زیانەکانی نەخۆشی شەکرە

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-12-05:31:00 - کۆدی بابەت: 3142
زیانەکانی نەخۆشی شەکرە

ناوه‌ڕۆك

زیانەکانی نەخۆشی شەکرە


بە تێپەربوونی کات ، زۆر بوونی شەکری خوێن کار دەکاتە سەر ڕەگ و دەمارەکان و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش. ئەستوور و ڕەق بوونی ڕەگەکان (ئاتریۆسکێڕۆز) لەوانەدا کە تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن ٢ تا ٤ جار زیاترە لە خەڵکی ئاسایی، تێکچوونی سیستەمی گەڕانی خوێن دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە دڵ و گورچیلە  و مێشک و کوێری و لە کارکەوتنی گورچیلەکان و بێ هەستبوون و لە کارکەوتنی دەست و پی و چاک نەبوونەوەی برینەکان.

دەرمان

ئامانج لە دەرمانی ئەم نەخۆشیە، ئاسایی ڕاگرتنی شەکری خوێنە، لە چەشنی بەستراوە بە ئەنسۆلیندا، دەبێ بێ دابڕان لە دەرزی ئەنسۆلین کەڵک وەربگیرێ، لە چەشنی نەبەستراوەدا دەرمان بە شێوەیەکی خواردنی حەببە و بەکارهێنانی بە ڕادەی پێویست و بێ پسانەوە، لەوانەدا کە حەب کارتێکەری نامێنێ ، دەبێ ئەنسۆلین بەکاربێنن.

چارەسەر بێ دەرمان

گۆڕانی شێوەی ژیان دەتوانێ نەخشێکی بەرچاو لە پاراستنی ساغ و سەلامەتیدا بگێڕێ، بۆ ئەمەش لە بەرچاو گرتنی ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستە :
• خواردنی خواردەمەنی سالم بە تایبەت میوە و سەوزە.
• وەرزشی ڕۆژانە.
• پاراستنی پاک و خاوێنی بە تایبەت پێ و نێوان نینۆکەکانی .
• بۆ رێگری کردن لە خراپتر بوونی نەخۆشییەکە، لە بەرچاو گرتنی ڕژێمێکی دروستی خواردن زۆر پێویستە.

هاتنە خوارەوەی شەکری خوێن

زۆر جار پاش بەکارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین یان خواردنی زیادە لە پێویستی دەرمان یان زۆر کەم خواردن یان هەر نەخواردن، وەرزشی زۆر، خواردنەوەی ئەلکهول بە سکی بەتاڵ، شەکری خوێن زۆر دادەبەزێ ئەگەر چارەسەر نەکرێ ، نەخۆش بەرەو بێ هۆشی و تەنانەت مردن دەبات.

نیشانەکانی کەم بوونی شەکری خوێن (کەمتر لە ٦٠) ئەمانەن:
• دڵە خورپێ.
• عارەق کردن.
• سەرئێشە.
• هەست بە برسێتی  کردن.
• زیادبوونی کوتانی دڵ.
پاش پەیدا بوونی یەکێک لەم نیشانانە، نەخۆش دەبێ شتێکی شیرین بخوا و دوایی شەکری خوێنی بپێورێت پاش (١٥ خوولەک) و ئەگەر هەر لە خوارەوە بوو باشتر وایە نان بخوات. نەخۆشی شەکرە لە سەر ژیانی نێوان ژن و مێرد کاریگەری دادەنێت، ئەو نەخۆشییە هەستی جینساتی کەم دەکاتەوە و چوونە سەرێی شەکر بواری لە بار بۆ سەر‌هەڵدانی نەخۆشییە میکرۆبیەکان بە تایبەت لە ئەندامە جینسیەکاندا دەرەخسێنێ، ژیانی جینسایەتی تووشی گرفت دەکات.

 


سەرچاوەکان



3347 بینین