نەخۆشی بەڵەکی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-11-23-23:27:00 - کۆدی بابەت: 10428
نەخۆشی بەڵەکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەڵەکی یان بەڵەک (بە ئینگلیزی: Vitiligo، بە عەرەبی: بهاق) نەخۆشییەکی پێستە کە تێیدا پێست ڕەنگی خۆی لەدەست دەدات بەهۆی نەبوونی بۆیەی میلانین، هەروەها لە کاتی بوونی ئەم حاڵەتەدا کەسەکە زیاتر هەستیار دەبێت بۆ سووتان بە خۆر.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی بەڵەکی بەهۆی نەبوونی بۆیەی میلانین و باش کارنەکردنی میلانینەخانەکانەوەیە، میلانین بۆیەیەکە لەلایەن میلانینەخانەکانەوە دروست دەکرێت لە چینەکانی ژێرەوەی پێستدا و ڕەنگ بە پێست دەبەخشێت بە زۆربوونی ڕێژەکەی ڕەنگی پێستەکە تێرتر دەبێت، نەبوونی میلانین دەبێتە هۆی دروستکردنی دوو ڕەنگی لە پێستدا، هەندێک کات بەهۆی هاتنی کاتی لەدایکبوونی کۆرپە یان زیانگەیشتن بە پێست بەهۆی سووتان یان ماددەی کیمیاییەوە ئەم حاڵەتە دروست دەبێت.

نیشانەکان

بەڵەکی پێست زۆربەی جار سپی یان پەمەییە و ڕەنگی زۆر کاڵترە لە بەشەکانی تری جەستە و چواردەوری ناوچەکە تۆخە و هەندێک جار هەوکردنی تێدا دەردەکەوێت، بەڵەکی نابێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست بەڵام هەندێک جار ناوچەی تووشبووی ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی خورانێکی زۆر، ئەم حاڵەتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و بەڵەکییەکەش زۆربەی کات هەمیشەییە، باوترین ئەو شوێنانەش کە نیشانەی بەڵەکی تێدا دەردەکەوێت بریتین لە:

  • دەم
  • ناو دەم
  • چاو
  • پەنجەکان
  • مەچەک
  • ژێر باڵ
  • بن ڕانەکان
  • ئەندامی زاوزێ
  • بێخی سەر

جۆرەکانی بەڵەکی

بەڵەکی دوو جۆری سەرەکی هەیە کە پێک دێن لە:

  1. دوولایی: باوترین جۆری بەڵەکییە و ٩٠٪ تووشبووان ئەم جۆرەیان هەیە، نیشانەکانیش لە بەشی ڕاست و چەپی کەسەکە دەردەکەوێت و پەڵەی سپیی هاوشێوەن و لە شوێنەکانی وەک (پشتی دەست، قۆڵ، دەوری چاو، ئەژنۆکان، ئانیشکەکان یان پێیەکان) دەردەکەون.
  2. یەکلایی: ئەم جۆرە بەڵەکییە تەنیا لە یەک لای جەستەدا دەردەکەوێت و کەمتر باوە بەراورد بە بەڵەکی دوولایی، لە منداڵاندا باوترە بەراورد بە تەمەنەکانی تر و ٣٠٪ ئەو منداڵانەی حاڵەتی بەڵەکییان هەیە لە جۆری یەکلاییە.

حاڵەتە دژەخۆییەکان

زاناکان پێشبینی دەکەن بەڵەکی دوولایی نەخۆشییەکی دژەخۆیی بێت و بەهۆی پەلاماردانی میلانینەخانەکانەوە لەلایەن بەرگری جەستەوە بە هەڵە ڕوودات، هەروەها دەشێت بەڵەکی ببێتە هۆی نەخۆشییە دژەخۆییەکانی تر وەک سایرۆیدەڕژێنی چالاک بەڵام هەموو لە کەسێکی تووشبوودا ڕوونادات.

هۆکارە مەترسیدارەکان

کۆمەڵێک هۆکار مەترسی دروستبوونی ئەم حاڵەتە زیاد دەکەن وەک:

  • ئەگەر یەکێک لە ئەندامی خێزانەکەت دووچاری بەڵەکی بووبێت
  • لە مێژووی خێزانییدا نەخۆشییە دژەخۆییەکان بوونی هەبێت
  • ئەگەر تووشی نەخۆشییەکی دژەخۆیی تر بووبیت
  • ئەگەر جینەکانت گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت
  • شێرپەنجەکانی پێست

لێکەوتەکان

هەندێک جار بەڵەکی لێکەوتە و کێشەی تەندروستی لێدەبێتەوە وەک:

دەستنیشانکردن

پزیشک دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەڵەکی بناسێتەوە بەهۆی بینینی نیشانەکانەوە، لەوانەیە پزیشک هەندێک پرسیار ئاڕاستەی نەخۆش بکات دەربارەی مێژووی خێزانی و نەخۆشییە دژەخۆییەکانی تر و هۆکاری زیانگەیشتن بە پێست و سووتان بە خۆر و خراپبوونی نیشانەکان و بەکارهێنانی دەرمان، بەکارهێنانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بۆ دڵنیابوونەوە لە هەبوونی بەڵەکی یانیش پشکنینی سایرۆیدە هۆڕمۆنەکان لە نەخۆش داوا دەکات بۆ دیاریکردنی توانای ڕژێنەکە، هەندێک جاریش پشکنینی تر بۆ نەخۆش دەنووسێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی نەخۆشییە دژەخۆییەکانی تر وەک نەخۆشی ئەدیسۆن و شەکرەی جۆری یەک.

چارەسەرەکان

هەندێک جار بەڵەکی نائاسوودەیی بۆ نەخۆش دروست دەکات لەناو خەڵکیدا لەبەر ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، ئەگەر شوێنی بەڵەکییەکە بچووک بێت کرێمی ستیرۆیدی سوودبەخش دەبێت و هانی گۆڕان و تۆخبوونی ڕەنگی پێست دەدات، بەڵام بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی کشان و تەنکبوونەوەی پێستەکە، ئەگەر کرێم سوودی نەبوو چارەسەرکردن بە ڕووناکی بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدرێت بەڵام هەمیشەیی نییە و ناتوانێت بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکە بوەستێنێت.


سەرچاوەکان



3087 بینین