چیرۆکی ماسی

له‌لایه‌ن: ئاکار قطب الدین - به‌روار: 2020-12-29-00:43:00 - کۆدی بابەت: 937
چیرۆکی ماسی

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی ماسی

بۆ یەکەمین جار ماسی پێش (٣٠٠٠) ملیۆن ساڵ لە دەریادا دەرکەوت، زۆرێک لە زیندەوەرە غەریبەکان تووشی لە ناوچوون و فەوتان بوون، بەڵام وا دیارە سروشت ماسی زۆر خۆش ویستووە، چونکە لە هەموو جۆری زیندەوەرە بڕبڕییەکان، ماسی لە هەموویان ژمارەی زیاترە، زاناکان دەتوانن (٢٠,٠٠٠) جۆری ماسی دەستنیشان بکەن، واتە (٢٠,٠٠٠) جۆر ماسی هەیە لەناو دەریادا، لەو کاتەی ژیان لە دەریاوە بەرەو وشکایی هات، هەندێک لە ماسییەکان بەرەو ڕووبارو دەریاچەکان ڕۆشتن، بەشێکی تریان هەندێک جار لەناو ئاوی شیرین دەمانەوەو هەندێک جاری تر لەناو دەریاکان، زۆربەی جۆرەکانی ماسی لە دەریادا دەژین.
لەگەڵ شارەزاییمان لەبارەی زۆر جۆری ماسی، بەتایبەت ئەوانەی کە بەکەڵکی خواردن دێت و لە شوێنی زۆر نزیک لە وشکاییەوە دەژین بەتایبەت لە ناوچەی ئەفریزی کیشوەرەکان، بەڵام شارەزاییەکی زۆرمان نییە لەبارەی ئەو جۆرانەی کە لە ناوچە قووڵ و دوورە دەستەکانی دەریادا دەژین.
زۆر جۆری ماسی حەزی لە ئاوی فێنکە بۆ مانەوەو زۆربوون، هەندێکی تر حەزیان لە ئاوی ساردە، هەیانە ئەگەر پلەی گەرمی کەمترین گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوا یان ئەو شوێنە بەجێ دەهێڵن یان دەمرن، ئاسایی ماسی ڕوو دەکاتە ئەو شوێنانەی کە خۆراکێکی فرەی تێدایە، بۆیە تێبینی دەکرێت کە دەریای باکوور لە نێوان دوورگەکانی بەریتانیا و ئەورووپا گونجاوترین شوێنە بۆ مانەوە، چونکە خواردنێکی زۆر لە گژوگیای دەریای تێدایە، کە ڕێژەیەکی زۆر لە دیاتۆمات و کۆبیبۆدای هەیە، هەروەها ڕێژەی خوێی ئاو کاردەکاتە سەر زۆری و کەمی ماسی لە شوێنێکی دیاریکراودا، بۆ نموونە: کاتێک ڕێژەی خوێی دەریای بەڵتیک دابەزی، ماسی جۆری ڕەنجە دەریاکەی بەجێ هێشت و زۆرێک لە ماسی جۆری وتر مردن.
دوو جۆر ماسی دەریامان هەیە، یەکێکیان لەسەر ڕووی دەریا دەژیت و خواردن دەخوات، دووەمیان هەر وەکو بەراز دەمی خۆی دەناتە ناو خۆڵ و لمی دەریا بۆ گەڕان بەدوای خواردندا، جۆری یەکەم (بلانکتۆن)ی سەر ڕووی دەریا دەخوات و جۆری دووەمیان کرم و مەحار و مێرووی بنی دەریا باشترین خواردنییەتی، ماسییەکان ڕەنگی تایبەتی ئەو ژینگەیەیان لەخۆ گرتووە کە لەناویدا دەژین بۆ ئەوەی خۆیان لە دوژمنان بپارێزن و هەر کاتێک تووشی ترسێک بوون خۆیان بشارنەوە، بۆ نموونە: ماسی (ئەنمش و ڕەنجە و بوری و مەیاس)، هەموویان وەکو شەپۆلەکانی دەوروپشتیان ڕەنگیان شینی زەیتونییە، ئەمانە یان لەسەر ڕووی دەریا یان کەمێک نزمتر لە ئاستی دەریا مەلە دەکەن، بەڵام ماسی بنی دەریا وەکو (بەکلاهاو ماسی موسن) ڕەنگیان خۆڵەمێشییە یان ڕەشن، ئەو ماسییانەی کە لەنێو شوێنە مەرجانییەکاندا دەژین ڕەنگی بەلکە زێڕینە هەڵدەگرن، هەندێک ماسی هەیە درێژییەکەی تەنها (٢سم)ە، بەڵام ماسی قڕشی نەهەنگی درێژییەکەی (١٥) مەتر زیاترە.
