هونەری وەڵامدانەوە

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-03-22:54:00 - کۆدی بابەت: 11197
هونەری وەڵامدانەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری وەڵامدانەوە (بە عەرەبی: فن الرد، بە ئینگلیزی: The art of replyingهونەری مامەڵەکردن لەگەڵ گاڵتەجاڕی و وەڵامدانەوەی قسەی ئازاربەخش و سووکایەتیکردن، یەکێکە لەو کارامەییە کۆمەڵایەتییە گرنگانەی کە هەموو کەسێک دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، گومانی تیا نییە سوکایەتیکردن بە ئازارە، تەنانەت ئەگەر ئەم سوکایەتییە هەندێکجار بە شێوەی گاڵتە بوترێت لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆشمان دەوێن و دەزانین کە مەبەستیان خراپ نییە، بەڵام کاریگەری گاڵتەجاڕی بۆ ئێمە بە ئازارە بە تایبەت کاتێک لەبەردەم خەڵکدا بێت، هیچ شتێک لە بارگرانی گاڵتەکردن کەم ناکاتەوە جگە لە وەڵامدانەوە لە کاتی خۆید.

هونەری وەڵامدانەوەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتیکردن

باشترین ڕێگا بۆ وەڵامدانەوەی گاڵتە و سووکایەتیکردن ئەوەیە کە ئارامی و هێز نیشان بدەیت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسەی کە گاڵتەت پێدەکات، چونکە ئەوەی گاڵتەت پێدەکات دەیەوێت هانت بدات و تورەت بکات، پيویستە ڕێگەیان پێنەدەی هانت بدەن یان کاردانەوەیەکت هەبێت کە ئاماژە بێت بۆ کاریگەری ئەو قسەیە لەسەرت بەڵکو کاردانەوەکەت دەبێت پەیامێکی ڕوون بێت بۆی، تێیبگەیەنیت کە سوودمەند نابێت لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە گاڵتانە.

بەتەواوی پشتگوێیان بخە: یەکێک لە گرنگترین هونەرەکانی وەڵامدانەوەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتیکردن هونەری پشتگوێخستنە، ئەوەی لێرەدا مەبەست لێی پشتگوێخستنی کاریگەرە کە لە پێگەی هێزەوە سەرچاوەی گرتووە و نەک پشتگوێخستنی شەرمنانە یان دەربازبوون لە ڕووبوڕووبوونەوەکە، دەبێت دەربازبوونەکە لە خودی کەسەکەش بێت نەک تەنها لە بارودۆخەکە، پشتگوێخستنەکەش دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ زمانی جەستە و مەبەست لێی بێزاربوونە لەوەی کە دەریدەبڕێت  یان دەیکات.

سەرنجدانی زمانی جەستە: زمانی جەستە لە وەڵامدانەوەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتیکردندا گرنگتر و بەهێزترە لە دەربڕین و وەڵامدانەوەی زارەکی، شێوازی وەڵامدانەوەت دەبێت تێڕوانینی چاوەکان و جوڵەی جەستەی لەگەڵدا بێت. دوورکەوتنەوە لەو جوڵانەی کە ئاماژەن بۆ شەرم یان دڵتەنگی ئەو جوڵانە بگۆڕن بۆ جوڵەیەک کە ئاماژە بێت بۆ بێزاری و ناڕەزایی، زمانی جەستە زۆرجار سەرکەوتووترە لە کۆتاییهێنان بە گاڵتەجاڕی بە بەراورد بە وەڵامدانەوەی زارەکی.

وەڵامدانەوەی گاڵتە بە گاڵتە: گاڵتەکردن یەکێکە لە هونەرەکانی وەڵامدانەوەی گاڵتەجاڕی و ئەم شێوازە بە تایبەتی سوودی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکی نزیک کە گاڵتەت پێدەکات، وەک هاوڕێ، خزم، یان هاوکارەکانت، کە ناتوانیت لەگەڵیاندا توندرەو بیت  مەبەست ئەوەیە گاڵتە بە خودی گاڵتەکە بکەیت نەک لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بکەویتە پێشبڕکێی چەوساندنەوە و گاڵتەجاڕی!

