ڕاهێنانی داوای لێبوردن کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-21:46:00 - کۆدی بابەت: 2339
ڕاهێنانی داوای لێبوردن کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی داوای لێبوردن کردن بۆ زیادکردنی توانای کۆمەڵایەتی

ڕاهێنانی داوای لێبوردن کردن، یەکێکە لەو ڕاهێنانە توانا کۆمەڵایەتیانەی، کەوا بەهۆیەوە مرۆڤ کەسایەتی گەورە دەبێ لە چاوی خەڵک، هەروەها توانای کۆمەڵایەتیشی بەهێز دەبێ، نەوەک بە پێچەوانەوە.
ئەو کەسەی توانای کۆمەڵایەتی بەهێز بێ، هیچ پێی لاوازی و بێهێزیی نییە، ئەگەر هاتو هەڵەیەکی بەرامبەر بە کەسێک کرد، ئەوا بچێت داوای لێبوردنی لێ بکات و ئاشتی کاتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو لە ژیانی ڕۆژانەمان هەڵەمان کرد و داوای لێبوردنمان لەو کەسانە نەکرد، کە هەڵەمان بەرامبەر کردوون، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوانمان، یان لەوانەیە ببێتە هۆی دروست بوونی کێشە و ناخۆشی لە نێوانمان، یان ڕوودانی شەڕ و بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە یەکتری.
بە نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هەر کەسێک، شتێکی گرنگی ژیانمان لەدەست دەدەین، کە ئەویش سەرچاوەی ئارامیی ژیانمانە، چونکە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بە تەنها ژیان بەسەر بەرێت و هەموو پێداویستییەکی ژیانی دەستەبەر بکات، هەروەها بێبەش دەبین لە توانای ئەو کەسە ئەگەر هاتوو پێویستمان بوو هاوکاریمان بکات، یان گوێمان لێ بگرێ ئەگەر کێشەیەکمان هەبوو، یان گفتوگۆمان لەگەڵ بکات ئەگەر ویستمان بیر و بۆچوونی بزانین لەسەر بابەتێک، یان وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بداتەوە و زانیاریمان پێبدات بەهۆی ئەو ئەزموونەی کە لە ژیاندا هەیەتی ...هتد.
جا ئەگەر بێت و سەیری خۆمان و کەسانی دەوروبەرمان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین کامەمان هەڵە ناکەین!، ئەوا بێگومان ناتوانین کەسێک لە ژیاندا ببینینەوە هەڵە نەکات، لیرەدا دەمەوێت ئاماژە بەو ڕوووداوە بکەم، کە لەسەردەمی عیسا پێغەمبەر (د.خ) ڕوویداوە، کاتێک عیسا دەچێتە چیای زەیتوون و کاتی بەرەبەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وانە بە فێری قوتابیەکانی بکا، کۆمەڵە خەڵکێکی بە دوای ئافرەتێک کەوتوون و ئازاری دەدەن دەیانەوێت بیکوژن، کاتێک دەگەنە لای عیسا پێغەمبەر و پرسیاری ئەوەی لێدەکەن ئەو ئافرەتە زینای کردووە و دەبێت سزا بدرێت و بەرد باران بکرێت، چونکە موسا پێغەمبەر وای ئامۆژگاری کردووین، تۆ چی دەڵێی؟. بۆیە پرسیاریان لێکرد تاوەکو شەرمەزاری بکەن و بتوانن بە تاوانێک دادگایی بکەن، بەڵام عیسا پێغەمبەر وەڵامی نەدانەوە و خۆی بە نووسین خەریک کرد لەسەر زەوی، دووبارە هەمان پرسیاریان ئاڕاستە کردەوە و پرسیاری ئەوەیان لێکرد تۆ چی دەڵێی دەربارەی ئەم ئافرەتە؟ عیسا پێغەمبەریش پێیان دەڵێ باشە مادام وایە با ئەو کەسە یەکەمجار سزای بدات و بەرد بارانی بکات، کە هیچ گوناحێکی نەکردووە، دووبارە پێغەمبەر عیسا خۆی بە نووسین خەریک کردەوە، کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەم قسەیەی عیسا پێغەمبەر بوو، یەکە بە یەکە لە ئافرەتەکە دوور کەوتنەوە تا وای لێهات تەنها ئافرەتەکە و عیسا پێغەمبەر مانەوە، کە عیسا پێغەمبەر سەری بڵند کرد بینی ئافرەتەکە بە تەنهایە، پرسیاری ئەوەی لە ئافرەتەکە کرد، ئەم خەڵکە چییان لێ هات؟ ئایا کەس سزای نەدای؟ ئافرەتەکە ووتی نەخێر گەورەم، عیسا پێغەمبەریش وتی منیش سزات نادەم و بڕۆ چیتر گوناح مەکە.
هەروەها فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د،خ) هەیە دەفەرموێ (کل ابن ادم خطاء و خیر الخطائین التوابون)، واتە هەموو نەوەکانی ئادەم هەڵە دەکەن، چاکترینیان ئەو کەسانەن کە تۆبە دەکەن و پەشیمان دەبنەوە.
واتە ڕۆژانە هەموومان هەڵە بەرامبەر بە یەکتری دەکەین و یەکتری ئازار دەدەین، جا بە شێوەیەکی ئەنقەست بێت یان هیچ مەبەستێک و  هیچ ئەنقەستێک بێت، لەوانەی هەر پێشی نەزانین، کەوا هەڵەمان بەرامبەر بە کەسێک کردووە و ئازارمان داوە، بۆیە زۆر پێویستە توانای ڕاست کردنەوەی هەڵەکانمان هەبێت و دووبارە بە خۆماندا بجینەوە لە ڕووی قسەکردن و گفتوگۆ کردن لەگەڵ خەڵک، چونکە هەر وەکو لە بابەتەکانی پێشوو باسمان کرد، مرۆڤ ڕۆژانە فێری زانست و زانیاری نوێ دەبێت و هیچ کەسێک بە جارێک فێری هەموو شتێک نابێت، بەڵکو هەر ڕۆژە و فێری شتێکی تازە دەبێت و زانیاری خۆی لەسەر بنەمای ئەو شتە تازانەی فێری بووە ڕێک دەخاتەوە.

