گوێدرێژ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-17-14:56:00 - کۆدی بابەت: 604
گوێدرێژ

ناوه‌ڕۆك

گوێدرێژەکان

گوێدرێژ یاخود کەر (بە ئینگلیزی: donkey)، بە ئەندامێکی خێزانی ئەسپەکان پۆلێندەکرێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و لە سەرەتادا لە ڕۆژئاوای ئاسیا و میسڕ ماڵیکراوە، و نشینگەکەی دەکرێت هەموو ناوچەکانی جیهان بگرێتەوە جگە لە جەمسەرە بەستووەکان، واتە دەکرێت بیابانەکانی ئەفریقا بێت یاخود لەوەڕگا و نزیک دەریاچەکانی ئاسیا، بەناوبانگە بە دەنگە تایبەتەکەی کە سەڕاندنە، ئەم ئاژەڵە بە ئاسانی توانای ڕاهاتنی هەیە لەگەڵ خاوەنەکەی، یان ئەو گیانەوەرانەی دیکە کە لە لەوەڕگاکەیدا دەژین، بەڵام هیچ حەزی لە ئاو نییە و کاتێک ناچار بکرێت بەسەریدا بپەڕێتەوە ئینکارییەکی زۆر نیشاندەدات، گۆشتەکەی لە وڵاتی چین دەخورێت و دەڵێن کە تامەکەی هاوشێوەی گۆشتی مانگایە، لەبەر ئەوەی ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە کاتێک ماڵی دەکرێت و نشینگەکەی بەرتەسک دەکرێتەوە، ئەوا دەشێت توشی ئاستەنگی ببێت لە دۆزینەوەی ژەمە خۆراکییەکانی هەروەها دەکرێت هەست بە بێزاری بکات، و لە ئەنجامدا کاردانەوە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز دەبن، گوێدرێژ ئاژەڵێکی زیرەکە و توانای بیرهاتنەوەی ڕێگەی ئاڵۆزی هەیە کە پێیدا ڕۆشتووە یاخود ناسینەوەی ئەو ڕووخسارانەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ نەیبینیون.

سوودەکانی

لە ڕابردوودا بە گشتی وەک هۆکاری گواستنەوە و زەوی کێڵاندن بەکاردەهات و خەڵکی سوودیان لێ دەبینی، بەڵام لە ئێستادا و دوای ئەوەی هۆکارەکانی گواستنەوە پێشکەوتوون بەکارهێنانیان بۆ ئەو مەبەستە کەمبووەتەوە، زیاتر بۆ پاسەوانی کردنی مەڕوماڵات بەکاردەهێنرێت، یاخود بۆ خۆشڕابواردن بەکاردێت وەک سواربوونی بە تایبەت بۆ منداڵ، یان ماڵیکردنی وەک ئاژەڵێکی بێ زیان و خۆشەویست، هەروەها دەکرێت لەگەڵ ئەسپەکاندا لە هەمان جێگەدا بهێڵرێتەوە، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەسپی توڕە و نائارام و لە ئەنجامدا هێمنکردنەوەی، هەروەها لە ئێستادا لە چەند ناوچەیەک و بە تایبەتی لە چین پێستەکەی لە بواری چارەسەری کلتوریدا بەکاردەهێنن، بەمەش ژمارەیان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدایە و مەترسیان لەسەر دروست دەبێت.  

شێوەی دەرەوەی

گوێدرێژ جیاوازە لە ئەسپ بە ئەوەی کە بەرزییەکەی کەمترە و گوێیەکانی درێژترن، جۆری کێوی درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٢٤ سم و کێشی دەگاتە ٢٥٠ کگم، بەڵام جۆری ماڵیکراو بەگوێرەی گرنگی پێدانی درێژی و کێشی دەگۆڕێت، هەروەها ڕەنگی گوێدرێژ دەکرێت خۆڵەمێشی و ڕەساسی و قاوەیی و سپی بێت، و شیری مێینەکەی (ماکەر) جۆرێکی بەنرخە و ماددەی خۆراکی گرنگی زۆر تێدایە، و لە پیشەسازی جیاوازدا بەکاردێت.

