ناوهڕۆك
بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بێبەشکردنی منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون. ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- هەژاری و دەستکورتی.
 - فاکتەری کولتوری.
 - پیاوسالاری و گەورە سالاری.
 - کار کردن بە منداڵ.
 - دووردەستی و هەبوونی کێشەی هاتوچۆ.
 - هەست نەکردنی دایک و باوک بە بەرپرسیارییەتی.
 - خەمساردی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
 - بەهەند وەرنەگرتنی خوێندن.
 - دواکەوتوویی و پاشکەوتن.
 - هەبوونی جەنگ و نەبوونی ئاسایش.
 - ئاشنا نەبوون بە مافەکانی مرۆڤ و منداڵ.
 
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەڵبەتە ئەگەر منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون بێبەش بکرێت و لە قوتابخانە دابڕێت، جگە لە منداڵ، دایک و باوکی و کۆمەڵگەش بە گشتی ڕووبەڕووی زیانێکی زۆر دەبێتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- منداڵ لە مافی خوێندن و فێربوون بێبەش دەبێت.
 - منداڵ ناتوانێ بەرگەی تەحەدییاتەکانی ژیان بگرێت.
 - منداڵ بە کولەمەرگی و چەرمەسەری ژیان بەسەر دەبات.
 - بەهرە و توانا زەینی و هۆشی و هزری و زانستییەکانی منداڵ وەک پێویست گەشە ناکەن.
 - منداڵ ناتوانێ وەک پێویست خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگە بکات.
 - منداڵ لە ئاستێکی بەرزی زانستی و ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشی بەهرەمەند نابێت.
 - منداڵ زوو زوو لە لایەن کەسانی دیکەوە دەستخەڕۆ دەکرێت.
 - منداڵ متمانەی بە خۆی نامێنێت.
 - منداڵ لە ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕووی زۆر کێشە و ئاستەنگی جیاجیا دەبێتەوە.
 - کۆمەڵگە لە توانا و وزە و بەهرەکانی بێبەش دەبێت.
 - لە ئایندەدا ناتوانێ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو، منداڵەکانی خۆی پەروەردە بکات.
 
چارەسەری ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی منداڵ لە مافی خوێندنو فێربوون بێبەش نەبێت و بتوانێ لێی بەهرەمەند بێت، پێویستە لەسەر دایکان و باوکان ئەم خاڵانی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:
- دەبێ دایکان و باوکان بۆ خوێندن و فێربوونی منداڵەکانیان، پلان و ئاماجیان هەبێت.
 - خوێندن و فێربوون مافێکی سەرەکی و بنەڕەتی منداڵە، بۆیە نابێ دایک و باوک ئەو مافە لە منداڵ بستێنن.
 - پێویستە دایک و باوکەکان گشت ئاسانکارییەک بۆ منداڵ بکەن، بە ڕەگەزی نێر و مێیەوە، بۆ ئەوەی لە خوێندن و فێربوون دانەبڕێت.
 - نابێ دایک و باوک بە پاساوی هەژاری و دەستکورتی، یان دووری قوتابخانە لە ماڵەوە، یاخود نەریت و کولتەری کۆمەڵگە، منداڵ لە خوێندن و فێربوون بێبەش بکەن، یان لە قوتابخانە دەری بهێنن.
 - نابێ خوێندن و فێربوونی منداڵ بکرێتە قۆچی قوربانی هیچ شتێکی دیکە.
 - دەبێ دایک و باوکەکان هەموو ئەو ئاستەنگ و کۆسپانە وەلاوە بنێن کە دەکەونە سەر ڕێگای خوێندن و فێربوونی منداڵ.
 - نەک هەر نابێ دایک و باوکەکان هۆکار بن بۆ دوورکەوتنەوەی منداڵەکانیان لە قوتابخانە و خوێندن و فێربوون، بەڵکو پێویستە تا ئەوپەڕی توانا، هەوڵدەن باشترین و بەهێزیترین و نایابترین جۆری خوێندن بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر بکەن، تاکو هاوشانی قوتابخانە، بتوانن نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پشتبەخۆبەستوو پێبگەیەینن و تێبگەیەینن.
 
سەرچاوەکان
 9597 بینین