بە توندی وەڵام بدەرەوە: وەڵامدانەوەی بەهێز  و توند بۆ گاڵتە و سووکایەتیکردن لە سەرەتای پەیوەندییەکان و ناسیاوەکان یان کەسانێک کە پەیوەندییەکی بەهێز و زۆرەملێت لەگەڵیاندا نییە، وەڵامدانەوەی بەهێزی گاڵتەجاڕییەکە دەبێت لە هەمان کاتدا توند و ئارام بێت، توند بە مانای هاوارکردن نایەت، بەڵکو دەربڕینی نارەزایی خۆت بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ بڕینی پەیوەندییەکە بە تەواوی.

هەڵوێست وەرگرتن: کاتێک کەسێک گاڵتەت پێدەکات و هەست دەکات هەڵوێستێکی ڕوونت لەسەر گاڵتەکە نەبووە، ئەوا وا بیردەکاتەوە کە ئەم جۆرە گاڵتەکردنە یان قسە ناشرینانە قبوڵ دەکەیت، بۆیە دەبێت بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆت لەسەر کەسەکە دەرببڕیت، بە کەمکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵیدا و وای لێبکەیت هەست بکات بەوەی کە کەسێکی نەخوازراوە یان هەڵسوکەوتی لەگەڵ تۆدا ناگونجێت، لەم حاڵەتەدا یان واز لە گاڵتەکردن دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانتان بپارێزێت، یان هەوڵدەدات لە هۆکاری ئەو هەڵوێستە تێبگات، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ دانانی سنوور بۆ پەیوەندییەکە.

گۆڕینی گاڵتەکە بۆ باسێکی جدی: یەکێک لە گرنگترین و باشترین شێوازەکان ئەوەیە کە گاڵتەکە بکەیتە باسێکی قووڵ و جدی، بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە گاڵتە بە بیرۆکەکەت بکات، هەوڵبدە بیبەیتە ناو گفتوگۆیەکی قووڵەوە سەبارەت بەم بیرۆکەیە، ئەمەش وا دەکات کە لە گاڵتەکەی بکشێتەوە یان وەک نەزان دەرکەوێت چونکە گاڵتە بە شتێک دەکات کە زانیاری لە سەری نییە.

کۆتاییهێنان بە پەیوەندی ژەهراوی: هەرچەندە گاڵتەکردن ڕەفتارێکی باوی نێوان هاوڕێ و هاوپیشەکانە، بەڵام پەیوەندییەک کە تیایدا گاڵتەکە زیانی بۆ یەکێک لە لایەنەکان هەبێت، بێ گومان پەیوەندییەکی ژەهراوییە، بۆیە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەم پەیوەندییە بهێنیت ئەگەر نەتوانی بە سنووردارکردنی گاڵتەکردن کە پەیوەندییەکە بپارێزێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەبەردەم خەڵکدا گاڵتەت پێدەکەن

ئارامی خۆت بپارێزە: پاراستنی هێمنیی و ئارامی  خۆت گرنگترین وەڵامە بۆ ئەو کەسانەی لەبەردەم کەسانی تردا گاڵتەت پێدەکەن، ئەمە بەو واتایە نایەت کە لەبەردەم هەموو کەسێکدا قبووڵی گاڵتەجاڕی  بکەیت وەڵامیان نەدەیتەوە، بەڵام نابێت بکەویتە داوی توڕەیی و کاریگەری قسەکەوە چونکە وا دەکات لاواز دەربکەویت و بە ئاسانی هانبدرێیت ئارامی وا دەکات بەهێزتر دەربکەویت لە ئەوانەی گاڵتەت پێدەکەن لەبەردەم کەسانی تردا!

دەستبەجێ وەڵامی گاڵتەکە بدەرەوە: وەڵامدانەوەی گاڵتە لەبەردەم خەڵکدا بۆ کاتێکی تر دوا مەخە، دەبێت لە هەمان کاتدا و لەبەردەم ئامادەبوواندا وەڵامیان بدەیتەوە، چونکە ئەو کەسەی لەبەردەم خەڵکیدا گاڵتەت پێدەکات مەبەستی ئەوەیە کەسانی دەورووبەری شایەتحاڵی ژیری و نازداریەکەی بن، بۆیە دەبێت وا بکەیت کە شایەتحاڵی هێزی تۆ بن لە وەڵامدانەوەی ئەودا.