هەنگاوەکانی ڕاهێنانی داوای لێبوردن کردن

هەنگاوی یەکەم

بیربکەوە تاکو بزانی چ هەڵەیەکت یان چ شتێکت بەرامبەر بە کەسێک کردووە، پێویستە داوای لێبوردنی لێ بکەی.
واتە کاتێک دەتەوێ داوای لێبوردن لە کەسێک بکەی، دەبێ بزانی چ هەڵەیەکت یان چ شتێکت بەرامبەری کردووە، تاوەکو داوای لێبوردنی لێ بکەی.

هەنگاوی دووەم

بیر لە شێوازی جۆراوجۆر بکەوە بۆ داوای لێبوردنەکەت.

واتە بۆ داوای لێبوردن کردنەکە، بیر لە شێوازی جۆراوجۆر بکەوە، بۆ نموونە: زۆر داوای لێبوردنت لێدەکەم ئەگەر ئەزیەتم دای، یان بمبورە ئەگەر بە هەڵە لە من تێگەیشتی، مەبەستم نەبوو ئازارت بدەم داوای لێبورنت لێدەکەم ...هتد.

هەنگاوی سێیەم

کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرە بۆ داوای لێبوردنەکەت.

واتە کاتێك و شوێنێکی گونجاو هەڵبژێرە، بۆ ئەو کەسەش گونجاو بێت کە دەتەوێ داوای لێبوردنی لێبکەی، نەوەک ئاگای لە تۆ نەبێت یان بە شێوەیەکی باش گوێێ لێت نەبێ.

هەنگاوی چوارەم

داوای لێبوردنەکە بکە.

واتا بەو شێوەیەی هەڵتبژاردووە، داوای لێبوردنەکە دەکەی.

تێبینی:

زۆر گرنگە کۆتایی هەموو ڕاهێنانەکانی توانای کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ کۆتایی پێ بێت، واتە پێویستە داوای لێبوردن کردنەکەت بە زمانێکی شیرین و ڕوویەکی خۆش بێت و کەسەکە داوای لێبوردنەکەشی لێ قەبووڵ نەکردی، نابێ لێی تووڕە و ناڕەحەت بی، چونکە لەوانەیە ئێستا لێت نەبوورێ، بەڵام پاش ماوەیەکی تر بیر و بۆچوونی بگۆڕێ و داوای لێبوردنەکەت قبوڵ بکات، یان لەوانەیە خۆی بێتەوە لات و قسەت لەگەڵدا بکات.


سەرچاوەکان



2156 بینین