گواستنەوەی ناچالاک-ئاسانکارە بڵاوبوونەوە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-09-23:10:00 - کۆدی بابەت: 3088
گواستنەوەی ناچالاک-ئاسانکارە بڵاوبوونەوە

ناوه‌ڕۆك

گواستنەوەی ناچالاک-ئاسانکارە بڵاوبوونەوە

جۆرێک لە جۆرەکانی گواستنەوەی ناچالاک بە ئاسانکارە بڵاوبوونەوە Facilitated difussion ناودەبرێت. ئەم کردارەش بۆ ئەو مەوادانەی کە ناتوانن بە خێرایی بە ناو پەردەی خانەدا بڵاوببنەوە بەکاردێت، تەنانەت بە هەبوونی خەستەلێژی لە پەردەکەشدا. ئەو گەردانە لەوانەیە توانای توانەوەیان لە چەوریدا نەبێت، هەروەها لەوانەیە قەبارەیان زۆر گەورەبێت وایان لێدەکات نەتوانن بە کونەکانی پەردەکەدا تێپەڕببن. لە ئاسانکارە بڵاوبوونەوەدا پڕۆتینە تایبەتییەکانی پەردەی خانە یارمەتی جووڵانەوەی ئەو جۆرە گەردانە دەدەن بۆ ئەوەی بە ناو پەردەی خانەکەدا تێپەڕببن. بەو پڕۆتینانەش دەڵێن پڕۆتینە گوێزەرەوەکان Carrier proteins.
ئەو گوێزەرەوە پڕۆتینانەی کە لە ئاسانکارە بڵاوبونەوەدا کار دەکەن گەردەکان دەگوێزنەوە لە ناوچەیەکی خەستی بەرز لە لایەکی پەردەکەوە بۆ ناوچەیەکی خەستی نزمتر لە لاکەی دیکەی پەردەکەدا. لەبەر ئەوەی گەردەکان دەگوێزرێنەوە بە ئاڕاستەی خەستەلێژیان، بۆیە ئاسانکارە بڵاوبوونەوە گواستنەوەی ناچالاک دەنوێنێت. خانە بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارە پێویستی بە وزەی زیادە نییە.
گوێزەرەوە پڕۆتین و ئەو گەدەی کە دەیگوێزێتەوە پێکەوە دەبەسترێن. ئەو کاتەی بەستنەوەوەی گوێزەرەوە پڕۆتینەکان و گەردەکە بەدیدێت، ئەوا گوێزەرەوە پڕۆتینەکە شێوەی خۆی دەگۆڕێت. ئەو شێوە گۆڕاوەش گەردەکە دەپارێزێت لە بەشە ناهۆگرەکەی ئاو کە لە جووتە چینی چەوری پەردەی خانەدا هەیە. دوای ئەوە دەکرێت گەردەکە بە پەردەی خانەکەدا بگوێزرێتەوە، لە لاکەی دیکەی پەردەکەدا گەردەکە بەڕەڵا دەبێت و گوێزەرەوە پڕۆتینەکە دەگەڕێتەوە شێوەی بنەڕەتی خۆی.
کرداری گواستنەوەی گلوکۆز نموونەیەکی باشە بۆ ئاسانکارە بڵاوبوونەوە. زۆر لە خانەکان پشت بە گلوکۆز دەبەستن بۆ دابین کردنی زۆربەی پێداویستییەکانیان لە وزە. بەڵام گەردەکانی گلوگۆز زۆر گەورەن، هەر بۆیەش ناتوانن بە ناو پەردەی خانەدا بە خێرایی بڵاوببنەوە. کاتێک بڕی گلوکۆزی ناوخانە کەمتر بێت لەوەی لە دەرەوەی خانەدە هەیە گوێزەرەوە پڕۆتینەکان ڕآدەبن بە خێراکردنی جووڵەی گلوکۆز بە ئاڕاستەی چوونە ناو خانە. گواستنەوەی گلوکۆز دوو سیفەتی گرنگ بۆ ئاسانکارە بڵاوبوونەوە ڕووندەکاتەو، یەکەمیان: ئاسانکارە بڵاوبوونەوە دەکرێت یارمەتی گواستنەوەی ماددەکان بۆ ناو یان دەرەوەی خانە بدات بەپێی خەستەلێژی. بۆیە کاتێک بڕی گلوکۆز لە ناو خانەدا زیاترە لە دەرەوەی خانەکە ئاسانکارە بلاوبوونەوەش بڵاوبوونەوەی گلوکۆز بۆ دەرەوەی خانە خێرادەکات. دووەمیان: گوێزەرەوە پڕۆتینەکانی پەیوەندیدار بە ئاساناکارە بڵاوبوونەوە هەریەکەیان تایبەتە بە جۆرێكی دیاریکراو لە گەردەکان، بۆ نموونە گوێزەرەوە پڕۆتین کە یارمەتی بڵاوبوونەوەی گلوکۆز و شەکرە سادەکانی دیکە دەدات، یارمەتی بڵاوبوونەوەی ترشە ئەمینییەکان نادات.


سەرچاوەکان



528 بینین