نیشاندانی کەموکوڕی لە کەسایەتی ئەو کەسەی گاڵتەت پێدەکات: باشترین ڕێگە بۆ وەڵامدانەوەی کەسێک کە گاڵتەت پێدەکات لەبەردەم کەسانی تردا ئەوەیە کە ئەو کەموکوڕییە لە کەسایەتییدا نیشان بدەیت کە وای لێدەکات گاڵتە بە کەسانی تر بکات، ڕاستەوخۆ لێی بپرسە "ئایا تۆ کێشەیەکت هەیە کە وا دەکات گاڵتە بە کەسانی تر بکەیت و بە قسەکانت ئازاریان بدەیت؟” بە بەهێزی و توندی وەڵامی بدەرەوە بەبێ ئەوەی گاڵتە بکەیت بە خۆی، ڕووخسار یان شێوازی قسەکردنی، بەڵکو زیاتر سەرنجت لەسەر نیشاندانی پاڵنەرەکەی بێت بۆ گاڵتەکردن، جا ئیرەییەکەی بێت، هەستکردن بە کەمی یان بە کەم سەیرکردنی خەڵک.

وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی کە هاوبەشی  گاڵتەکە دەکەن: یەکێک لە هونەرەکانی وەڵامدانەوەی گاڵتە  ئەوەیە کە وەڵامدانەوەکە گشتگیر بێت بۆ ئەو کەسانەی کە هاوبەشی گاڵتەکە دەکەن و گاڵتەت پێدەکەن، هەروەها دەبێت هەست بکەن کە هەڵەن بە پێکەنین بەو گاڵتەیە. بە نیگایەکی تیژەوە سەیریان بکە و پێیان بڵێ ئەگەر لە شوێنی ئەوان بوویتایە پێگەیشتووتر و هۆشیارتر دەبوویت. هاوبەشی ئەم گاڵتەجاڕییە نە دەبوویت، ئەمەش یارمەتیت دەدات سنووریان بۆ دابنێیت.

بەشداری ئەو گاڵتەیە مەکە کە پێتکراوە: گەورەترین هەڵە کە بەرانبەر خۆت بیکەی لە وەڵامدانەوەی کەسێک کە لەبەردەم خەڵکیدا گاڵتەت پێدەکات ئەوەیە لەگەڵیدا گاڵتە بە خۆت بکەیت یان پێبکەنیت بە گاڵتەکەی سەرەڕای ئەوەی بێزارکەرە و ئازارت دەدات ڕەنگە ئەم کاردانەوەیە حیسابی بۆ نەکرێت، بەڵام پێویستە تا دەتوانیت خۆتی لێ بەدوور بگرێت و پەنا بۆ بەهێزی ببەیت، نارەزایی خۆت بە ڕوونی نیشان بدە، تەنانەت ئەگەر بە زارەکیش وەڵام نەدەیتەوە.

پشتگوێخستن: یەکێکە لە ستراتیژییە سەرکەوتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی کەسێک کە لەبەردەم کەسانی تردا کە گاڵتەت پێدەکات ئەوەیە کە بە توندی لە گۆشەی چاوتەوە سەیری بکەیت، پاشان بەتەواوی پشتگوێی بخەیت، نەک تەنها لەم دانیشتنەدا، بەڵکو شێوەیەکی بەگشتی، ئەگەر ئارەزووی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ تۆدا هەبوو، دەبێت بەڕوونی داوای لێبوردنت لێبکات، لەبەردەم ئەو کەسانەی کە تۆی شکاندووە، بەڵام ئەم بێبایەخکردنە سنووری هەیە، ئەگەر بەردەوام بێت لە گاڵتەکردن و کەمکردنەوەت، پێویستە بە توندی سنوری بۆ دابنێیت.

هانی کەسانی تر بدە بۆ وەڵامدانەوەی: ئەمە یەکێکە لە زیرەکترین ستراتیژیەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی لەبەردەم خەڵکدا گاڵتەت پێدەکەن، پێویستە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هانی کەسانی تر بدەیت بۆ ئەوەی بەشداریت لەگەڵدا بکەن لە وەڵامدانەوەی لەبری ئەوەی هاوبەشی گاڵتەکە بکەن لە دژی تۆ، بۆ نموونە دەتوانیت بەو کەسەی تەنیشتت بڵێیت: "پێتوانییە ئەوەی دەیڵێت گوزارشت لە بێڕێزیکردن بەرانبەر بە ئێمە دەکات؟" پاشان قسە لەگەڵ ئەو کەسە دەکەیت کە گاڵتەکەی کردووە و دەبینیت کەسێک هەیە کە پشتگیریت بکات لە وەڵامدانەوەی، یان لانیکەم کەس نامێنێت بە گاڵتەکردن بە تۆ پشتگیری لێ بکات.

