سیاسەتی بە عەرەبکردنی کورد لە ساڵانی (١٩٨٠-١٩٩١)

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-28-11:51:00 - کۆدی بابەت: 2731
سیاسەتی بە عەرەبکردنی کورد لە ساڵانی (١٩٨٠-١٩٩١)

ناوه‌ڕۆك

سیاسەتی بە عەرەبکردنی کورد لە ساڵانی (١٩٨٠-١٩٩١)

حیزبی بەعس لەم قۆناغەدا توانایەکی زۆری لۆژیستی، ئابووری و ستراتیژی تەرخانکرد، بۆ فراوان کردنی سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن و سڕینەوەی شوناسی کوردی لە ناوچە کوردییەکان. لە نیوەی دووەمی ئەم قۆناغە دەچێتە مەترسیدار ترین  ڕەوشیەوە، کە تێیدا نوێترین تەکنیک و شێوازی سەربازی و چڕترین پلان بەکار دەهێنرێت، بۆ هەڵتەکاندن و سڕینەوەی بوونی کورد لە کوردستان. قۆنای بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی گۆڕی، لە شێوازە کۆنەکەیەوە بۆ شێوازێکی نوێ، ئەویش قۆناغی (جینۆسایدوو. لەم قۆناغەدا ترسناکترین و نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی قەدەغەکراو بەکارهێنرا بۆ قڕکردنی کورد، کە ئەویش بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بوو، بۆ لێدانی شاری هەڵەبجە لە ساڵی (١٩٩٨).
لە ئەیلولی (١٩٨٠) جەنگی خوێناوی (ئیران-عێراق) هەڵگیرسا. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هەردوو لا بوونە سوتەمەنی ئەم شەڕە خوێناوییە و هەردوو وڵات توشی زیانی ماددی گەورە بوون. لە میانەی ئەم جەنگەدا کرداری بەعەرەبکرن و ڕاگواستنی دانیشتوان بە گوڕتر بوو، بە شێووەیەکی فراوان ئەم ناوچانەی گرتەوە:

  1. لە پارێزگای سلێمانی (قەزای پێنجوێن و شارۆچکەی بیارە و شارۆچکەی سیوەیل و ئۆردوگای ناڵپارێز و گوندەکانی دەوروبەریان).
  2. لە پارێزگای هەولێر (قەزای چۆمان و گوند و شارۆچکەکانی).

لە پاش ئەوەی ڕژێـمی عێراق هەموو ناوچە سنوورییەکان بە درێژای سنوری عێڕاق - ئێران، عێراق - تورکیا، عێراق - سوریا بە بیانوی پشتێنەی ئەمنییەوە چۆڵکرد و ڕاگوێزران، ڕاگواستن تا دەهات فراوان تر دەبوو بە جۆرێک لە هەشتاکاندا بە قوڵای (٤٠کم)، ناوچە کوردییەکان ڕاگوێزران و دانیشتوانەکەنیان لە کۆمەڵێک ئۆردەگای زۆرەملێ کۆکرانەوە، لە دوای ئەمە تاوانە گەورەکەی ئەنفال دەستیپێکرد. 
هەر لە میانەی جەنگی هەشت ساڵەی (عێراق - ئێران)، کرداری راگواستن و پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان لە بەغدا و ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەستی پێكردەوە، نزیکەی نیو ملیۆن کوردی فەیلی بۆ سەر سنورەکانی عێراق - ئێران گواسترانەوە، بە بیانوی ئەوەی ئێرانین (التبعیة الایرانیة).
لە ساڵی (١٩٨٣) لە تۆڵەی ئەو شکستە سەربازییەی کە ڕژێم لە بەرەکانی جەنگ لەسەر دەستی سوپای ئێران بەسەری هاتبوو لە بەرەی جەنگی حاجی ئۆمەران، کە بووە هۆی لە دەستدانی ئەم ناوچەیە، بۆیە هەڵسا بە ڕەشبگیرکردنی بارزانییەکان، لە ئۆردوگاکانی قوشتەپە، بەحرکە، حەریر  و دیانە. ژمارەی ئەو بارزانیانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتن  نزیکەی هەشت هەزار کەس دەبوون، هەموویان نێرینە و تەمەنیان لە (١٥)ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو. صدام حسین دەربارەی چارەنوسی بارزانییەکان هیچ گومان لە زیندومانەوەیان ناهێڵێت، کە گوتی :(ئەوانەی خیانەتیان لە پەیمان کرد، بۆیە ئێـەش بە سزای توند و سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن).

تایبەت مەندی پەلامارەکانی نێوان ساڵانی (١٩٧٨-١٩٨٩) بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە لایەن سوپای بەعسەوە:

  1. کوشتن و لەناوبردنی بۆ کۆمەڵ و بێسەرو شوێنکردنی دەیان هەزار کەسی مەدەنی، کە ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ و پیر و هەندێ جار تەواوی دانیشتوانی چەند گودێك پێکەوە بووە
  2. بەکار هێنانی چەکی کیمیاوی دژ بە شاری هەڵەبجە و دەیان گوندی کوردنشین.
  3. وێرانکردنی هەزاران گوند، کە لە بەڵگەنامەکانی حکومەتدا ناویان هاتووە، (سوتاوە، تێکدراوە، تەختکراوە).
  4. وێرانکردنی مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە و کانی و سەرچاوەکانی ئاو و هەچی دەزگاکانی گشتی بوون لەم ناوچانەدا.
  5. تاڵانکردنی سەروەت و سامانی هاووڵاتیانی کورد لە لایەن سوپا و جاشە کوردەکانی سەر بە حکومەت. 
  6. دەستبەسەر کردن و بەندکردنی هەزاران ئافرەت و منداڵ و پیر، بۆ چەند مانگ بارودۆخێکی ئێجگار سەخت بە بیانوی نەیاریکردنیان بۆ حکومەت، ژمارەیەکی زۆریشیان، بە هۆی بەدخۆراکی و نەخۆشیەوە، لە گرتوخانەکان گیانیان لە دەستدا.
  7. گواستنەوەی سەدان هەزار لە دانیشتوانی گوندەکان، لە دوای وێرانکردنی گوندەکانیان، بۆ ناوچەکانی تر، دوور لە زێد و شوێنی خۆیان.


سەرچاوەکان



1169 بینین