گالیلۆ گالیلی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-11-21:45:00 - کۆدی بابەت: 2164
گالیلۆ گالیلی

ناوه‌ڕۆك

گالیلۆ گالیلی
ز١٥٦٤ - ١٦٤٢ز

زانایی ئیتاڵیی گالیلۆ گالیلی... بە یەکێک لە پەرە پێدەری ڕێکاری زانستی دادەنرێت زیاتر لە کەسێکی تر لەم بوارەدا. ساڵی ١٥٦٤ز لە شاری (بیزا) ی ئیتاڵیا لەدایک بووە. لە تەمەنی لاوێتیدا چۆتە زانکۆی بیزا بەڵام لەبەر دەستکورتی وازی لە خوێندنی زانکۆ هێنا.
لە ساڵی ١٥٨٩زدا لە هەمان زانکۆ پلەی ئەستادی پێدرا، پاش چەند ساڵێكی کەم خرایە ڕیزی دەستەی مامۆستایانی زانکۆی (پادوڤا)وە، تاکو ساڵی ١٦١٠ز لەوێ مایەوە، هەر لەو ماوەیەیشدا زۆربەی نهێنیە زانستیەکانی دۆزییەوە و یەکاڵای کردەوە.

یەکەم هاوبەشی زانستی لە بواری میکانیکدا بوو، کاتی خۆیشی ئەرەستۆ پەی بەو زانستە بردبووو کە دەڵێت تەنە قورسەکان زووترو بە گوڕتر دەکەونە خوارەوە لە تەنە سووکەکان.

ئەم پەی بردنەی ئەرەستۆ بیرکردنەوەی زۆر لە زانایانی نەوەی دوای خۆی گۆش کرد بەڵام گالیلۆ بڕیاریدا بەم بڕوایە بسەلێێت، پاش چەند تاقیکارییەکی یەک لە دوای یەک بۆی دەرکەوت کە ئەرەستۆ بە هەڵەدا چووە، چونکە لە ڕاستیدا تەنە قورسەکان و سووکەکان بە خێراییەکی یەکسان دەکەونە خوارەوە گەر لێکخشاندنی هەوا بەرەنگاری تەنەکان نەبێت، (دەگێڕنەوە گوایە گالیلۆ چەند تاقیکارییەکی بە ئەنجامدا بە خستنە خوارەوەی تەنەکان لە کەڵووە لارەکەی بیزاوە... ئەم گێرانەوەیە لەوەناکات ڕاستی تێدابێت). گالیلۆ کارێکی گرنگی تری بە ئەنجامدا ئەویش دۆزینەوەی (قانونی پشو) بوو. جاران خەڵک لەو بڕوایەدا بوون کە تەنی جوڵاوە دەوازێتە هێواشی و پاشان ڕادەوەستێت گەر هێزیکی تر نەیخاتە  جوڵانەوە. بەڵام تاقیگەریەکانی گالیلۆ ئەو بڕوا باوەی بە هەڵەدا بردو سەلماندی کە ئەگەر هەرچی کۆسپ و تەگەریەکی وەک لێکخشاندن Friction دوور بخرێتەوە ئەوا ئەو تەنە هەرگیز لە خڵوری خۆی ناکەوێت. هەر بەم بنەڕەتە گرنگە بوو کە نیوتن سەر لە نوێ ڕوون و ئاشکرای کردەوە و بە یەکەم قانونی دانا لە قانونەکانی جوڵانەوە کە یەکێکە لە بنەڕەتە بژێوەکانی فیزیکزانیی.
بەناوبانگترین شاکاری گالیلۆ لە بارەی گەردوونەوەبوو، لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەهەمدا بیردۆزە گەردونیەکان لە بارێکی پەشێودا بوون، مشتو مڕێکی توند و تیژ هەبوو لە نێوان پەرەی ئەو بیردۆزەی کە دەڵێت خۆر چەقی گەردوونە، لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا گالیلۆ لە ساڵی ١٦٠٤زدا ڕاستی بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆسی ئاشکرا کرد،
بەڵام ئەو دەمە ڕێگەیەکی وا چنگ نەدەکەوت کە ئەو بیردۆزەیە بسەلمێنێت کە خۆر چەقی گەردوونە. 
ساڵی ١٦٠٩ز بیستی لە هۆڵەندا تەلەسکۆپێکی ستێرناسیی Astronomical Telescope داهێنراوە. هەر چەندە شارەزاییەکی ساکارانە بوو لەو تەلەسکۆپە، کەچی بەزرنگی و بلیمەتی توانی تەلەسکۆپێکی ستێرناسیی گەورەتر و چاکتر لەو تەلەسکۆپەی هۆڵەندا ساز بکات. بەم ئامڕازە نوێیەو بەهرەیەی کە تەرخانی کردبوو لەم بوارەدا توانی سەرنج بداتە ئاسمان، هەر لە ماوەی ساڵێکدا ڕەچەکارێکی تەواوی لە دۆزنیگەری بە ئەنجامدا.

گالیلۆ ڕوانیە مانگ، بینی گۆیەکی لووس نیە بەلکو بریتیە لە دەمە گڕکانیەکان و دۆڵ و چیای بەرز، لەمەوە بۆی دەکەوت کە تەنە ئاسمانیەکانی تریش وەنەبێت سەرتاپا لووس بن بەڵکو هەروەک زەوی چاڵ و چۆڵیان تێدایە.

ڕوانیە کەهکەشان Galaxy, دەریخست کە تەنێکی پڕ لە تەم و مژ نیە بەڵکو پێکهاتووە لە ژمارەیەکی یەجگار زۆر لە ئەستێرە، ئەوەندە دوورن گەر بە چاو سەیربکرێن وا دەزانرێن کە نوساون بەیەکەوە. سەرنجی دایە ئەستێرەی کەیوان Saturn کە چەند بازنەیەک خولی داوە، هەروەها سەنجی دا کە چەند پەڵەیەک Sunspost لەسەر ڕووی خۆردا هەیە. 

گالیلۆ شەش ساڵی بردە سەر بە دانانی گرنگترین کارنامەی بەناوی (ووتووێژێک دەربارەی دوو ڕژێمی سەرەکی لە پساتدا). ئەم پەڕاوە ڕاسترەوی بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس دەخاتە ڕوو بەڵام دەسەڵاتدارانی کەنشتە بە نیازی سزادانی کەوتنە پڕو بیانوو گرتن لێی لەسەر ئەو بیروڕیانەی و هەڵوێستی ڕاستی دەربارەی  بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس پاش بگرە و بەردەیەکی زۆری دادگا سزادرا بەوەی دەبێت  لە پێش خەڵکێکی زۆر  تێروانین و بڕواکانی بە درۆبخاتەوە کە ئەویش خولانەوەی زەوییە بە دەوری خۆردا.

ئەم داناپیرە لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا ناچارکرا کە هەستێت و پێش خەڵکێکی زۆری خۆی بە درۆبخاتەوە بەڵام هەروەک دەگێڕنەوە سەیرێکی زەوی دەکات و بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت (بەڵام.... هێشتا هەر دەخولێتەوە..).

گالیلۆ بە یەکەم لێپرسراوێک دادەنرێت دادەنرێت لە هەڵوێستی تاقیکاری زانستگەریدا هیچ بایەخ  گوێی نەدەدایە ئەو بییرەزانستانەی کە نەدەخرانە ژێر باری تاقیکارییەوە، هەتاوەکوو ئەوانیش کە لە کەنشتەوە دەردەچوو وەیان لە ئەرەستۆوە دەرچووبوو.


سەرچاوەکان



1108 بینین