چۆن یارمەتی کەسێک بدەین کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەیە؟

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-08-02-21:45:00 - کۆدی بابەت: 13876
چۆن یارمەتی کەسێک بدەین کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن یارمەتی کەسێک بدەین کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەیە؟ (بە عەرەبی: كيف تساعد شخصًا يعاني من اضطراب الأكل، بە ئینگلیزی: How to help someone with an eating disorder) ئەگەر هاوڕێیەکت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەبوو، وەکو نەمانی ئارەزووی خواردن (Anorexia)، تێرنەخۆری (Bulimia) یاخود کێشەی زۆر خواردن (Binge eating disorder)، بەئەگەری زۆرەوە، ڕەنگە بتەوێت هەموو هەوڵێک بدەیت بۆ چاکبوونەوەیان. ئەوە بزانە تۆ لە ئێستاوە هەنگاوێکی باش و ئەرێنی دەنێیت بە فێربوونی زیاتر دەربارەی کێشەکانی پەیوەست بە خواردن و هەوڵدان بۆ پشتگیریکردنیان، چونکە ئەوە نیگەرانی تۆ پیشان دەدات و یارمەتیت دەدات لە هەستەکانیان تێبگەیت و بزانیت بە چیدا تێپەڕ دەبن.

وەرگرتنی ڕێنمایی لە پزیشک، پەرستاری چاودێری سەرەتایی، یاخود پەرستاری قوتابخانە یاخود زانکۆ باشترین دەرفەتی چاکبوونەوە بۆ هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت دەڕەخسێنێت. هەرچەندە ئەمە دەتوانێت هەنگاوێکی سەخت بێت بۆ کەسێک کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەیە، بۆیە هەوڵبدە هانی بدەیت تا چارەسەر و ڕێنمایی وەربگرێت یاخود پێشنیار بکە لە کاتی چاوپێکەوتن و چارەسەرکردنەکانیان لەگەڵیاندا بیت.

چەند ڕێگایەک بۆ پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنیان هەیە

  • بەردەوامبە لە هەوڵدان بۆ بەشداریکردنیان لە پلان و چالاکیەکاندا، هەرچەندە ڕەنگە دوودڵ بن یاخود نەیانەوێت بچنە دەرەوە و بەشداری چالاکیەکان بکەن، بەڵام تۆ بەردەوامبە و هەوڵبدە هەروەک پێشتر قسەیان لەگەڵ بکەیت و داوایان لێبکەیت. تاکە تووشبـووەکان حەز دەکەن داوایان لێبکرێت تەنانەت ئەگەر ئامادەش نەبن، چونکە وایان لێدەکات وەک تاکێک هەست بە گرنگی خۆیان بکەن.
  • هەوڵ بدە بڕوابەخۆبوونیان زیاد بکەیت، بۆنموونە پێیان بڵێیت کە چەند کەسێکی گرنگن، چەند سوپاسگوزاری هەبوونی ئەوانیت لە ژیانتدا و دڵخۆشیت بە پاڵپشتی کردنیان.
  • کاتیان بۆ تەرخان بکە، گوێیان لێبگرە و هەوڵ بدە ئامۆژگاری و ڕەخنە نەگریت. ئەمە ڕەنگە قورس بێت بۆیان کاتێک تۆ ناکۆکیت لەسەر ئەوەی کە ئەوان دەربارەی خۆیان دەیڵێن یاخود دەیخۆن. لەبیرت بێت، پێویست ناکات هەموو وەڵامێک بزانیت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە پیشانیان بدەیت کە تۆ ئامادەبوونت هەیە و پاڵپشتیان دەکەیت. ئەمە بە تایبەتی کاتێک زۆر گرنگ و ڕاستە کە هەست دەکەیت هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت، هاوڕێیەتی و یارمەتی و پاڵپشتیکردنت ڕەت دەکەنەوە.

چۆن کێشەکانی پەیوەست بە خواردن چارەسەر دەکرێن؟

شێوازی چارەسەرکردن دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری ئەو کێشە پەیوەست بە خواردنەی کە هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت هەیەتی.

ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە خواردن

چارەسەر لەڕێی قسەکردن

بە شێوەیەکی گشتی ئەم چارەسەرە جۆرێک لە چارەسەرکردن لەڕێی قسەکردنەوە لەخۆدەگرێت، چونکە یارمەتیدان لە خواردن و گەیشتن بە کێشێکی تەندروست بەس نییە، هەربۆیە هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت لەگەڵ پزیشکێک قسە دەکات سەبارەت بەو گرفتە سۆزداریانەی کە بوونەتە هۆی تێکچوون و کێشەکانی پەیوەست بە خواردن، هەروەها ڕێگای تەندروستتر فێر دەبن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گرفتانەدا. چارەسەرەکەش ڕەنگە کارکردن بێت لە ڕێگای بەرنامەیەکی ڕێنماییکراوی پشت بەخۆ بەستن.

چارەسەری خێزانی

هەندێک کەس ڕەنگە چارەسەری خێزانی بگرنەبەر، کە جۆرێکە لە چارەسەری بەکۆمەڵ. ئەو کەسەی کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنی هەیە هاندەدرێت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردن و بەڕێوەبردنی ئەو حاڵەتە. چارەسەری خێزانی بەزۆری دایک و باوک و خوشک و برا دەگرێتەوە، بەڵام ڕەنگە هەندێکجار هاوڕێی نزیک یاخود ئەندامانی دیکەی خێزانەکە لەخۆبگرێت.

