ژنی دووەم

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-17-23:46:00 - کۆدی بابەت: 2344
ژنی دووەم

ناوه‌ڕۆك

ژنی دووەم

لە بنەڕەتدا پیاو بۆی هەیە یەک ژن بێنێت، بەڵام یاسا و شەرع ڕێگەیان پێداوە زیاتر لە یەک ژن بهێنێت، ئەمەش لە چەند حاڵەتێکی دیاری کراودا. یاساش ڕێگەی بەمە داوە بە مەرجێک مۆڵەتی دادوەر وەربگرێت، دادوەریشت ئەم مۆڵەتە نادات تاوەکو کۆمەڵێك مەرجی دیاری کراو نەهێنێتە دی، ئەم مەرجانەش بریتین لە:

 ١- ڕازی بوونی ژنی یەکەم لەسەر ژن بەسەرهێنانی لە بەردەم دادگادا.
 ٢- نەخۆشی درێژخایەنی سەلمێندراو و ڕێگر لە پێکەوەژیانی هاوسەرێتی، کە هیوای چاکبوونەوەی نییە، یاخود حاڵەتی نەزۆکی ژنەکە کە سەلمێنراو بێت بە ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تەندروستی تایبەتمەند.
 ٣- ئەو پیاوەی داوای هێنانی ژنی دووەم دەکات، دەبێت توانای دارایی پێویستی هەبێت بۆ دابین کردنی بژێوی زیاتر لە یەک هاوسەر، پێویستە ئەمەش بە بەڵگەنامەی فەرمی، لە کاتی هەڵسان بە ڕێکارەکانی هاوسەرگیری بسەلمێنرێت.
 ٤- پیاوەکە لەبەردەم دادگا و پێش بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیری دەبێت بەڵێننامەیەکی نووسراو پێشکەش بکات، کەوا دادپەروەری لە نێوان هەردوو هاوسەرەکەیدا دەکات، لە گشت ئەرکە ماددی و مەعنەویەکانی هاوسەرگیریدا، دەستەبەر دەکات.
 ٥- نابێت ژنەکە مەرجی ژن بەسەرهێنانی لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا دانابێت، چونکە ئەگەر لە کاتی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، ژنەکە مەرجی ژن بەسەرنەهێنانی دانابێت، ئەو کاتە پیاوەکەی ناتوانێت ژنی بەسەردا بهێنێت (ماددە سێیەم/دووەم/هـ، لە یاسای باری کەسێتی).

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کەوا پیاو ناتوانێت ژنی تر بهێنێت تەنها بە مۆڵەتی دادوەر نەبێت، دادوەریش ئەم مۆڵەتە نادات، تاوەکو هەموو ئەو مەرجانەی باسمان کردن پێکەوە نە‌هێنە ئاراوە، ئەگەر پیاویش سەرپێچی ئەم مەرجانەی سەرەوە بکات و ژنێکی تر بهێنێت، ئەوا سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەی (شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێکیش زیاتر نەبێت، هەروەها بە غەڕامەکردنیشی کە بڕەکەی (دە ملیۆن دینارە) سزا دەدرێت.
شەریعەتی ئیسلام، بەرزترین ئاستی فرەژنی بە چوار ژن دیاری کردووە، تاوەکو ڕێگر بێت لە زێدەڕۆیی کە شەرع و عەقڵ لەگەڵیدا نین، بۆیە لە قورئانی پیرۆزدا فەرمان کراوە پیاو تەنها یەک ژن بێنێت، نەوەک فرەژنی ببێتە هۆی زوڵم کردن لە مافی ژنی یەکەم (ژنی گەورە)، یاخود ژنی دووەم، یاخود هەردووکیان.


سەرچاوەکان



2652 بینین