خۆراک

گوێدرێژ گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە و ددانەکانیشی بە جۆرێک دروستبوون کە هاوکارییەتی لە خواردنی ڕووەک، بە گشتی گژوگیا و دانەوێڵە دەخوات، و بە درێژایی ڕۆژەکەی بە شوێن خۆراکدا دەگەڕێت چونکە ژەمەکانی پڕۆتینی کەمە، و زۆرینەی پێکهاتەکانی ڕیشاڵە، بە ئاسانی هەرس دەبن و برسی دەبێتەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

کاتێک گوێدرێژ (نێرینە) یەکگرتن ئەنجام دەدات لەگەڵ ماین بە بێچووەکەیان دەوترێت هێستر، بەڵام ئەگەر گوێدرێژ (مێینە) لەگەڵ ئەسپ یەکگرتن بکات کە ئەمەیان بە دەگمەن ڕوودەدات بە بێچووەکەیان دەوترێت باردۆ، هەردوو بێچووەکە نەزۆکن و توانای زۆربوونیان نییە، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەی کەر ماوەی سکپڕی مێینەکەی نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، و دواتر دایکەکە بێچووەیەکی دەبێت کە پێی دەوترێت جاش یان جاشولکە یاخود جاشکەکەر، و دوای دوو ساڵ بێچووەکە دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن، و توانای زۆربوونی دەبێت، باوەڕ وایە کە ئەگەر گرنگی تایبەت بە بێچووی گوێدرێژ بدرێت ئەوا بە ئاسانی دەبێتە هاوڕێیەکی میهرەبان و بێ زیان، وە بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت چونکە هێمن و بە بەزەییە، و بە بەسەربردنی کات لەگەڵ مرۆڤەکان بێچووەکان چێژ دەبینن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی گوێدرێژ بە نزیکەیی دەگاتە ٣٣ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکانی

گوێدرێژەکان جۆر و نەوەی جیاوازی زۆریان هەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی دابەشدەبن بۆ دوو بەش، گوێدرێژی کێوی و گوێدرێژی ماڵیکراو، کە هەریەکەیان ژمارەیەک لق و جۆری جیاوازیان هەیە، نموونەی جۆرە ماڵیکراوەکان وەک:

  • گوێدرێژی حساوی: بەرزترە لە جۆرەکانی دیکە و ڕەنگی سپییە، لە ڕابردوودا بۆ ڕاکێشانی گالیسکە و وەک هۆکاری گواستنەوە بەکاردەهات چونکە توانا و هێزێکی زۆی هەیە، و هەتا ئێستەش لە ناوچەی هەژارنشین بۆ هەمان مەبەست بەکاردێت.
  • گوێدرێژی ئەسیوبی: لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی و قەبارەیەکی ناوەندی هەیە، و ڕەنگی ڕەساسییە.
  • گوێدرێژی ئەسینارە: قەبارەی ناوەند و بچووکی هەیە و لە نەوەی کەرەکێوییەکانە، بە جۆرێکی دەگمەن هەژماردەکرێت و ڕەنگەکانی سپی و ڕەساسی هەیە.
  • گوێدرێژی پویتو: لە نەوەی ئەو گوێدرێژانەیە کە نشینگەکەیان لە ناوەڕاستی فەڕەنسایە، و یەکێکە لە گەورەترین جۆرەکانی گوێدرێژ.
  • گوێدرێژی قوبروسی: لە ئێستادا بەشێکی دانەبڕاوی کلتوور و مێژووی قوبروسە، قەبارەیەکی گەورە و هێز و توانای بەرگەگرتنی بەرزی هەیە، ڕەنگی قاوەییەکی تۆخە کە نزیک دەبێتەوە لە ڕەش، هەروەها بەکاردەهێنرێت بۆ پەڕاندن لەگەڵ ماین بۆ لەدایکبوونی هەندێک جۆری هێستر.


سەرچاوەکان



2236 بینین