هەندێک ماسی هەیە گیانی بە پولەک داپۆشراوە و هەندێکی تر پێستەکەی زۆر ئەستوورە زبرە وەکو ماسی قرش، کلک و گیانی ماسی هەر یەکە و بەشێوەیەک و شێوازێکە، (ماسی خۆر) کێشەکەی (٢) تەنە و کلکی نییە، بەڵام ماسی (مجداف) سەیری بکەی وادەزانی هەموو گیانی کاکە و ئەستوورییەکەی ناگاتە (٥سم)، بەڵام درێژییەکەی (١٠) مەتر، وەکو شریتێکی زیوین لە نێو شەپۆلەکاندا دەدرەوشێتەوە، بۆیە ڕاوچییەکانی نەرویژ پێی دەڵێن: (شای ڕەنجە) ئەم جۆرەی ماسی دەمێکی زۆر لاوازی هەیە.
ماسی (ئەبو صنارە) سەیری دەمی بکەی وادەزانی لەناو لەشیەتی و دەم وەکو داوێکی گەورە دەخاتە ناو ئاوە خۆڵاوییەکان تا ڕاوی مەلی (نەوڕەس) بکات، تەنانەت لەکاتی هەڵکشان و داکشانی ئاودا لە ژێر خۆڵی کەناری دەریا خۆی حەشار دەدات بۆ ڕاوکردن، جارێکیان یەک ماسی لەمانە کە درێژییەکەی یەک مەتر و نیو بوو بە یەک جار(٧٠) ماسی جۆری (ڕەنجەی) قووت داوە.
زۆربەی ماسییەکان لە ڕێگەی کلکیانەوە مەلە دەکەن و باڵەکانی ئەم لاو ئەو لایان بۆ گۆڕینی ئاراستەی خۆیان بەکار دەهێنن، ماسی (الشراع الکبیر) باڵەکانی بەسەر پشتیدا درێژبۆتەوەو شێوەی وەکو (کەشتییە هەواییەکانی) چینی لێهاتووە، ماسی (باڵە فڕ) باڵەکانی باڵندەکانی وشکانی بەکار دەهێنێت بۆ باڵگرتنەوە، ماسی باڵەفڕ لەو کاتەی کە شەپۆلەکان دەبڕێت، دەتوانیت بە یەک فڕین (٦٠) مەتر زیاتر لەناو دەریادا ببڕێت، جاری وا هەیە لە شەودا بەڕێکەوت لەکاتی فڕینیدا دەکەوێتە ناو کەشتییەکانەوە، هەندێک ماسی لە ئاو دەردەچێت و دەچێتە سەر دار و پشوو دەدات، جارێکی تر دەگەڕێتەوە ناو ئاو.
