ئەستێرەکان چۆن دروست دەبن؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-22-23:25:00 - کۆدی بابەت: 1498
ئەستێرەکان چۆن دروست دەبن؟

ناوه‌ڕۆك

ئەستێرەکان چۆن دروست دەبن؟ ماوەی چەند دەژین؟ پاش مردنیان چیان لی دێ؟

چیرۆکی ژیان و مردنی ئەستێرەکان لە گەردوون لە ژیانە تراژیدیەکەی مرۆڤەکان دەچیت و پێمان دەڵێت هەموو شتێک لەم گەردوونە سەرەتای هەیە و دوای کۆتایی پێدێت.
ئەو ملیارەها گالاکسیەی کە لە گەردوون هەیە هەریەکێکیان بە پلەی یەکەم لە دەیەها ملیار و هەندێکیان لە سەدهاملیار ئەستێرە پێک هاتوون، ئەستێرەکان لە تەمە هایدرۆجینیە گەورەکانی ناو گالاکسی دروست دەبن، بۆ نموونە خۆری ئێمە کە ئەستێرەیەکی ئاساییە لە تەمە هەیدرۆجینێک دروست بووە کە تیرەکەی نزیکەی ٣ ساڵی تیشکی بووە، دوای ئەوەی وردە وردە ئەو تەمە هایدرۆجینیە بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی سوڕانەوەی بە دەوری خۆی و هێزی کێش کردن چر دەبێتەوە، پلەی گەرمیەکەی زیاد دەکات تا زۆربەی هایدرۆجینەکە لە ناوکەکەی کۆ دەبیتەوە و دەبێتە ئەستێرەکە، گەلێک جار لە کاتی دروستبونی ناووکی ئەستێرەکە بەشە بچوکەکانی دەوریشی هەندێکیان تۆپەل تۆپەڵ بە جیا چڕ دەبنەوە و لەبەر بچوکی زوو سارد دەبنەوە و هەسارەکانی دەوری ئەستێرەکە پێک دێنن.
کە پلەی ناووکی ئەستێرەکە گەیشتە ١٠ ملیۆن پلەی سەدی کرداری لێکدانی ناوکی واتە Nuclear.Fusion دەست پێ دەکات، ئەویش بریتیە لە لێکدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین کە دەبێتە دروستبوونی یەک گەردیلەی هیلیۆم و جیاوازی بەرستەکەش دەبێتە ووزە، لەو کاتەوە ئەو ئەستێرەیە دەست بە درەوشانەوە و بڵاوکردنەوەی گەرمی و ووزە دەکات بە چووار دەوری خۆی و تەمەنی دەست پێدەکات.
تەمەنی ئەستێرەکە بەردەوام دەبێت تا هەموو هایدرۆجینەکەی دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم، بۆ زانیاری خۆری ئێمە کە ئەستێرەیەکی مام ناوەندیە نزیکەی ٤٦٠٠ ملیۆن ساڵە دروست بووە و گەرمی و ووزە دەدات، تاوەک ئيستا ٪٢٧ی هایدرۆجینەکەی بووە بە هیلیۆم و ٪٧٣ ی لە ماوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بە نزیکەی پێنج ملیار ساڵی تر هەموو هایدرۆجینەکەی تەواو بێت و ئەو کاتە بە تەقینەوەیەکی گەورە کۆتای پێ دێت، پێش ئەوەی بتەقێتەوە توێکڵەکەی دەرەوەی وەکو تۆپێکی گازی گەورە دەکشێت و تا گۆی زەوی دێت، دوای ئەوە لە تەقینەوەکەیدا کە پێی دەووترێت (سوپەر نۆڤا) کۆتایی پێدێت و هەسارەی عەتارد، زوهرە، زەوی، مەریخ بە تەواوی دەسوتێنێت، بەڵام هەر وەکو ئاماژەم پێکرد ئەمە تاوەکو نزیکەی ٥ ملیار (٥هەزار ملیۆن) ساڵی تر ڕوونادات.
ئەستێرەکان تا بارستاییان زیاتر بێت و گەورەتر بن تەمەنیان کورتتر دەبێت، ئەستێرەی بە قەبارە نزیک لە قەبارەی خۆر نزیکەی ١٠ ملیار ساڵ دەژین، قەبارە زۆر گەورەکان ئەوانەی بارستاییان سەدەها یان هەزارەها ئەوەندەی بارستای خۆرە تەنیا بۆ چەند ملیۆن ساڵێک یان کەمتریش دەژیین و زووتر هایدرۆجینەکەیان تەواو دەبێت و دوای دەتەقێتەوە و کۆتاییان پێ دێت.
هەموو ئەستێرەیەک قەبارە و بارستایی هەرچەندە بێت لە کۆتاییدا دەتەقێتەوە، بەڵام چارەنووسی ئەوەی دەمێنێتەوە لە ناووکی ئەستێرەکە پاش تەقینەوەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بارستای ئەستێرەکە (قورساییەکەی یان بڕی ئەو ماددەیەی کە ئەستێرەکە لێ پێک دێت) لێرەشدا گەردوون ناسان و فیزیاناسان بارستایی خۆر وەکو یەکەیەکی ستاندارد بەرکاردەهێنن.
