کۆچەر بیرکار

له‌لایه‌ن: - محەمەد دادکوش محەمەد دادکوش - به‌روار: 2024-08-18-14:12:00 - کۆدی بابەت: 14198
کۆچەر بیرکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆچەر بیرکار (بە ئینگلیزی : Caucher Birkar) ناوی تەواوی (فەرەیدوون درەخشانی : Fereydoun Derakhshani)یە، ڕۆشنبیر، بیرکاریزان و زانایەکی داھێنەری بواری بیرکارییە، دانیشتووی وڵاتی بەڕیتانیایە و لە ساڵی ٢٠١٨دا مەدالیای فیڵدز بەهۆی بەشدارییەکانی لە بواری ئەندازەیی جەبرییدا بەدەست هێناوە، ئێستا پرۆفیسۆری بیرکارییە لە زانینگەی کامبریج.

ژیاننامە

لە ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی (نێ)ی شاری مەریوان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە خێزانێک لەدایکبووە کە خەریکی جووتیاری و کشتوکاڵ بوون، کۆچەر بیرکار سێیەم منداڵی نێو خێزانێکی شەش منداڵییە؛ ئەم خێزانە پێداویستییەکانی ژیانیان لەڕێگەی (کشتوکاڵ، چاندنی گەنم و سەوزەوات)ەوە دەستەبەر کردووە.

بیرکار لە منداڵیدا لەنێو ژیانێکی دژوار و ناھەموار گوزەری کردووە، چونکە لەو کاتەدا و ڕێک لەدوای لەدایکبوونییەوە شۆڕشی (کۆماری ئیسلامیی ئێران) لە ناوخۆدا سەری ھەڵدابوو، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە شەڕی نێوان (عێراق-ئێران) کاولکارییەکی زۆری نابووەوە؛ سەرەڕای ئەم ھەموو ئاڵنگاری و ئاستەنگییانە، خێزانەکەی کۆچەر بیرکار توانیبوویان شوێنێکی ئارام بۆ خۆیان و ئەویش دابین بکەن، ھەر وەک بیرکار خۆی دەڵێت: (ڕێک لەدوای لەدایکبوونم شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەستیپێکرد و دواتر جەنگی ئێران-عێراق، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە ھەموو ئەو شتانەی کە پێویستمان بوو بۆ ژیانکردن، خۆمان دابینمان دەکردن، بۆیە توانیمان ڕزگارمان بێت).

ژیانی تایبەت

لە ئێستادا ژیانی ھاوژینی پێکھێناوە و خاوەنی یەک منداڵە.

سەردەمی خوێندنی

پ.د.کۆچەر بیرکار خوێندنی سەرەتایی لە مەریوان تەواو کردووە، ھەروەھا لە کاتی خوێندنی سەرەتایی براکەی وەک مامۆستایەک ھاوکاری بووە و بیرۆکە بنەڕەتییەکانی بیرکاری فێرکردووە، لە قۆناغی ئامادەیی، بیرکار پەڕتووکەکانی بواری بیرکاری لە پەڕتووکخانەکان وەردەگرت و لەم ڕێگەیەوە خۆی بەرەو پێش دەبرد، لەم بارەیەوە خۆی دەڵێت:(دوای تەواوکردنی هەموو ئەو پەڕتووکانە، ئەو بڕوایەم بۆ دروست بوو کە خوێندنەوە بەس نییە، هەروەها ویستم شتی تایبەت بە خۆم دروست بکەم و شتێکی نوێ دابهێنم)؛ پاش خوێندنی ئامادەیی بۆ خوێندنی زانستە بیرکارییەکان ڕووی کردۆتەوە زانینگەی تاران و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست ھێناوە؛ دوای ماوەیەک وەک پەنابەر ڕووی کردۆتەوە وڵاتی بەڕیتانیا، دواتر لە ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٤ لە زانینگەی نۆتینگھام فێرخوازی دکتۆرا بووە و بڕوانامەی دکتۆرای بۆ (ئەندازەیی جەبری* و ئەندازەیی دوو ڕەھەندی*«لقێکی ئەندازەیی جەبرییە») بەدەستھێناوە، کۆچەر بیرکار لەماوەی خوێندنیدا و لەم زانینگەیە (ڤیاچێسلاڤ شۆکورۆڤ)ی ناسی، ھەر ئەمەش بوو وای لە بیرکار کرد ئارەزووی بۆ (ئەندازەیی دوو ڕەھەندی) زۆربێت، چونکە ئەم بوارە لێکۆڵینەوەی زۆر کەمی لەبارەوە کراوە؛ لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە زانینگەی کامبریج.

