بۆ سەرناکەوم بەسەر منداڵەکەمدا؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-23:28:00 - کۆدی بابەت: 2263
بۆ سەرناکەوم بەسەر منداڵەکەمدا؟

ناوه‌ڕۆك

بۆ سەرناکەوم بەسەر منداڵەکەمدا

ئەمەیە ئەو دەربڕینە هەڵەیەی کە لەلای زۆرێک لە دایک و باوکان وجودی هەیە، گەر بە نهێنی بێت یان ئاشکرا
گەر سەرنجێکی ژیانی واقیعمان بدەین، زۆرێک لە دایک و باوکان لە دۆخ و حاڵەتی خۆسەپاندن بەسەر منداڵەکانیاندا دەبینین بەبێ ئەوەی سەیری دەرەنجامەکەی بکەین ، لێرەوە دایک وەک نمونە وەردەگرین چونکە دایک قوتابخانەی پەروەردەی منداڵە، دەبینین دایک لەکاتێکدا دەیەوێت وێنایەکی جوانی پڕ شەهامەت و لەهەمان کاتیشدا ترسناک لەدڵی منداڵەکەیدا دروست بکات لەبەرامبەریشدا هونەری دروستکردنی خۆی نازانێت، بۆیە لێرەدا ( شەڕ لەنێوان دایک و منداڵدا، بەگوێ نەکردنی منداڵ لەبەرامبەر فرمانەکانی دایکدا، بەچاوی بێ ڕێز سەیری دایک کردن، قسەی ڕەق و ناخۆش بە دایک وتن...هتد)
دێتە کایەوە کە پێشتر نەبوون، لە دەرەنجامی ئەمانەش زۆر جار لەدەمی دایکان دەبیستین کە دەڵێن (منداڵی ئەم ڕۆژە وەک شەیتان وایە، بێ گوێیە، لاسارە، بێ ئیحترامە، بە قسەی کەس ناکات... )   
بێگومان دروست بوونی حاڵەتێکی لەوجۆرە هەروا بەئاسانی پەیدا نەبووە، جا بۆیە بەپێی توانا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو کە لە گرنگترین هۆکارەکانی دروست بوونی ئەم حاڵەتەن

کەمی هۆشیاری دایکان

لە ئەنجامی کەمی هۆشیاری دایکاندا زۆرجار دایک ناتوانێت یان هەستی پێ ناکات ئەو قۆناخەی منداڵەکەی کە بچوکە و لە بەردەستی دایە بیقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پەروەردەی بکات، وەکو کورد دەڵێن (دار بەتوڵی دەچەمێت) منداڵیش ئەگەر بە منداڵی ئەو پەروەردەی کەخۆت دەتەوێت نەیدەیت کە گەورە بوو ئامادەی وەرگرتنی نابێت.

پشتگیری کردنی دایک بۆ منداڵەکەی لە کاتێکدا باوک لێی توڕە دەبێت

ئەمەش هۆکارێکی تری دروستبوونی ئەو دەستەواژەی سەرەوەیە لە کاتێکدا کە باوک لە منداڵەکەی توڕە دەبێت دایک لەبەر ئەوەی سروشتێکی عاتفی تێدایە، ڕێگەی لێدەگرێت و نایەڵێت باوکەکە بدات لە منداڵەکەی ئەویش وا دەکات هێدی هێدی سام و هەیبەتی باوکەکە لە دڵی منداڵەکەدا ناهێڵێت، وە لە پاش نەمانی گەورەی باوک لە دڵی منداڵەکەدا قەوارەیەک نامێنێت کە ناوی ترس بێت لە دڵی منداڵەکەدا، بۆیە لێرەوە بیرۆکەی ئەنانیەت لە ناخی منداڵدا دروست دەبێت.

دەربڕینی لاوازی خۆی (دایک) لەبەردەم منداڵەکەیدا

 زۆر دایک هەیە لە بەردەم منداڵەکەیدا ئەڵێ (من ژنم توانام بەسەر ئەودا نیە، من بی هێزم ئەو بەهێزە، من بەتەمەنم و ئەو تازە هەڵچوو...هتد) ئەم متمانە سەرەتاییە کە بۆ دەربڕینی بچوکی خۆت و گەورەکردنی بەرامبەرە بچوکەکەتە، کە منداڵ گوێ بیستنی ئەم دەربڕینانە دەبێت وا دەزانێت بووە بە پاڵەوان بەڵام بە خۆی نەزانیوە، بۆیە پەنا بۆ چەسپاندنی بیرۆکەی خۆی دەبات بەردەوام، وەک دکتۆر (سبوک) دەڵێ:
(ان طفل یرید ابا قویا، و یرید اما حازمة).


سەرچاوەکان



578 بینین