ئیمامی جەعفەری صادق

له‌لایه‌ن: - نهاد جه‌لال - به‌روار: 2020-06-14-17:56:00 - کۆدی بابەت: 136
ئیمامی جەعفەری صادق

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن 


ئەم ئیمامە خۆشەویستەی ئێستا باسی دەكەین یەكێكە لە زانا ئازیز و خواناسەكانی موسڵمانان، چونكە جگە لەوەی زانایەكی پایەبەرز و خواناس بووە، باپیرە گەورەی خۆشەویستترین كەسی سەر زەویە، ئەویش پێغەمبەری خوایە، بۆیە پێویستە زۆر زۆر خۆشمان بوێت.


ئەم زانایە ناوی جەعفەری كوڕی موحەممەدە، بەڵام هەر بە جەعفەری صادق ناسراوە، واتە جەعفەری راستگۆ، موحەممەدی باوكی یەكێك بوو لە زانا گەورەكانی سەردەمی خۆی و بە ئیمامی باقر ناسراوە، دایكیشی ناوی ئومموفەروە بوو، دایكیشی بە بنەڕەت دەچوویەوە سەر خۆشەویستێكی گەورەی پێغەمبەری خوا  كە ئەویش ئیمامی ئەبووبەكری صدیق بوو، ئیتر ئەوە شانازیەكی گەورە بوو بۆ جەعفەر كە رەچەڵەكی لە هەردوو سەرەوە دەچوویەوە سەر پێغەمبەر  و ئەبووبەكری صدیق.


جەعفەر لە ساڵی هەشتای كۆچی و لە شارەكەی پێغەمبەردا واتە لە شاری مەدینە لەدایك بوو، هەر لەگەڵ لەدایكبوونیدا لە بنەماڵەیەكی ئایین پەروەر و چاكەخوازدا گەورە بوو، بنەماڵەیەك كە هەموویان زانا بوون، بۆیە هەر كەس لەو بنەماڵەدا گەورە بوایە دەبوو بە زانایەكی گەورە، هەر لە سەرەتاوە زانستی لە باوكی و باپیریشی وەرگرت، بەڵام زۆر لەگەڵ باوكیدا نەژیا، چونكە لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بوو كە باوكی كۆچی دوایی كرد.
جگە لەوە ئیمامی جەعفەر ژمارەیەك لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوای بینی وەك ئەنەسی كوڕی مالیك، هەروەها چەندین فەرموودەی لە هاوەڵانەوە گێڕایەوە كە لە پێغەمبەری خوایان بیستبوو، دواتریش ئەو فەرموودانەی گێڕایەوە هەم بۆ كوڕەكەی خۆی و هەم بۆ ژمارەیەكی زۆر لە زانایان و تا ئەمڕۆش ئەو فەرموودانە لەبەردەستی ئێمەدان، یەكێك لە خوێندكارە شارەزا و لێهاتووەكانیشی ئیمامی ئەبووحەنیفە بوو كە لەم كتێبەدا ژیانەكەیمان باس كردووە.

تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئیمامی ئه‌حمه‌د

ئیمامی جەعفەر زۆربەی كاتی ژیانی سەرقاڵ بوو بە پەرستشی خوا و وەرگرتنی زانست و وانە وتنەوە، هەرچی كاتی ژیانی هەیە یان بەڕۆژوو دەبوو یان سەرقاڵی نوێژكردن بوو، یان سەرقاڵی زیكر و پەرستش بوو، یان سەرقاڵی وەرگرتن و بەخشینی زانست بوو.


ئیمامی جەعفەر هەركات بیویستایە فەرموودەیەك لە پێغەمبەری خواوە بگێڕێتەوە دەبوو دەستنوێژی هەبوایە، ئەگەر دەستنوێژی نەبوایە ئەوە دەچوو دەستنوێژی دەگرت ئینجا فەرموودەكەی دەگێڕایەوە.
جارێك ئیمامی جەعفەر بڕیاریدا سەردانی بەغداد بكات، سەركردەی ئەو كاتی موسڵمانان بڕیاریدا بڕێك پرسیاری قورسی بخاتە بەردەم تا بزانێت چەندە زانستی پێیە، بۆیە ئیمامی ئەبووحەنیفەی راسپارد تا چل پرسیاری قورسی لێ بكات، ئەویش پرسیارەكانی دانا، كاتێك ئیمامی جەعفەر هات و ئەو پرسیارانەی لێكرا، بە جوانی وەڵامی هەموویانی دایەوەو هەموان سەرسام بوون بە وەڵامەكانی.


ئیمامی جەعفەر كەسێكی زۆر بەخشندە بوو، جاری وا هەبوو تەنانەت بەشە خواردنەكەی خۆیشی دەبەخشی بە هەژاران و خۆی بە برسێتی دەخەوت، زۆربەی كات لەپێناو بەختەوەری و خۆشحاڵی خەڵكدا هەرچی سەختی و ناڕەحەتی هەبوو دەیخستە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی خەڵكی لە خۆشیدا بژین.

ئامۆژگاری بۆ كوڕه‌كه‌ی

رۆژێك ئیمامی جەعفەر مووسای كوڕی بانگ كرد و ئامۆژگاری كرد و پێی فەرموو: كوڕە شیرینەكەم: 
هەركەس بەو بەشە رازی بێت كە خودا پێی بەخشیوە ئەوە ئیتر پێویستی بە خەڵكی نابێت، 
هەركەسیش چاوی لەوە بێت خەڵك هاوكاری بكات ئەوە تا دەمرێت تووشی هەژاری دەبێت، 
هەركەسیش عەیب و كەموكورتی خەڵك ئاشكرا بكات، ئەوە عەیب و كەموكورتی خۆی ئاشكرا دەبێت، 
هەركەسێ چاڵ بۆ براكەی هەڵكەنێ، ئەوە خۆی دەكەوێتە ئەو چاڵەوە، 
تا دەتوانیت قورئان بخوێنەرەوە و خەڵك هان بدە چاكە بكەن و رێگە مەدە خەڵكی خراپە بكەن، 
هەر خزمێكت ویستی خزمایەتیت لەگەڵ نەهێڵێ، تۆ هەوڵ بدە لەبەر خوا سەردانی بكە، 
كوڕی شیرینم هەرگیز قسەی خەڵك بۆ یەك مەگێڕەوە با رقیان لە یەكتر نەكەوێ، 
سەردانی كەسانی چاك بكەو لە هاوڕێیەتی كەسانی خراپ خۆت دوور بگرە.

كۆچی دوایی

دواجار ئیمامی جەعفەر لە ساڵی سەد و چل و هەشتی كۆچی و لە تەمەنی شەست و هەشت ساڵیدا لە شاری مەدینە كۆچی دوایی كرد، نوێژی لەسەر كرا، ئینجا برا بۆ گۆڕستانی بەقیع كە گۆڕی هاوەڵانی پێغەمبەر و فاتیمەی دایەگەورەی و هەروەها گۆڕی باوكیشی لەوێ بوو، لەپاڵ گۆڕەكەی باوكیدا ئەسپەردە كرا.


سەرچاوەکان



2309 بینین