زۆربەی ماسییە گەورەکان هەر وەکو چۆن پشیلە ڕاوە مشک دەکات ڕاوی ماسییە بچووکەکان دەکەن و دەیانخۆن، هەندێک لەو ماسیانە چەکی تایبەتیان هەیە کە زۆر ژیرانە بەکاری دەهێنن، ماسی جۆری (شمشێر) بە ژیری و لێهاتوویی خۆی دەتوانێت ماسی تر ڕاو بکات و بیخوات، ماسی (مەنتە)ی لەڕێگەی باڵەکانییەوە دەتوانێت ڕاوی ماسی تر بکات، ماسی قرشی وا هەیە کلکێکی ئەوەندەی هەموو لەشی درێژە و داسی تیژ دەتوانێت شتی پێ ببڕێت، ماسی جۆری (قوبع اللاذع) خنجەرێکی ژەهراوی بە کلکییەوەیەتی، ماسی جۆری (گوربید---موشک) لە ڕێگەی هێزی کارەباوە کە لە لەشیدایە نێچیرەکەی ڕاو دەکات.
ماسی جۆری (موس) شێوەی ئەوەندە پان و تەنکە، وا دەزانی یەکێک پێی پێدا ناوەو پانی کردۆتەوە، ماسی جۆری (خرمان) دەنووکی هەیە و شێوەیەکی باریک و درێژە، وەک شێوەی مەورەی هەیە، ماسی جۆری (شیشەڵدان) خۆی پڕ دەکات لە هەوا تا وەکو تۆپێکی دڕکینی لێ دێت.
هەندێک جۆری ماسی زەبەلاح بۆ نموونە: ماسی (قفندر) درێژییەکەی دەگاتە (٣) مەتر و کێشەکەی دەگاتە (٣٠٠) کیلۆگرام، جارێکیان ڕاوچییەکان جۆرێکیان لە ماسی (بەکلاە) ڕاو کرد، کێشەکەی گەیشتە (٩٠) کیلۆگرام.
هەندێک جۆری ماسی زۆر تەمەن دەکەن، هەیانە (٥٠) ساڵ لەناو حەوزدا بەخێو کراوە، تەمەنی ماسی لە ڕێگەی پولەکەکانییەوە دەسنیشان دەکرێت.
زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی گەرا دائەنێن، بۆ نموونە: ماسی جۆری ( موسی) یەک ملیۆن گەرا دادەنێت، ماسی ( بەکلاە) ٩ ملیۆن گەرا دادەنێت، هەروەها ماسی جۆری ( خۆر) ٣٠٠ ملیۆن گەرا دادەنێت، هەندێک جۆری ماسی قرش گەراکانیان چەند سانتیمەترێک درێژە و لەناو کیسەیەکی لاستیکیدایە، لە کۆندا پێیان وتووە: (جزلانی دەریا).
ئەو ڕێگەیەی کە ماسی بۆ کۆچکردن لە ئاوێکەوە بۆ ئاوێکی تر نهێنییەکە کە لە نهێنییەکانی سروشت، بۆ نموونە: ماسی جۆری (سلێمان---سەلەموون) ئاوی دەریا بەجێ دەهێڵێت بەرەو ئەو ئاوە شیرینانە کۆچ دەکات کە لە سەرەتادا تێیدا پەروەردە بووە، تا لە کۆتاییدا گۆمی خوازراو دەدۆزێتەوەو گەرای تیا دادەنێت و دواجار دەمرێت، بۆ ئەم مەبەستە ململانێ لەگەڵ تەوژم و شەپۆلەکانی ئاودا دەکات و بەسەر بەردەکاندا باز دەدات، تەنانەت توانای هەیە بەسەر تاڤگەگان سەرکەوێت، تا دەگەنە جێیەی کە خۆیان مەبەستیانە.
