گاریال

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-09-13:53:00 - کۆدی بابەت: 788
گاریال

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جلە تیمساح یان تیمساحی ماسی خۆر یاخود گاریال (بە ئینگلیزی: Gharial)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی خشۆکەکانە، جۆرێکە لە خێزانی تیمساحەکان و یەکێکە لە گەورەترین و گرنگترین خشۆکەکانی خێزانی گار، هەروەها یەکێکیشە لە گەورەترین گیانەوەرەکانی ئاوی سازگاری ئەمریکای باکوور، هەندێک جار بە گار ناودەبرێت کە واتای ماسییە سەرەتایی و کۆنەکان دەگەیەنێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەو جۆرە کۆنانەیە، شێوازی ڕێکخستنی ئێسکەکانی جیاوازە لە جۆرەکانی دیکەی تیمساحەکان هەر بۆیە باوەڕ وایە کە گاریال پێش تیمساحەکانی تر دەرکەوتووە، هەندێک لە زاناکانیش باوەڕیان وایە کە دوای تیمساحەکان دەرکەوتووە چونکە ڕێژەی پڕۆتینی خوێنی کەمە، لە سەرەتادا لە هیندستان دەرکەوتووە و بە دیاریکراویش لە باکووری هیندستاندا، ناوی گاریالیش داتاشراوەی وشەی گاری هیندییە، دەتوانێت بەرگەی پلەی گەرمی و ڕێژەی سوێری جیاوازی ئاوەکان بگرێت، لە ساڵانی ١٩٣٠ بە دواوە هەتا ئێستا بە بەردەوامی ژمارەیان کەمدەبێتەوە، لە ئێستادا تەنها ٢% لە ڕێژە بنەڕەتییەکەیان ماوەتەوە، لەدەستدانی نشینگە و ڕاوکردنی نایاسیی بۆ جل یاخود ڕاوچی ماسییەکان لەگەڵ نەمانی سەرچاوە خۆراکییەکانی هۆکاری سەرەکی مردنیانە، لە ڕیزبەندی ڕێکخراوی ئاژەڵییەکاندا بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە زۆرترین هەڕەشەی لەسەرە و لە دۆخێکی خراپدایە.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی  هەبوونی لەمۆزێکی درێژە کە لە کۆتاییەکەیەوە فراوان دەبێت و ژمارەیەکی زۆر ددانی تیژی تێدایە، هەروەها ئەو ددانانەی کە لە سەرەتا و بەشی یەکەمی لەمۆزیدان گەورەترن بە بە بەروارد بە ئەوانەی کە لە ڕیزەکانی دواوەن، شێوازی گشتی کۆئەندامی هەرسی وەک قرشەکانە و دەتوانێت لە هەردوو ئاو و هەوادا هەناسە بدات، بە گوێرەی نوسراوە زانستییەکان ئەم تیمساحە دەتوانێت بە ڕادەیەک گەشە بکات کە بگاتە درێژییەکەی زۆر، درێژی مێینەکان لە نێوان ٢.٦-٤.٥ مەتر دەبێت و نێرینەکانیش دەگەنە ٣،٦ مەتر، هەروەها دەکرێت کێشی بگاتە ١٤٠ کیلۆگرام، جیاکەرەوە و تایبەتمەندی نێرینە پێگەیشتووەکان هەبوونی تۆپەڵێکی دیارە لەسە لەمۆزیان، ڕەنگی جەستەی بە گوێرەی جۆر و تەمەنی تاکەکان جیاوازە و دەکرێت هەر یەک لە قاوەیی و زەیتوونی بێت، لە ناوچەی سکیدا ڕەنگەکەی کاڵتردەبێتەوە و شێوەی زەرد یان ڕەساسی وەردەگرێت، پێگەیشتووەکان ڕەنگیان تۆخترە و هەرزەکارەکان کاڵترن و خاڵدارن، هەروەها ڕەنگی پشتیان لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بە تەواوەتی نزیک دەبێتەوە لە ڕەش، لە ملییەوە هەتا پشتی بە ستوونی چوار ڕیز لە جووت پوولکەی هەیە.  

