شێخ محمد عبدە

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-19-23:29:00 - کۆدی بابەت: 775
شێخ محمد عبدە

ناوه‌ڕۆك

شێخ مەحەمەد عەبدە
١٨٤٩-١٩٠٥

  وڵاتە خۆشەویستەکەمان جێ نزرگەی پیاو چاکان و زانایان و پاڵەوانان و قارەمانانە و گەلێک ڕۆڵەی زرنگ و بەهۆش و پرعیلمم و زانستی پەروەردە کردووە، و بەهۆی ئەوەی کە زاناکانمان بە دوای عیلم و خوێندندا وڵاتیان بەجێهێشتووە و لە ناو وڵاتەکانی ناوچەی رۆژەهەلاتی ناوەڕاست بەواتا لە ناو وڵاتە موسڵمانەکاندا بڵاوبوونەتەوە، گەلێک زانا و بلیمەتمان هەیە کە لە دەرەوەی ولات لەدایک بوون و، بەڵام پەیوەندیی ئایینی ئیسلامی پیرۆزو گیانی برایەتی و خۆشەویستی وای لێ کردوون کە خۆیان بە بێگانە نەزانن و هەوڵ و کۆششیان بریتی بێ لە خزمەتی عیلم و زانست و ڕێی راست پیشاندان بۆ هەموو هاوڵاتیان و هاوبیرو باوەڕیان.
  شێخ مەحەمەدی عەبدە یەکێکە لەوانە کە تاهەتایە وەک ئەستێرەی پرشنگدار لە ئاسمانی مرۆڤایەتی و ئیسلامدا دەدرەوشێتەوە. شێخ محمد عبدە کوڕی شێخ حەسەن خەیروڵلای کوردییە، باوکی هەر بە ناوبانگی کوردییەوە ناوی دەرکردبوو، محمد عەبدە لە گوندی (شترا) لە وڵاتی میسر هاتۆتە دنیاوە، لە پاش خوێندنی قورئان و سەرەتای زانیاریی عەرەبی، چۆتە (طنطا) پاشان بۆ (جامیعەی ئەزهەر) لە قاهیرە، ئیجازەی زانایی لە ئەزگەر وەرگرتووە، پاش وەرگرتنی دبلۆمی علمیی لە دام و دەسگای دەوڵەتدا کاری کردووە. بەهۆی ئەو بیروباوەڕە تازەو پێشکەوتووییەوە، کە هەیبووە دوور خراوەتەوە بۆ گەلێک شوێن. بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە لەمەشخەڵ هەڵگرەکانی شۆڕشی(عرابی پاشا) بووە، ئیتر لە میسڕی جێی نەبۆتەوە.، و چووە بۆ سوریا،  لە سەرداواکردنی مامۆستا خۆشەویستەکەی(جمال الدین افغانی) چووە بۆ پاریس و لەوێ پێکەوە رۆژنامەی (عروە الوثقی) یان دەرکەردووە. پاشان گەڕاوتەوە بۆ (بیروت) و ئینجا بۆ میسر. لەگێک پایەی دەوڵەتیدا کاری کردووە، تا لە دواییداکراوە بە (مفتی دیاری میسر) ی و لەم وەزیفەیەدا ماوەتەوە تا ساڵی  ١٩٠٥ لە ئەسکەندەرییە بە نەخۆشیی سەرەتانی دڵ کۆچی دوایی کردووە و لە قاهیرە نێژراوە.
   شێخ مەحەمەد عەبدە یەکێکە لە پیاوە عیلمییە هەرە بەرزەکانی سەدەی نۆزدەگەم لە عالەمی دەرەوەدا. بیروباوەڕ و زانیارییەکەی لە هەموو لایەوکەوە بە پەنجە ئیشارەی بۆ دەکرا. کە (جمال الدین) ئەفغانی شوێن هەواری گواستەوە بۆ میس، شێخ مەحەمەد عەبدە بوو بە قوتابییەکی دڵسۆزی ئەو، و ئەویش بوو بە مامۆستایەکی جگەر سۆزەی ئەم لە هەموو روویەکەوە، ئەو وانە وەرگرتنەی لەو مامۆستا بەرزەی کردیە کارێک کە ئاسۆی بیروباوەری ئەوەندەی تر فراوان بێتەوە و روون بێتەوە، لە ماوەی ژیانیدا داواکاری رێکوپێکی کۆمەڵایتی و سیاسی بووە لە عالەمی ئیسلامیدا، دوو باوەری بەرز لە مێشکی (شێخ محمد عبدە) دا چەسپی بوو، یەکێک پێویستی بەینی حکومەت و گەل. کە حکومەت دەبێت داد و عەدل بەرامبەر بە گەل بنوێنێت و گەلیش دەبێت فەرمانبەرداری ئەو حکومەتە بکات، جگە لەمانەش لەگەڵ هاورێکەیدا قاسم ئەمینی کورد یەکێک بوو لە داواکەرانی ئازادی بۆ ئافرەت. ئەم بیروباوەڕانەی بوو کە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانی میسر و سوریا و پاریس باوەشیان بۆ دەگرتەوە، هەر ئەم بیروباوەڕانەی بوو کە جێگای پێ لەق دەکرد لە وڵاتی میسردا.
  شێخ محمد عەبدە بێجگە لەو وتارانەی کە لەبارەی ئیسلامەوە لە رۆژنامەکاندا بەتایبەتی (الوقائح المصریە) و (عروە الوثقی) دا بڵاوی دەکردەوە ئەم بەرهەمانەی تریشی لە ماوەی ئەو تەمەنە کەمەدا لە شوێن خۆی بەجێ هێشتووە:
  ١- تەفسیری قورئان.
  ٢- رسالە التوحید.
  ٣- رسالە الواردات.
  ٤-شرح نهج البلاغە.
  ٥-شرح مقامات بدیع الهمدانی.
  ٦-الاسلام والرد علی منتقدیە.
  ٧- الاسلام والنصرانیە مع العلم و المدنیە.
  ٨- الثورە العرابیە.
 شێخ محمد عەبدە شارەزایی تەواوی هەبوو لە فارسی و عەرەبی و فەرەنسیدا.


سەرچاوەکان

130 بینین