دەماخ لە دەمارە كۆئەندامدا

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-18-00:27:00 - کۆدی بابەت: 480
دەماخ لە دەمارە كۆئەندامدا

ناوه‌ڕۆك

پێكهاتەی دەمارە كۆئەندام

دەمارە كۆئەندام تۆڕێك خانەی بەرز ڕێكخراون چاودێری گۆڕانەكان و پەیوەندی نێوانیان دەكەن، هەروەها كۆنترۆڵی چالاكی لەش و فرمانی دەماخ و زیندە چالاكییەكان دەكەن، دەمارە كۆئەندام دەكرێـت بە دوو بەشی سەرەكی: ناوەندە كۆئەندامی دەمار و چێوە كۆئەندامی دەمار.

ڕێكخستنی دەمارە كۆئەندام

ناوەندە كۆئەندامی دەمار لە دەماخ و دركەپەتك پێك دێت. دەماخ ناوەندی كۆنترۆڵە لە دەمارە كۆئەندامدا، بەڵام دركەپەتك دەمارە ڕاگەیاندنەكان لە نێوان لەش و دەماخدا دەگوازێتەوە. دەماخ دەمارە ڕاگەیاندنە هاتووەكان لە لەشەوە لێك دەداتەوە و وەڵامە ڕاگەیاندنەكان لە ڕێگەی دركەپەتكەوە بۆ هەموو بەشەكانی لەش دەنێرێتەوە.

چێوە كۆئەندامی دەمار لەو دەمارە خانانە پێكدێت كە زانییارییەكان لە لەشەوە كۆدەكەنەوە و دەیگوازنەوە بۆ ناوەندە كۆئەندامی دەمار. هەندێكی دیكە لە چێوە دەمارە خانەكان زانیاری لە ناوەندە كۆئەندامی دەمارەوە بۆ لەش دەگوازنەوە، ئەم خانانەش ناودەبرێت بە دەمارە خانەی دەرچوو.

دەماخ

دەماخ چاودێری كردارەكانی ڕۆژانی لەش دەكات، بڕێكی زۆر لە ڕاگەیاندنەكان لێك دەداتەوە. ناوەندەكێشی دەماخ لە كەسێكی پێگەیشتوودا دەگاتە 1.4 كگم، واتە 2% كێشی گشتی لەشە. لەگەڵ بچووكی بارستە ڕێژەی دەماخدا بەڵام 100 بلیۆن دەمارە خانەی تێدایە كە هەموویان وەكو یەكەیەك كاردەكەن.

دەماخ بەرپرسیارە لە زۆر لەو سیفەتانەی كە كەسێك لە كەسێكی دیكە جیادەكاتەوە، وەك هزر و هەست و یادكردنەوە و بەهرەمەندی و سۆز ، هەر بۆ زانین زۆربەی دەماخ، تایبەتە بە ڕێكخستنی كاری لەش و پارێزگاری لە هاوسەنگی ناوەكی. دەماخیش لە چوار بەشی سەرەكی پێك دێت كە ئەمانەن.

مێشك

 گەورەترین بەشی دەماخ مێشكە، بە ئاسانی دەناسرێتەوە لە ڕێی چینە دەرەكییە زۆر لۆچدارەكەی ئەویش لە دوو نیوەگۆی مێشكی پێكهاتووە، كە بەهۆی تەنی كالۆسەمەوە پێكەوە بەستراون، ئەویش گورزەیەكە لە تەوەرەی دەمارەخانە پێك دێت، دەكەوێـتە ناوەندە كەندەیەكی قوڵەوە كە هەردوو نیوە گۆی چەپ و ڕاست لێك جیا دەكاتەوە ، كەندەكەكانی دیكە هەر نیوە گۆیەك دابەش دەكەن بۆ چوار پل، ئەوانیش  ناوچاوانە پل و و دیوارە پل و لاجانگە پل و پشتە پلن.

چینی دەرەوەی مێشك ناودەبرێت بە توێكڵی مێشك بە چڕی لۆچدارە لە ماددەیەكی خۆڵەمێشی پێك دێت. كە پێكهاتووە لە لەشی دەمارە خانەكان و تەوەرەوەی بێ مایلینی هەندێك لە خانەكان. چڕی لۆچەكان ڕوبەری ڕووی توێكڵ زیاد دەكەن. ژمارەی خانەكان لە توێكڵدا لە نێوان 10% و 20% كۆی ژمارەی دەمارە خانەكانی دەماخە، دەردەكەوێت بەشە جیاوازەكان لە توێكڵی مێشكدا ڕاگەیاندنەكان و جووڵە وەڵامە هاتووەكانی لەش كۆنترۆڵ دەكەن. هەر بۆ نموونەش ناوچەی توێكڵ كە تێیدا تێگەیشتنی بەركەوتنە ڕاگەیاندنەكانی تێدایە دەكەوێتە دیوارە پلەوە.