خۆراک

گاریال لەمۆزێکی درێژ و تەنکی هەیە کە ١١٠ ددانی تێدایە، پاشان بە سوود وەرگرتن لە ددانە زۆر تیژەکانی شەویلگەی سەرەوەی دەتوانێت نێچیرەکانی ڕاوبکات، هەروەها کاتێک نێچیرێک دەگرێت هاوشێوەی مارەکان نایجوێت بەڵکو ڕاستەوخۆ قوتی دەدات، پاشان لە ڕێڕەوی هەرسیدا پارچە پارچە دەبێت و هەرس دەبێت، ژەمە خۆراکییەکانیشی بە گشتی ماسی یان باڵندەی ئاوی و مەمکدارە بچووکەکانە، ئەم گیانەوەرە لە ڕابردوودا لەلایەن ڕاوچییەکانەوە بە شێوەی نایاسایی و بە ڕێژەی زۆریان ڕاودەکران، بە مەبەستی وەرزشکردن و بازرگانی، بەڵام لە ئێستادا بە گوێرەی یاسا پارێزراون.  

زۆربوون

تەمەنی پێگەیشتنی گاریالە نێرینە و مێینەکان بە گوێرەی درێژی و قەبارەیان دیاریدەکرێت، نێرینەکان کاتێک دەگەنە درێژی سێ مەتر و مێینەکانیش لە درێژی چوار مەتردا توانای زۆربوونیان دەبێت کە ئەمەش ١٠-١٥ ساڵ دەخایەنێت، شێوازی بانگکردنی نێرینەکان بۆ یەکگرتن زۆر ئاشکرایە کە لە ژێر ئاودا دەنگی زرنگانەوە و لەرینەوە دەردەکەن لە شێوەی بڵقە خیزە، نێرینە تاکەکان چەندین کیلۆمەتر دەبڕن بۆ ئەوەی بگەن بە کۆمەڵەی مێینەکان، دوای یەکگرتن گاریالەکان بۆ دروستکردنی هێلانە و دانانی هێلکە دەچێتە دەرەوە لە ئاو، جێگەی دروستکردنی هێلانەکەی دەبێت لەسەر زەوییە شێدارەکان بێت، لە کۆتایی زستاندا یەکگرتن ئەنجام دەدەن پاشان لە بەهاردا مێینەکان هێلکە دادەنێن، هەر جارێک نزیکەی ٢٠-٩٥ هێلکە دادەنێت، قەبارەی هێلکەکان لە هێلکەی هەموو جۆرە تیمساحەکان گەورەترن، ناوەندە کێشی هێلکەیەک بەنزیکەیی دەگاتە ١٦٠ گرام و بەرزییەکەی لە نێوان ٨٥-٩٠ میللیمەترە و پانییەکەشی لە نێوان ٦٥-٧٠ میللیمەتر دەبێت، دوای ٧١-٩٣ ڕۆژ لە مانەوە لەسەر هێلکەکان و بە نزیکەیی پێش هاتنی وەرزی بای ئۆقیانووسی هیندی بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن، لە هەردوو قۆناغی هێلکەیی و بێچوویی گاریالەکان پارێزگارییان لێدەکرێت لەلایەن دایک و باوکیانەوە لە دژی گیانەوەرە دڕندەکان، ڕەگەزی بێچووە گاریالەکانیش هاوشێوەی زۆرینەی خشۆکەکان بە هۆی پلەی گەرمی لانەکەیانەوە دیاریدەکرێت، لە ساڵی یەکەمی تەمەنیاندا بێچووەکان لە ئاوی تەنک و لیتاودا دەمێننەوە، دواتر کە گەشە دەکەن و گەورەتر دەبن دەچن بۆ ئاوی قوڵتر.


سەرچاوەکان



1345 بینین