مایکل فارادی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-05-22:54:00 - کۆدی بابەت: 1122
مایکل فارادی

ناوه‌ڕۆك

مایکل فارادی ١٧٩١ - ١٨٦٧ ز

فارادی یەک لەو زانا هەرە مەزنانەیە، کە لە هەموو چاخەکاندا شایەتی مەزنییان بۆ داوە. لە بواری کارەبادا چەندان داهێنانی کردووە، لەوانە، داهێنانی : (ماتۆڵ و مۆلیدە و محەویلە...) بووە، کە تاکوو ئەمڕۆش پێویستیی هەرە سەرەکین لە بەکارهێنانی کارەبادا.
فارادی لە زەمەنی گەنجیدا، لە ڕێگەی چەند ڕێکەوتێک چووەتە نێو  بواری زانستی. ڕێکەوتی یەکەم: لە تەمەنی سێزدەساڵیدا لە کارگەیەکی بەرگکردنی کتێب کاری کردووە، پێش ئەوەی کتێبەکان بەرگ بکات خوێندوونیەوە، بەمە مەیلی زانستیی دەکەوێتە بزاو و تامەزرۆی کارە زانستییەکان دەبێت.
ڕێکەوتی دووەم: دوای ئەوەی دەکرێتە یاریدەدەری زانای کیمیایی (سێر هامڤری داڤی)، زۆر بە تاسەوە گوێ لە موحازەرەکانی داڤی دەگرێت، ئەمەیش دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی بە دوای داهێناندا بگەڕێت. لەگەڵ داڤی سەردانی وڵاتانی ئەورووپا دەکات، ئەمەیش بۆ ئەو هەلێکی باش دەبێت تاکوو دیدەنی زانا بەرزەکانی بواری فیزیا بکات، زۆر شتیان لێ فێر بێت و ئەزموونێکی باش کۆ بکاتەوە، لەم ڕێکەوتەشەوە بەرەو لایەنە هیچ لەسەر نەگوتراوەکانی زانست بخشێت. زۆرینەی داهێنانە زانستییەکانی فارادی لە بیستەکانی سەدەی نۆزدەدا بوون، زۆربەی هەرەزۆریشیان لە بواری کیمیا بوون، نەک فیزیا. ئەو یەکەم کەس بووە (کلۆر)ـی ناساندووە، ئەمەیش هەر بە ڕێکەوت بووە، خەریکی بابەتێکی دیکە بووە، ئەمەی بۆ ڕوون بووەتەوە. بۆ شیکاری بوارە زانستییەکان، توانایەکی سەرسورهێنەڕی هەبووە، زۆر بەر وردی و قووڵی لە بابەتەکانی کۆڵیوەتەوە. لە ساڵی ١٨٢٥ز، بەنزینی دۆزیوەتەوە.

ماتۆڕی کارەبا

فارادی حەزی بە زانستی کارابا دەکرد، پاشخانەکەشی لە زانستی کیمیادا هاوکاریێکی زۆری دەکرد. ئەو هەرچەند زانای کیمیا بوو، بەڵام داهێنانەکانی لە بواری کارەبا ئەویان بە زانای فیزیایی ناساند. لە توێژینەوە بێوچانەکانی، بە داهێنانێکی مەزن گەیشت، ئەویش ئەوە بوو: تەزووی کارەبا دەکرێ بە دەوری موگناتیسێکی چەسپاودا بسووڕێتەوە، هەروە موگناتیسیش دەشێ بە دەوری تەلێکی کارەبادا بسووڕێتەوە، بە مەرجێک تاقیکارییەکە پێچەوانە بکرێتەوە... لێرەوە گەیشتە ئەو هەقیقەتە، کە دەکرێ کارەبا بە جۆرێک لە جوولی موگناتیسی بەرهەم بێنێت، بەڵام ئەو داهێنانەی ئەو،  دە ساڵی دیکەی پێ چوو تا ڕاستیی ئەم تاقیکارییە سەلمێندرا. ئەو یەکەم کەس بوو ماتۆڕی کارەبای داهێنا، هەرچەند هەمان ڕێکەوت زانایەکی دیکەیش (جۆزێف هنری) بەم داهێنانە گەیشتبوو.

یاسای فارادی

فارادی توانی ئەوە بچەسپێنێت کە ڕووناکیی جەمسەرگرتوو بە هۆی موگناتیسەوە کاریگەر دەبێت. دواتر جێمس ماکسویلیش سەلماندی کە ڕووناکیی جۆرێکە لە تیشکی کارەبایی موگناتیسی، بە شێوەیەکی بیرکاری تەفسیری بۆ ئەم باسە کرد و بە قانوونی فارادی نێوی برد.

بە کورتی

- لە ساڵی ١٨٢١ز، بۆ یەکەم جار ماتۆڕێکی کارەبایی داهێنا.
- لە ساڵی ١٨٣١ز، (مۆلیدە) و (محەویلە)ـی کارەبایی داهێنان.


سەرچاوەکان



1488 بینین