جوانترین وەڵامەکان

هونەری وەڵامدانەوە هەمیشە هونەرێکی ناسراو بووە، کە ڕەنگدانەوەی زیرەکی و ژیری خێرایی وەڵامدانەوەن، هەروەها وەڵامە بەناوبانگەکانی نووسەران و کەسایەتییە ناودارەکان کە کەسەکە دەخەنە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە وا دەکات پەشیمان بێتەوە لە گاڵتەکەی و بەدوای ڕێگایەک بگەرێت بۆ دەربازبوون لە شەرمەزاری، لە جوانترینی ئەم وەڵامانەدا: کابرایەک  دەیویست شاعیری نابینا بەشاری کوری برد شەرمەزار بکات کە بە سیفەت و ڕەوشتی ناشیرین ناسرابوو، بە بەشاری کوری بردی وت: خودا هەرگیز کەسێکی لە چاوەکانی بێبەش نەکردووە هەتا قەرەبووی نەکردبێتەوە، پێم بڵێ تۆی بە چی قەرەبوو کردووەتەوە؟ بەشاری کوری بورد  لە وەڵامدا وتی: بە نەبینینی کەسانی وەک تۆ قەرەبووی کردمەوە.

پیاوێکی شەل چووە ناو کۆڕێکەوە، یەکێکیان بە چاوێکی گاڵتەئامێزەوە سەیریکرد. پیاوە شەلەکە لە مەبەستی تێگەیشت، بۆیە پێی گوت: تۆ گاڵتەت بە دروستکراوەکە دێت یان دروستکەرەکە؟ پیاوەکە هەستی بە شەرمەزاری کرد و وتی: سوێند بەخوا لەو کاتەدا خۆزگەم دەخواست من وەکوو ئەو بوومایە و ئەویش وەکوو من.

ڕۆژێکیان موتەنەبی بەرەو لای کۆمەڵێک پیاو دەروات، یەکێکیان پێی وت: لە دوورەوە تۆم بینی و وامزانی ژنیت، دەست بەجێ وەڵامی دایەوە و وتی: منیش لە دوورەوە تۆم بینی، وامزانی پیاویت.

نووسەرێکی خۆبەزلزان بە جۆرج برناردشۆ دەڵێت: من لە تۆ باشترم! چونکە تۆ لەسەر سەروەت و سامان دەنووسیت، منیش لەسەر شەرەف دەنووسم. جۆرج برناردشۆ بە خێرایی و ژیرییەوە وەڵامی دایەوە: هەریەکەمان لەسەر ئەو شتانە دەنووسین کە نیمانە.

ژنێکی توڕە بە وینستن چەرچڵ دەڵێت: ئەگەر تۆ هاوسەری من بویتایە قاوەی ژەهراویم پێدەدایت. وینستن چەرچڵ وەڵامی دایەوە: ئەگەر من هاوسەرت بوومایە یەکسەر دەمخواردەوە.

پیرە پیاوێک پشتی چەمابووەوە بە ڕێگادا دەڕۆیشت، گەنجێک ویستی گاڵتەی پێبکات، پێی وت: پیرەمێرد کەوانەکەت بە چەند دەفرۆشی؟ کابرا لە وەڵامدا وتی: ئەگەر خودا تەمەنت درێژ بکات، ڕۆژگار بە خۆرایی پێت دەبەخشێت.

لە کۆرێکی شاعیراندا حافز ئیبراهیم و ئەحمەد شەوقی ئامادەی بوون، حافز ئیبراهیم بە گاڵتەجاڕیەوە وتی؛

يقولون إنّ الشوقَ نارٌ وحرقةٌ، فما بال شوقي أصبح بارداً

دەڵێن حەسرەت ئاگر و سوتانە، کەواتە بۆچی لە حەسرەتەکەم سارد بوومەتەوە؟

شازادەی شاعیران بە ژیری خێرا و زمانی شیعرییەوە وەڵامی دایەوە:

استودعتُ إنساناً وكلباً أمانةً، فضيعها الإنسان والكلبُ حافظُ

ئەمانەتێکم بە پیاوێک و سەگێک سپارد، بەڵام پیاوەکە ونیکرد و سەگەکەش پاراستی


سەرچاوەکان



523 بینین