ماوەی چارەسەرکردن

چارەسەرەکە چەند مانگێک دەخایەنێت، ئەمەش ڕێگە بە هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت دەدات وردە وردە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێت. هەروەها  تا زووتر دەست بە چارەسەر بکەن، هەلی چاکبوونەوەیان زیاتر و باشترە. لە ماوەی چارەسەرکردنیاندا پشکنینی تەندروستی بەردەوامیان بۆ دەکرێت بۆ چاودێریکردنی تەندروستی جەستەیان.

ئایا دەبێت لە نەخۆشخانە داخڵ بکرێن؟

 زۆربەی ئەو کەسانەی کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنیان هەیە پێویست ناکات لە نەخۆشخانە بمێننەوە. ئەوان وەک نەخۆشی دەرەکی سەیر دەکرێن، واتا سەردانی نەخۆشخانە دەکەن بۆ چاوپێکەوتن یاخود هەر چارەسەر وەرگرتنێک. هەندێک لەو کەسانەی کە توشبووی کێشەکانی پەیوەست بە خواردنن بەشێوەیەکی پەڕەسەندووتر یاخود توندتر، پێویستیان بە سەردانی نەخۆشخانە هەیە بۆ چاوپێکەوتنی درێژتر و مانەوەیان لە نەخۆشخانە وەک نەخۆشێکی ڕۆژانە، یاخود دەبێت لە نەخۆشخانە داخڵبکرێن بۆ پاڵپشتی و چارەسەری چڕتر. (کە بە چاودێریی نەخۆشی نەخۆشخانە ناسراوە).

ئایا پێویستە لە نەخۆشخانە سەردانیان بکەم؟

ئەمە بەندە بەوەی کە هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت چی دەوێت، هەست و سۆزی تۆ چۆنە سەبارەت بە سەردانیکردنیان و بنکەی چارەسەرکردن ڕێگە بە چی دەدات، واتا ڕێسا و یاساکانی نەخۆشخانە سەبارەت بە سەندارکەران. پێیان بڵێ کە بیریان لێدەکەیتەوە و حەز دەکەیت سەردانیان بکەیت. ئەگەر ئەمە نەکرا، دەتوانیت هەمیشە پەیوەندییان پێوە بکەیت، پەیام یاخود ئیمەیڵیان بۆ بنێریت، تا ئاگاداربن و بزانن کە هێشتا گرنگییان پێ دەدەیت و ئامادەبوونت هەیە بۆ پاڵپشتیکردنیان.

ئایا دەکرێت خەڵکی توشبوو بە کێشەکانی پەیوەست بە خواردن ناچار بکرێن چارەسەر وەربگرن؟

ئەگەر هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت بڕێکی زۆری لە کێشی دابەزاندبێت، ڕەنگە مەترسی برسێتییان لەسەربێت وتووشی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە توندەکان ببن. ڕەنگە بەهۆی کەمی خۆراکەوە نەتوانن بە ڕوونی بیربکەنەوە و بڕیاری عەقڵانی بدەن، هەربۆیە ڕەنگە ناچار بکرێن بە زۆر بخرێنە ناو چارەسەرەوە بۆ ڕزگاربوونی ژیانیان. لەم حاڵەتانەدا، ڕەنگە پزیشکەکەیان بڕیار بدات بە داخڵ کردنیان لە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پسپۆڕی. ئەمەش تەنها دوای ئەوە ئەنجام دەدرێت کە پزیشک ڕاوێژ بە هاوکارەکانی بکات و هەموویان لەگەڵ بڕیاری پزیشکەدا هاوڕابن. ئەمە پێی دەوترێت هێشتنەوە بە شێوەیەکی یاسایی و بەپێی یاساکانی تەندروستی دەروونی بەڕێوەدەچێت.

ئایا کاتێک دەگەڕێنەوە ماڵەوە چاک دەبنەوە؟

هاوڕێکەت یاخود کەسێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت هێشتا پێویستیان بە پاڵپشتی تۆ هەیە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە کێشەکانی پەیوەست بە خواردنیان هەیە چاک دەبنەوە و فێر دەبن ڕێگایەکی ئەرێنی و تەندرووستر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەکار بهێنن. بەڵام چاکبوونەوە لە کێشەکانی پەیوەست بە خواردن ڕەنگە زۆر قورس بێت و کاتێکی بەرچاو بخایەنێت. هاوڕێ یاخود لایەنێکی پەیوەندیدار بە ئەندامانی خێزانەکەت ڕەنگە بگەڕێنەوە بۆ هەڵسوکەوتە کۆنەکانیان لەهەندێک کاتدا، یاخود دوبارە ڕووبەڕووی قۆناغەکانی سەرهەڵدانی نەخۆشیەکەیان ببنەوە، لەماوەی چاکبوونەوەیان.

ڕەنگە بەشێکیان بیانەوێت باشتر ببن، لە کاتێکدا بەشەکەی تر زۆر دەترسن لە دەست بەرداربوونی ئەو کێشانەی کە هەیانه پەیوەست بە خواردن. ڕەنگە لەگەڵ بیرکردنەوەکانی وەک "دەمەوێت باشتر بم، بەڵام نامەوێت کێشم دابەزێنم یاخود کێشم زیاد بکەم" کێشەیان هەبێت. بێگومان پێدەچێت هەم ڕۆژی باش و هەم ڕۆژی خراپ ئەزموون بکەن. ڕەنگە ماوەی فشاری دەروونی ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی کێشەکانی پەیوەست بە خواردن زیاتر بکات. گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە و هەستی کەسانی تووشبوو هەرگیز ئاسان نییە و کاتی دەوێت.


سەرچاوەکان



76 بینین