بەڵام هەموو ئەم بەشانە لە هەردوو نیوە گۆی مێشكدا لێكناچن. ئەو دوو ناوەندەی كۆنترۆڵی دووان و زمان دەكەن دەكەونە نیوە گۆی چەپی مێشكەوە، بەڵام ئەو ناوەندانەی كە دەست دەگرن بەسەر چارەسەر كردنی جێشوێن و تێگەیشتن لێی، و وە چارەسەركردنی بیركردنەوەی ژیرانە، دەكەونە نیوە گۆی ڕاستی مێشكەوە. بەڵام لە كەسێكی چەپەدا فرمانی ئەو ناوەندە ناوچانە جیاوازە.

لە ژێر ڕووی توێكڵی مێشكدا ماددەیەكی سپی هەیە لە تەوەرەی مایلینی پێك دێت. ئەم تەوەرانەش ناوچە دیاریكراوەكانی توێكڵ بە یەكەوە و بە ناوەندە دەمارییەكانی دیكە دەبەستنەوە. ئەم تەوەرانە كاتی هاتنە ناوەوەیان لە لەشەوە بۆ دەماخ یەكتر دەبڕن، چارەسەركردنی ئەو ڕاگەیاندنانەی كە لە نیوەی ڕاستی لەشەوە پەیدا دەبن لە نیوەی چەپی دەماخدا دەبێت وە پێچەوانەش ڕاستە.

 نێوانە دەماخ

نێوانە دەماخ، ئەو بەشەیە كە دەكەوێتە نێوان مێشك و قەدی دەماخ. ئەمەش ناوەندەكانی گەیاندنی دەمارە ڕاگەیاندنە هاتووەكان و دەرچووەكانی دەماخی تێدایە، كە ئەمانە دەگرێتەوە: لانك كە زۆربەی هەستە دەمارە ڕەگەیاندنەكان ئاڕاستەی ناوچەی تایبەت مەند لە توێكڵی مێشكدا دەكات. هەروەها ژێر لانك دەگرێتەوە كە یارمەتی پاراستنی هاوسەنگی ناوەكی دەدات و دەست دەگرێت بەسەر دەردانی زۆربەی لشە هۆرمۆنەكان بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ.

قەدی دەماخ

قەدی دەماخ، مێشك بە دڕكە پەتك دەبەستێتەوە. قەدی دەماخ ناوچەیەكی تەسكە دەكەوێتە ژێر نێوانە دەماخ و لە سێ بەش پێك دێت، ئەوانیش: ناوەڕاستە دەماخ و پرد و لاكێشە مۆخن. ناوەڕاستە دەماخ بینین و بیستنە ڕاگەیاندنەكان دەگەیەنێتە ناوەندە تایبەتمەندەكان. پردیش بە یەك گەیشتنی نێوان هەردوو نیوە گۆی مێشك و مێشكۆڵە دابیندەكات، بەڵام لاكێشە مۆخ وەكو ناوەندێكی كۆنترۆڵی تێكڕای لێدانی دڵ و هەناسەدان كاردەكات، وە لە چالاكی دیكەش پەیوەندییان بە هاوسەنگی ناوەكییەوە هەیە.

مێشكۆڵە

دەكەوێتە لای خوارەوەی مێشك لە دیوی پشتەوەی وە بە ڕووە لۆچدارەكەی جیادەكرێتەوە، كە یارمەتی ڕێكخستنی كاری ماسولكەكان دەدات و پێشوازی دەكات لە هەستە دەمارە ڕاگەیاندنە هاتووەكان لە ماسولكەكان و ژێی ماسولكەیی، و جومگە و چاو و گوێیەكانەوە وە هەروەها ڕاگەیاندنەكان لە ناوەندەكانی دیكە لە دەماخدا . ئەویش چارەسەری ڕاگەیاندنەكانی تایبەت بە باری لەش دەكات و دەست دەگرێت بەسەر شێوەی لەش و مانەوەی پەیكەرە ماسولكەكان لە باری گرژبونێكی كەمی هەمیشەیی دا . مێشكۆڵە جوڵە بەردەوام و خێراكان ڕێكدەخات. ئەو بە ڕێككەوتن لەگەڵ قەدی دەماخ و توێكڵی مێشك كار دەكات ، بۆ ڕێكخستنی پەیكەرە ماسولكەكان .

دڕكە پەتك

دڕكە پەتك ستوونێكە لە دەمارە شانە، لە لاكێشە مۆخەوە دەست پێ دەكات بەرەو خوارەوە بە بڕبڕەی پشتدا درێژ دەبێتەوە، دەمارە ڕاگەیاندنە هاتوو و دەرچووەكان، دەگوازێتەوە. دڕكەپەتك، پێكدێت لە دەرە چینێك لە ماددەیەكی سپی و ناوە چینێك لە ماددەیەكی خۆڵە مێشی ، كە پێكدێت لە لق و پۆپ و تەوەرە بێ مایلینییەكان و لەشی دەمارە خانەكان.


سەرچاوەکان

154 بینین