ڕێزنەگرتن لە ڕا و بۆچوونەکانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-07-20:47:00 - کۆدی بابەت: 2073
ڕێزنەگرتن لە ڕا و بۆچوونەکانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ڕێزنەگرتن لە ڕا و بۆچوونەکانی منداڵ

رێزگرتن لە منداڵ بریتییە لەوەی دایک و باوک بزانن منداڵ مافی قسەکردنی هەیە، مافی ئەوەی هەیە گوزارشت لە ڕا و بۆچوونی خۆی بکات، بە تایبەتی لە قۆناغی فاماندن، منداڵ مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، منداڵ نابێ لە پێش چاوی خەڵک ڕیسوا بکرێ یان سەرزەنشت بکرێ یان قسەی پێ ببڕێت یان بکرێتەو دەرەوە یان لێی بدرێت و قسەی ناشرینی پێبدرێت و یان گاڵتە بە توانا و بەهرەکانی بکرێت و ....تاد.
بێگومان هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ڕێزنەگرتن لە ڕا و بۆچوونەکانی منداڵ، واتە دایک یان باوک یان هەردووکیان هیچ حیسابێک بۆ منداڵ ناکەن، ڕا و بۆچوونەکانی بەهەند وەرناگرن، پێیان وایە منداڵ مافی ئەوەی نییە ڕا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بە تایبەتی لە قۆناغی فاماندن، بۆیە منداڵ لە چاوی ئەو جۆرە دایک و باوکانەدا کەسێکی بجووکە، تەنانەت  ئەگەر بە تەمەن گەورە و خێزانداریش بێت.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەبوونی هەستی خۆبەگەورە و زلزانین.
  • بەکەمزانینی منداڵ.
  • بەهەڵە سەرەدەریکردن لەگەڵ چەمکە زانستی و پەروەردەییەکان.
  • بەهەڵە بەکارهێنانی پێوەرە پەروەردەییەکان.
  • نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوەی ئەوانی دیکە.
  • هەبوونی کاریگەری کولکتوور و داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە لەسەر خێزان.
  • دوورکەوتنەوە لە بەها مرۆڤی و ئایینییەکانن.
  • ئاشنا نەبوون بە چەمکە شارستانی و مرۆڤییەکان.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • هەبوونی کێشەی خێزانی و کەسۆکی.
  • نەبوونی دونیابینی و ئایندەبینی.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ. 

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک ڕێز لە منداڵ نەگرن و مافەکانی پێشێل بکەن، دواجار هەم منداڵ، هەمیش دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی جیاجیا جەبنەوە، لەوانە:

  • منداڵ کە گەورە دەبێ چاو لە دایک و باوکی دەکات و ڕێز لە کەسانی دیکە ناگرێ.
  • دایک و باوک دەبنە نموونەیەکی خراپ بۆ منداڵ و ئەو نەریتە پشتاو پشت و نەوە بۆ نەوە دەگوازێتەوە.
  • منداڵ هەست بە خۆ بەکەمزانین دەکات.
  • منداڵ بڕوا و متمانەی بەخۆی نابێت و ناتوانێ ببێتە کەسێکی پشتبەخۆبەستوو و لێهاتوو و سەرکەوتوو لە کایەکانی ژیاندا.
  • منداڵ لە وێستگە و قۆناغەکانی دیکەی ژیانیدا، ناتوانێ گوزارشت لە بوونی خۆی بکات.
  • منداڵ هەست بە چەوساندنەوە و زەلیلی دەکات.
  • منداڵ لە مافی قسەکردن و گوزارشتکردنی لە ڕا و بۆچوونەکانی خۆی بێبەش دەبێت.
  • منداڵ دووچاری نیگەرانی دەبێت، هەندێ جاریش دەگاتە ئاستی خەمۆکی.
  • منداڵ هەست بە شەرمنی دەکات و لە کاتی قسەکردندا تەریق دەبێتەوە.
  • لە ڕووی دەروونییەوە منداڵ تێکدەشکێت و کەسایەتییەکەی لەکەدار دەبێت.
  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بە شێوەیەکی تەندروست سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن و منداڵەکانیان هەست بەوە بکەن کە ڕێزیان لێ دەگیرێت، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • دەبێ دایک و باوک پێش هەموو کەسێک ڕێز لە یەکتری بگرن و ڕا و بۆچوونی یەکتری بە هەند وەربگرن، بە تایبەتی لە پێش چاوی منداڵەکانیان، نابێ یەکتری بشکێننەوە، یان گاڵتە بە بۆچوونی یەکتری بکەن، یان بە چاویکی سووک سەیری بۆچوونی یەکتری بکەن.
  • نابێ دایک و باوک بێ ڕێزی بەرامبەر بە منداڵەکانیان بکەن، جا چ بە کردار بێت، یاخود بە گوفتار.
  • دەبێ منداڵەکانیان لەسەر چەمکی ڕێزگرتن لە بەرامبەر ڕابهێنن.
  • دەبێ ڕێزگرتن لە منداڵ، لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتار و گوفتاری دایکان و باوکان ڕەنگبداتەوە، چونکە دایک و باوک وەک ئاوێنە وان بۆ منداڵەکانیان، تاکو چاوی لێ بکەن و ببن بە پێشەنگی چاک بۆیان و خۆیان تێیدا ببیننەوە.
  • دەبێ ڕێزگرتن لە ناخەوە هەڵقووڵابێت و وەک کاڵایەکی ساختە نەکەنە بەر باڵای خۆیان و منداڵەکانیان.
  • دەبێ چاو لە نموونەی باڵا بکەن لە ناو کۆمەڵگەدا و، خۆیان لە لاساییکردنەوەی کوێرانە بپارێزن.
  • ئەگەر جارێک لە جاران ڕا و بۆچوونی مندال بە هەند وەرنەگیرا، یەخود نادیدە گیرا، دەبێ هۆکارەکەی بۆ شیبکرێتەوە، تا هەست بەوە نەکات کە فەرامۆش کراوە.
  • دەبێ دایک و باوک، گەشە بە توانا زەینی و هزری و زانستی و جەستەیی و دەروونییەکانی منداڵ بدەن، تاکو لە چاولێکەری و چەقبەستوویی دوورکەوێتەوە و بەرەو داهێنان هەنگاو بنێ و بىیتە کەسێکی ئایندەساز.


سەرچاوەکان



1548 بینین