ئیسحاق نیوتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-03-23:41:00 - کۆدی بابەت: 1081
ئیسحاق نیوتن

ناوه‌ڕۆك

ئیسحاق نیوتن ١٦٤٢ - ١٧٢٧ ز

ئیسحاق نیوتن لە سەرەتای یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٦٢٤ز، دوای کۆچی دوایی باوکی، لە دایک بووە. ڕێکەوتێکی زۆر سەیر بووە، لەو ڕۆژەی ئەو لە دایک دەبێت، گالیلۆش دەمرێت، زانایەک دەبێت و زانایەکیش دەمرێت! نیوتن بە یەکێک لە کاریگەرترین زانایانی سەر ڕووی زەوی دادەنرێت. لە سەرەتای منداڵیدا هیچ زیرەکیەکی پێوە دیار نەبووە، تەنانەت بەڕێوبەری قوتابخانە بە دوای دایکیدا دەنێرێت، کە هەتا زووە لە قوتابخانە دەری بێنێت. مامۆستاکانی لە دەستی هەراسان بووبوون، چونکە هیچ بایەخێکی بە وانەکانی نەدەدا و فێری هیچ نەدەبوو.
دایکی بە ناچاری لە قوتابخانە دەری دەهێنێت، پێشبینی ئەوەی بۆ کردووە لە ئایندەدا ببێتە کەشتیوان یان دارتاش، یان کرێکار.
کەچی نیوتن بە جۆرێکی دیکە بۆ جیهانی خوێندەواریی تێ هەڵدەچێتەوە، لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا دەست بە خوێندن دەکات. هەر کتێبێکی بکەوتایە بەردەست دەیخوێندەوە.
دایکی کە دەبینێت ئیسحاق زۆر بە گەرم و گوڕی دەستی بە خوێندنەوە کردووە، بۆچوونی دەگۆرێت و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەینێرێتە زانستگەی (کامبریج). لەوێ یاساکانی ڕووناهیی و تیشکدانەوە دەخوێنێت، بری زانستیی بە تەواوی فراوان دەبێت. 

داهێنانەکانی نیوتن

لە تەمەنی بیست و یەک سالیدا نویتن هەموو بیردۆزەکانی خۆی دانان. سەرەتا بە نهێنی دایدەنان، دوای ئەوەی ناوەڕۆکی زانستییان دڵنیا بوو، بڵاوی کردنەوە. بەشێک لەوانە:

تیۆری کێشکردنی زەوی

لە ساڵانی ١٦٦٤ - ١٦٦٦ز، نیوتن یاسای کێشکردنی زەوی دۆزیەوە. دەگێڕنەوە ڕۆژێک لە ژێر دار سێوێک دادەنیشێت، لە ناکاو سێوێک بەر دەبێتەوە و بە سەری دەکەوێت، بیر لەم حاڵەتە دەکاتەوە، لە دڵی خۆیدا پرسیار دەکات: ئایا ئەم سێوە بۆچی کەوتە خوارەوە؟ بۆچی بەرەو سەرەوە نەڕۆیشت؟ لێرەوە بۆی دەرکەوت هەموو تەنێک هێزی کێشکردنی تەنەکانی دیکەی تێدا هەیە. نیوتن بەمە توانی قانوونی کێشکردنی گشتیی بدۆزێتەوە. ئەم حاڵەتە بە لای ملیۆنان مرۆڤدا تێپەڕیوە، کەچی کەس سەرنجی ئەمەی نەداوە.
نیوتن گوتی: ڕاکێشانێکی ئاڵوگۆڕ کراو لە نێوان خۆر و هەسارەکاندا هەیە، هەر ئەمەیش وای کردووە هەسارەکان لە مەودایەکی هڵیکەییدا بە دەوری خۆردا بسووڕێنەوە.

بیردۆزی جووڵە و داهێنانی تەلیسکۆپ


نیوتن لە کتێبەکەی: (بنچینەی ماتماتیکییەکان بۆ فەلسەفەی سرووشتی)، ڕاڤەی هەر سێ یاساکانی جووڵەی کردووە. لە ساڵی ١٦٦٨ز، نیوتن تەلیسکۆبێکی ئاوێنەداری دروست کرد، هەرچەند قەبارەکەی گەورە بوو، بەڵام لە بەکارهێنانیدا سووکەڵە و ئاسان بوو. بەم تەلیسکۆبە سەیری تەنە دوورەکانی ئاسمانی دەکردن.

ڕەنگەکانی شەبەنگ

یەکێکی دیکە لە دۆزینەوەکانی نیوتن ڕەنگە شەبەنگییەکان بوو، ئەو گوتی: ڕەنگی سپی لە حەوت ڕەنگی شەبەنگیی (پەلکەزێڕینە) پێک هاتووە، ئەوانیش: سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، نیلی، بنەوشەیی.

دانراوەکانی نیوتن

نیوتن لە ژیانیدا چەند کتێبێکی نووسیون، لەوانە: (بنچینەکانی ماتماتیک بۆ فەلسەفەیەکی سروشتی)، لە ساڵی ١٦٧٨ز، بڵاوی کردووەتەوە. لەم کتێبەدا باسی زانستی میکانیک، یاساکانی جووڵە، میکانیکی شلەمەنی، دیاردەی هەڵکشان و داکشان، جووڵەی هەیڤ و هەسارە کلکدارەاکن، دەخاتە ڕوو.
کتێبێکی دیکەی هەیە بە نێوی (ڕووناهیزانی). هەروە کتێبێکی دیکەی بە نێوی (جوڵەی تەنەکان لە ڕێڕەوەکانیان)دا نووسیوە.

پایەی نیوتن

زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین لە بواری زانستدا کەس نەبووە شان لە شانی نیوتن بدات. لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵی بە ئەندامی کۆمەڵەی شاهین هەڵدەبژێردرێت، سەرنجی خەڵکێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. لە ساڵی ١٧٠٣ز، دەبێتە سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە... بە هۆی ئەو پۆستەوە دەستی هاوکاریی بۆ داهێنەر و زانایان درێژ دەکات و گرفتەکانیان چارەسەر دەکات.

کورتەیەک لە ژیانی

- لە ئینگلتەرا لە دایک بووە. لە زانستگەی (کامبریج) زانستەکانی خوێندوون.
- وەک یەکەم کەسی مەزن، لە گۆڕستانی (مرۆڤە مەزنەکان) لە لەندەن نێژراوە.


سەرچاوەکان



9696 بینین