بەڵام ئەوە جێی سەرسووڕمانە---ئەوەیە چۆن (ماسی سلێمان) ئەو گۆمە ئاوە دەدۆزێتەوە کە مەبەستیەتی تا گەرای تیا دابنێت، بەڕاستی شتێکە لە دروست کردنی (ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) سەیرترە، چونکە ئەوان هیچ نەخشەیەکیان پێ نییە بۆ ناسینەوەی ڕێگاکە، هەروەها توانای بینینیان لەژێر ئاودا زۆر لاوازە، هیچ کەسێکیش ڕێپیشاندەری نییە، (بەڕاستی مرۆڤ دەبێت بزانێت کە هەموو شتێک خاوەنی هەیە و خاوەنی ماسییانەش خوای گەورەیە کە ئەو بیر و هۆشەی تیایاندا چاندووە بۆ ئەوەی وەکو هەموو زیندەوەرانی تر بەردەوام بن لە ڕەوڕەوەی ژیانی خۆیان، بەڕاستی دونییایەکی سەیر و سەمەرەیە--- کۆچکردنی مارە ئاوییەکانی ئینگلتەرا دیاردەیەکی زۆر سەیرە،کاتێک تەمەنیان دەگاتە (٨) ساڵی، ئەو گۆمە ئاوە بەجێ دێڵێ کە تیایدا ژیاوەو لەو کاتەی دەگاتە گۆی ئاوەکانی دەریا--لەوێوە بەرەو زەریای ئەتڵەسی مەلە دەکات بۆ ئەوەی بگاتە نزیک دوورگەی بەرمۆدا و پاشان بەرەو بنی دەریا دەڕوات، تا گەرا دابنێت و دواتر بمرێت.
ماسی (براکۆدا)ی ماسییەکی دڕندەیەو دوژمنی مرۆڤە، ئەم جۆرە لە کەنارەکانی فلۆریدا دەژیت، ددانی زۆر تیژە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەر مەلەوانەکان، بەڵام خەڵکی لەماسی قرش زۆر دەترسن تاکو لە ماسی (براکۆندا)، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی قرش بێ زیانن، لەگەڵ ئەمەشدا جۆری تری هەیە دڕندەیەو بە (مرۆڤ خۆرەکان) بەناوبانگن.
زۆر جۆری ماسی دەریا وەکو خواردن بەکار دەهێنرێت، بەڵام ماسی جۆری (ڕەنجە) لە هەموو جۆرەکانی تر گرنگترە، خواردنی ماسی (بەکلاە) زۆر بەسوودە بۆ مرۆڤ، هەروەها جۆرەکانی تری وەک، هادۆک و توونە و قفندر و موس .. هتد، خواردنی بەتامن.
هەندێک کەس وەکو ئارەزوویەک مومارەسەی ڕاوە ماسی دەکەن، سوودەکانی ڕاوە ماسی تەنها لەبواری دابینکردنی خواردن بۆ ملیۆنەها کەس ناوەستێت، بگرە سوودی ئابووری تریشی هەیە، لەوانە دابینکردنی هەلی کارکردن بۆ سەدان هەزار کەس، چ وەک ڕاوچی یان وەکو کرێکار لە کارگەکانی دروستکردنی بەلەم و کەشتی تایبەتی ڕاوە ماسی و کەرەستە یەدەکەکانی تری ڕاوکردن و کەشتی، هەروەها پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت بۆ لە قوتوو نان و لە خوێ نان و ساردکردنەوەی ماسی تا بخرێتە بازاڕەکانەوە بۆ فرۆشتن.
هەروەها ماسی ڕۆڵێکی مێژوویی لە زۆر ڕووداودا گێڕاوە، لەوانە گرژی پەیوەندییەکانی ئینگلیز و هەڵەندییەکان لەسەر ڕاوکردنی ماسی لە دەریای باکوور، هەروەها ئەو بارگرژیانەی کە لە نێوان دەوڵەتانی کەناری باکوور و باشووری دەریای ناوەڕاست ڕوویدا بە هۆی دەست درێژکردنی هەندێک لە ڕاوچییەکان لەسەر ناوچەکانی تری ڕاوکردنی ماسی کە سنووری وڵاتی ئەو ڕاوچییانە نییە.
زۆر لە دانیشتوانی ناوچەکانی جیهان پشتیان بە ماسی بەستووە، وەکو خواردنێکی سەرەکی لەوانە دانیشتوانی وڵاتی نەرویج ژاپۆن و چەندەها وڵاتی تر.


سەرچاوەکان

345 بینین