چەند ڕێگایەک بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-16-03:20:00 - کۆدی بابەت: 5910
چەند ڕێگایەک بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵ

ناوه‌ڕۆك

چەند خۆراکێک بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵ

زۆرینەی دایکان و باوکان پێیان خۆشە کە منداڵەکەیان باڵای بەرز بێت و هەموو هەوڵێکیان دەدەن بۆ ئەمە، ڕاستە بابەتی بەرزی باڵا پەیوەندییەکی باشی هەیە بە بۆماوەییەوە بەڵام دەکرێت چەند ڕێگایەک یارمەتیدەر بن بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵەکەت کە یەکێکیان خۆراکە.

لە چ کاتێکەوە دەبێت ئاگاداری خۆراکی منداڵ بیت؟

لەوکاتەوەی کە منداڵەکە لە سکی دایکیدایە دەبێت دایکەکە تەواوی هەوڵی خۆی بدات کە باشترین خواردنەکان بخوات و ئاگاداری خۆی بێت، چونکە هەر لە سکی دایکەکەوە خۆراک کاریگەری دەکاتە سەر باڵای منداڵەکە، هەروەها لە لەدایکبوونەوە تاکوو ٢ ساڵی زۆر گرنگە منداڵەکە خۆراکی باش و تەندروست بخوات و دایکەکە ئاگادار بێت کە منداڵەکەی تووشی بەدخۆراکی نەبێت، لە تەمەنی ٤ بۆ ٦ ساڵیش کاتێکی خێرایە بۆ گەشەی منداڵەکان، هەر بۆیە ئەگەر منداڵ لەم ماوەیەدا خۆراکی باش بخوات کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرزبوونی باڵای.

چەند خۆراکێکی تایبەت بۆ بەرزبوونی باڵای منداڵەکەت

شیر یاخود ماست

منداڵی ماوەیەکی زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی ئێسکەکانی جەستە، منداڵ دەبێت ڕۆژانە بڕێکی باش کالسیۆم وەربگرێت و ڕۆژانە ٥ جار ئەو خۆراکانە بخوات کە دەوڵەمەندن بە کالیسیۆم، وەک شیر، ماست، پەنیر، ئەمانە زۆر گرنگن و منداڵەکەت دەپارێزێت لە پووکانەوەی ئێسکەکانی، زۆر گرنگە هەموو منداڵێک ڕۆژانە بڕێکی باش لە شیر و ماست بخوات کە کاریگەرییەکی باشیان هەیە لە بەرزبوونی باڵایدا.

گۆشت و ماسی

گۆشت سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە، هەرچەندە خواردنی لەوانەیە بۆ منداڵ کەمێک قورس بێت بەڵام پێویست دەکات بە هەر ڕێگایەک بووە منداڵ گۆشتی باش بخوات، گۆشت خواردن لەسەدا ١٥ بۆ ٢٠ـی وزەی ڕۆژانە دابین دەکات، ئەگەر منداڵەکەت گۆشتی سوور ناخوات ئەوا گرنکە لەبری ئەوە شیر و هێلکە و ماسی بخوات کە ئەمانەش سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینن و سیستمی بەرگری جەستە بەهێز دەکەن، گرنگە بزانیت کە لە تەمەنێکی منداڵیدا جەستە زۆر پێویستی بە پڕۆتین و ماددەی ئاسنە بە تایبەت بۆ کچان.

نەخواردنی خواردنی ناتەندروست

خواردنە ناتەندروستەکانی وەک چپس و هەموو ئەوانەی کە چەور و سوێرن، ئەم خواردنانە سۆدیۆمی ناو خوێن زیاد دەکەن و کالسیۆم کەم دەکەنەوە، هەروەها بە هەمان شێوە خواردنەوە گازدارەکان و ئاو میوە پڕ شەکرەکان کالسیۆمی جەستە کەم دەکەنەوە، باشترە لەجێی ئەمانە گوێز و چەرەسات بدەیت بە منداڵەکەت.

میوە و ئاو میوە

میوەکان و ئاوی میوە سەرچاوەیەکی باشن بۆ ڤیتامین C، جگە لەوەی کە باڵا بەرز دەکات پێستیش جوان دەکات و ڕەونەقێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت.

سەوزەواتەکان

ئاسن فەرمانی گواستنەوەی ئۆکسجینی ناو خوێنە بۆ خانەکانی جەستە، فایبەرەکانیش پێکهاتەیەکی باش و بەسوودی نێو سەوزەواتەکانن، کە گرنگن بۆ باشتر هەرسکردنی خۆراک، سەوزەواتەکان زۆر گرنن بۆ بەهێزی ماسولکەکان و هەروا بۆ بەرزبوونی باڵا.

ڤیتامین D

بەهەمان شێوە ڤیتامین D ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەهێزی ئێسکەکاندا و لە ئەنجامیشدا بەرزبوونی باڵا، گرنگە ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ خولەک منداڵەکەت بدەیتە بەر تیشکی خۆر، چونکە بڕێکی باشی ڤیتامین D لە خۆرەوە دەست دەکەوێت و دواتر لە خواردن و دەرمانەوە، خۆراکەکانی وەک مریشک و هێلکە و ماسی و جگەر سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین Dـین.


سەرچاوەکان



3269 بینین