میوە لە کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-20-15:32:00 - کۆدی بابەت: 2426
میوە لە کوردستان

ناوه‌ڕۆك

میوە لە کوردستان

بنەما جوگرافییە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان یارمەتی پەیدابوونی ئەو جۆرە چالاکییە کشتوکاڵیە دەدەن لە ناوچە پێ دەشتەکان بێ یان لە ناوچە شاخاوییەکان.
لە بنار و قەدپالی چیاکاندا داری مێو و گوێز و هەرمێ و هتد. دەچێنرێن واتە لەو ناوچانەی کە لە نێوان (٥٠٠ - ١٠٠٠)  ملم بارانیان لێ دەبارێت، جگە لەم درەختانە داری دیکەشی لێ دەڕوێ وەک هەنجیر و هەڵوژە و خۆخ و گێلاس و توو.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین تێکڕای ناوچەکانی کوردستان بە کەڵکی چاندنی دار و درەختی بە بەر دێن. هەر ناوچەیەک بە گوێرەی ژینگەی جوگرافیای خۆی تایبەتمەندە بە چاندنی جۆرە میوەیەکی تایبەتی: بۆ نموونە ناوچەکانی باشووری هەرێم دەتوانرێ تەرخان بکرێ بۆ چاندنی خورما و مزرەمەنی لە (بەدرە و مەندەلی و جەلەولا و قزل رەبات) لە کاتێکدا ناوچەکانی باڵەکایەتی و هەورامان و دەورووبەریان تایبەتمەندە بە چاندنی درەختی گوێز، ناوچەکانی دهۆکیش سێویان لێ دەچێنرێ.
گرنگترین داری چاندراو لو کوردستاندا داری مێوە (ترێ) بە هەموو جۆرەکانییەوە کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەروەها سێو لە میوە گرنگەکانە لە پارێزگای دهۆک و هەروەها هەنجیر کە زیاتر پارێزگای موسڵ پێی بەناوبانگە: لە پارێزگای دیالەش و مزرەمەنی و دارخورما و هەنار دەچێنرێن، بەڵام جگە لەو ناوچانە کە بەناوبانگن لە جۆرێک لە میوە ئەوا چاندنی میوە نەریتێکی کوردەوارییە لە سەرانسەری دێهاتی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا لە پارێزگای موسڵ و دهۆک و هەولێر و سلێمانی.
بە گشتی بەرهەمی ڕووەک لە کوردستاندا پاشکەوتووە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لەو کاتەی زەوی و ئاو و هەوایەکی زۆر لە باری هەیە بۆ چاندنی جۆرە جیاجیاکانی ڕووەک.


سەرچاوەکان



1646 بینین