ئەگەر بارستای ئەو ئەستێرەیەی دەکەقێتەوە لە کۆتایی تەمەنی لە خۆر بچووکتر بوو یان یەکسان بوو یاخوود بارستایی تا ٨ ئەوەندەی بارستایی خۆر بوو ئەوا دوای تەقینەوەکە ناووکی ئەستێرەکە چڕ دەبێتەوە و دەبێتە قەزەمێکی سپی White Dwarf تیرەکەی بە پێی بارستایی ئەو یەستێرەیەی کە دەتەقێتەوە دەگۆڕێت، بۆ نموونە تیرەی خۆر دوای ئەوەی دەتەقێتەوە و دەبێتە قەزەمی سپی نزیکەی تیرەکەی گۆی زەوی دەبێت (نزیکەی ١٢٠٠٠ کیلۆمەتر)، بۆ بەراوردیش ئێستا تیرەی خۆر نزیکەی ملیۆنێک و سێ سەد هەزار کیلۆمەترە (واتە ١٠٩ ئەوەندەی تیرەی گۆی زەوی).
بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیاریەکانی ناسا لەسەر گالاکسی ڕێی کاکێشان (ئەو گالاکسیەی کە ئێمە و کۆمەڵەی خۆری تێدایە) سەدەها ملیار ئەستێرە هەیە پتر لە ٪٩٧ یان دوای ئەوەی کۆتایی پێدێت و دەتەقنەوە دەبنە قەزەمی سپی.
قەزەمی سپی کەمێک درەوشانەوەی دەبێت بەڵام ووزەیەکی ئەوتۆ نابەخشێت چونکە هایدرۆجینەکەی تەواو بووە و کرداری لێکدانی ناووکی تێدا کۆتایی پێهاتووە، قەزەمە سپیەکان بۆ ملیارەها ساڵ ئەو کەمە دراوشانەوەیان دەمێنێت و بە تێپەڕبوونی کات وردەوردە بە تەواوی سارد دەبنەوە و لە کۆتایدا دەبنە قەزەمی ڕەش، هەندێک لێکۆڵینەوە دەریان خستووە کە ئەمە دوای دەیەهاملیار سال روودەدات، خارێ تەمەنی گەردوون کەمە و نزیکەی ١٣.٧ ملیار ساڵ دەبێت، لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ قەزەمێکی ڕەش لە گەردوون درووست نەبووە، بەڵام ئەو ئستێرانەی کۆتاییان هاتووە و بوون بە قەزەمی سپی زۆرن و نزیکترینیان ٨.٥ ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە.
ئەگەر ئەو ئەستێرەی دەتەقێتەوە بەرستاییەکەی لە نێوان ٨ بۆ ٢٩ ئەوەندەی بارستایی خۆری ئێمە بێت، ئەوا دوای تەقینەوەی کرۆکەی یان ناووکەکەی زۆر زیاتر چڕ دەبێتەوە و دبێتە جۆرێک لە ئەستێرە کە پێی دەوترێت ئەستێرەی نیۆترۆنی، تیرەکەی نزیکەی تەنیا ٣ هەزار کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام چڕی و بارستەکەی گەلێک زۆرە، ئەم جۆرە ئەستێرەیە ووزەیەکی ئەوتۆ نابەخشێت بەڵام چڕی هێزی کێشکردنی گەڵیک زۆرە و بە خێرای بە دەوری خۆی دەسوڕێنەوەم لەکاتی سوڕانەوەی بەدەوری خۆی تیشک دەنێرێت بو شێوەی ترپە و بەوە دەناسرێنەوە.
ئەگەر ئەستێرەکە گەورەو زەبەڵاح بوو و بارستاییەکەی ٢٩ ئەوەندە یان زیاتر بوو لە بارستایی خۆر، ئەوا دوای تەقینەوەکەی کرۆکەکەی دەبێتە کونێکی ڕەش Black.Hole لەم حاڵەتەشدا بارستەکە ئەوەندە چڕ دەبێتەوە تیرەکەی لە چەند کیلۆمەترێک بۆ چەند سەد کیلۆمەترێک تێناپەڕێت، بۆ ئەوەی روونی بکەمەوە چڕی کونە ڕەشەکان چەندە ئەگەر گۆی زەوی کە تیرەکەی پتر لە ١٢ هەزار کیلۆمەترە بە هەمان بارستەی خۆی واتە قورسایی خۆی بچووک بکرێتەوە و تێک بشکێنرێت یاخود بپەستێنرێت بۆ قەبارەی تۆپێکی پێ ئەوا چڕییەکە ئەوەندەی چڕی کونی ڕەشی لێدێت.
لەبەر ئەو چڕیە کە یەکجار  زۆرە، هێزی کێشکردنی کونەڕەشەکان ئەوەندە زۆرە تیشکێش لێیان دەرباز نابێت کە خێرای ٣٠٠ هەزار کیلۆمەترە لە یەک چرکە، لەبەر گرنگی و سەرنجڕاکێشی کونە ڕەشەکان لە گەردوون لە بەشێکی تایبەتدا لەم کتێبە بە ووردی باسم کردووە، ئێستا دەرکەوتووە کونە ڕەشەکان لە زۆربەی کونجەکانی گەردوون هەن بە تایبەتی یەکێکی زۆر زەبەلاح لە چەقی هەموو گالاکسیەکان هەیە کە بارستایەکەی پترە لە ملیۆنەها جار لە بارستایی خۆر.


سەرچاوەکان



2394 بینین