (قیری سرووشتی)دا دەدۆزرێتەوە. ئەم جۆرە نەوت و گازی سرووشتیش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام بڕی نەوتەکەی لە جۆری یەکەم کەمترە.
جۆری سێیەم (پەیین): بە ڕێژەی نزمی هایدرۆجین بۆ کاربۆن H/C و ڕێژەی بەرزی ئۆکسجین بۆ کاربۆن O/C ناسراون. جۆری سێیەم لە ماددەی ڕووەکی سەر زەوییەوە دروست بوون، بەتایبەتی لە ئاوێتەکانی وەک سیلیلۆز، لیگنین، تێرپێن و فینۆل. خەڵووزیش کە بەردێکی دەوڵەمەندە بە ماددەی ئەندامی، بە زۆری لە جۆری کیرۆجینی سێیەم پێکهاتووە. ئەم جۆرە گازی سرووشتی بەرهەمدەهێنێت و لە هەندێک بارودۆخی دەگمەنیشدا نەوتی بەرهەمهێناوە.
جۆری چوارەم (پاشماوە/سست): ئەم جۆرەیان بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن جیۆکیمیاگەرە ئەندامییەکانەوە بەکارناهێنرێت، چونکە جیاکردنەوەی جۆری چوارەم لە جۆری سێیەم زەحمەتە. ماددەیەکی سستە کە کارلێکی کیمیایی ناکات، کە هیچ جۆرێکی هایدرۆکاربۆن دروست ناکات، ئەندامی کۆتاییە لەسەر شەبەنگی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆن. ئەم جۆرە لە پێکهێنەرە هەژارەکانی هایدرۆجین پێکهاتووە.