کارەکانی

کۆچەر بیرکار بەگشتی لەسەر (ئەندازەیی جەبری «Algebraic geometry» و ئەندازەیی دوو ڕەھەندی «Birational geometry») کاردەکات؛ ھەروەھا بەرپرس و داھێنەری ماڵپەڕی (کۆڕی زانیاری و داھێنان) بووە، وە بیرکار لەزۆرێک کۆنفڕانس و کۆبوونەوەکانی بیرکاری لە وڵاتانی جیھاندا بەشداری کردووە.

لەم دواییانەدا بیرکار بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە مۆدێرنکردنی بیرۆکەکان لە بوارەکەیدا لە ڕێگەی کارەکانی لە کامبریج، بەتایبەتی لە ڕێگەی سەلماندنی سنوورداربوونی جۆرەکانی فانۆ، کە لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکرایەوە و بەهۆیەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا میدالیای (فیڵدز)ی پێبەخشرا؛ هەروەها لە پەراوێزی خەڵاتەکەدا باس لە کارە پێشکەوتووەکانی بیرکار لەسەر بیردۆزی مۆدێلی مینیماڵ کراوە.

خەڵات و دەستکەوتەکان

  • خەڵاتی بنکەی بیرکاری پاریس.
  • خەڵاتی لێڤێرھووڵم.
  • خەڵاتی مۆر بۆ وتاری لێکۆڵینەوەیی لە ساڵی ٢٠١٦.
  • خەڵاتی فیڵدز (نۆبڵی بیرکاری) لە ساڵی ٢٠١٨.
    کۆچەر بیرکار لەبارەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە وتوویەتی:(ھیوادارم ئەم خەڵاتە بزە بخاتە سەر لێوی چل ملیۆن کورد).
  • دکتۆرای شانازی لەلایەن زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر لە ساڵی ٢٠١٩.

ڕوونکردنەوەی چەند چەمکێک

ئەندازەیی جەبری Algebraic geometry

لقێکی زانستی بیرکارییە، لە ئاوێتەکردنی چەمکەکانی جەبری پەتی بە تایبەت جەبری ئاڵوگۆڕ، لەگەڵ ئەندازە دێتە ئاراوە. ئەندازەی جەبری، پەیوەندییەکی پتەوی ھەیە لەگەڵ شیکاری ئاوێتە، تۆپۆلۆژی و بیردۆزی ژمارەکان. دەتوانرێت تێکەڵبوونی شارستانییەتەکان لە ئەندازەیی جەبرییدا ببینرێت. جەبر، لێکۆڵینەوەیە لە هاوکێشەکان لە لایەک و ئەندازەیی کە لێکۆڵینەوەیە لە شێوەکان، لە لایەکی ترەوە. ئەو دووانە گۆشەنیگای جۆراوجۆر لەسەر هەمان پرسەکان دەخەنە ڕوو. یان بەشێوەیەکی تر دەتوانین بڵێین: هەوڵدەدات لە تەنە ئەندازەیییەکان بکۆڵێتەوە، بە بەکارهێنانی هاوکێشەیەک کە ڕوونیان دەکاتەوە. ئەم بابەتە لە خوێندنگاکان دەخوێندرێ و خوێندوومانە.

نموونەیەکی بەشێوەی ھاوکێشە:

            y=2x-3

ئەگەر شیکاری ئەم ھاوکێشەیە بکەیت، هێڵێکی ڕاستت چنگ دەکەوێت کە شێوەیەکی ئەندازەیی هەیە. ئەم دوو ڕوانگەیە بە باشی پێکەوە کار دەکەن. یانۆس کۆلار، بیرکاریزان لە زانکۆی پرینستۆن ڕایگەیاندووە:(هەندێک جار پرسیارێکی جەبریی دەتوانرێت بە شێوازی ئەندازەیی چارەسەر بکرێت و هەندێک جاریش پرسیارێکی ئەندازەیی بە شێوازی جەبری چارەسەر بکرێت).

ئەندازەیی دوو ڕەھەندی Birational geometry

لە بیرکاریدا، ئەندازەیی دوو ڕەهەندی بوارێکی ئەندازەیی جەبرییە کە ئامانج لێی دیاریکردنی ئەوەیە کەی دوو جۆری جەبریی لە دەرەوەی ژێر کۆمەڵە ڕەهەندە خوارەوەکان هاوشێوەن.

خەڵاتی فیڵدز (نۆبڵی بیرکاری) Fields Medal

خەڵاتێکە کە دەدرێ بە دوو، سێ یان چوار بیرکاریزانی خوار تەمەن ٤٠ ساڵ لە کۆنگرێسی نێونەتەوەییدا لەلایەن ڕێکخراوی "یەکیەتیی بیرکاریانەی نێونەتەوەیی"، کە کۆبوونەوەیەکە چوار ساڵ جارێک ڕێک دەخرێت. لە خەڵاتی ٢٠١٨دا پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار یەکێک بوو لە وەرگرانی خەڵاتەکە.


سەرچاوەکان



407 بینین