ناوهڕۆك
ناساندن
سامی عەوداڵ (بە ئینگلیزی: Samy Awdal)، شاعیرێکی کوردە، ناوی تەواوی حوسەین کوڕی بابە ڕەسوڵە، لە ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆیە لە خێزانێکی هەژار، ئایینپەروەر و ئەدەب دۆست لەدایکبووە و پەروەردە کراوە، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر شیعرە لە بابەتەکانی دڵداری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی، نیشتمانی و پەند، ئەم شاعیرە نازناوی سامی لە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کورد بە ناوی سامی کوڕی نەریمان وەرگرتووە.
ژیان و کۆچی دوایی
سامی عەوداڵ خوێندنی فەقێیەتی لە مزگەوتەکانی کۆیە خوێندووە و بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەشی گەلێک شار و دێهاتی کوردستان گەڕاوە هەتا گەیشتووە بە پلەی مەلایەتی. سامی عەوداڵ تا ساڵی ١٩٥٠ لە شاری کۆیە ژیاوە، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە ڕووی کردووەتە شاری هەولێر تا ساڵی ١٩٧٢ بە پیشەی پینەدۆزی ژیاوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ شاری کۆیە و لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٥دا لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لە ئەو شارە لە گۆڕستانی دەروێش خدر بە خاک سپێردراوە.
نموونەی شیعرەکانی
نموونەی شیعرێکی دڵداری
سامی لە سەرەتای شاعیرییەتیدا وەک شاعیری شیعری غەزەل هاتۆتە نێو مەیدانی شیعری کوردی، لە هۆنراوەیەکی دڵداریدا بە ناونیشانی (یارەکەم) هەموو هەست و سۆزی دڵی خۆی بۆ ئەو یارە نازدارەی دەردەبڕێت و دەڵێت:
چەن جەزام دەی من رەزامە، هەر عەزیز و یارمی
کەی گوتوومە لای کەسێکی باعیسی ئازارمی؟
چونکە سوڵتانی لەبەر دڵا گاهی ریزوان و دەمێ
بۆ دڵی غەمگین و بێکەس بولبولی گوڵزارمی!!
نموونە شیعرێکی کۆمەڵایەتی
من فەقیر و دڵ حەزینم بۆ ھەژاریم خەم دەخۆم
ڕووت و برسی و دەردەدارم ساڵی جارێ خۆم دەشۆم
سابونم گلە حەمامم دەچمە ناو مزگەوتەوە
ھەر بە نینۆک پارە پارە و شەقشەقم کرد قەلبی خۆم
خۆم بسوتێنم بە سووتان با بسووتێم چاترە
لەو ژیانەی وا بە تەنگی حەسرەتی یەک نانە جۆم
ڕایەخم ئەرز و سەرینە پێخەف و چەترم سەما
بێ ڕێ و جێ دڵحەزین و بێ دەر و دێوانە خۆم
ڕۆژ و شەو دەرد و فیراق و دەست لەسەر دەستی بەتاڵ
خۆ ئەرز زۆر و فەراحە من لە کۆیێ بۆ نەڕۆم
پڕ دڵم دەرد و مەراقە ئەو مەراقە و پێ بڵێم
لێم گەڕێن توخوا ڕەفیقان کوشتەیی حاجی سەگۆم
غەدری مامە زاڵمەکانم داخی وان سەربارییە
زوڵمی وا کەی ئەو تەریقەی بۆ دەدەی ھەی مامی خۆم
ھەژاری و دەردەداری تاکەی دەنۆشی سامییە
تۆ فەقیر و بێ مەکانی قەت مەڵێ من خەڵقی کۆم
کاسبێکی فەقیر و بێ تەکلیف و گەدا خۆم
کەر قوڕ و بارم سوکە کە نانی دینی ناخۆم
مامم بە خۆ بەتەکیە بە جوببە و بە ملی پان
من بە خۆم و دەستگا بە چەند پەڕێکی دیوان
چۆن سامی لەمن دەکا ئەو قوتبی عەبدالانی
من لە زانین مەحروم بووم ئەو پێشکەوت بە نەزانی