کشتوکاڵی تێکەڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-21-00:41:00 - کۆدی بابەت: 3489
کشتوکاڵی تێکەڵ

ناوه‌ڕۆك

کشتوکاڵی تێکەڵ واتە چی؟

مەبەست لە کشتوکاڵی تێکەڵ ئاژەڵدارییە جگە لە چاندنی بەروبووم ئاژەڵیش بەخێو دەکرێت، شێوازی کشتوکاڵی تێكەڵ زۆر باوە، فراوانترین ڕووبەریشی لە کیشوەری ئەوروپا و کیشوەری ئەمەریکای باکوور دەردەکەوێت.

لە کیشوەری ئەوروپادا لەوپەڕی خۆرئاواوە درێژ دەبێتەوە تا ئەوپەڕی خۆرهەڵات، لە ئەمەریکای باکوور هەر لە خۆرئاوای بەرزاییەکانی ئەبلاش تاوەکو خۆرهەڵاتی دەشتاییەکان درێژ دەبێتەوە، لە ئەمەریکای بآشوور لە باشووری بەڕازیل و ناوەڕاستی ئەرجەنتین و چیلیدا دەردەکەوێت.
لە کیشوەری ئەفەریقادا دەکەوێتە نێوان یەکێتی باشووری ئەفەریقا و زامبیاوە. ناوچەکانی ئەم جۆرە ئاو و هەواکەیان مام ناوەندییە و لە چاو خۆیدا بارانیشی زۆر لێ دەبارێت.

خاسییەتەکانی کشتوکاڵی تێکەڵ

چاندنی بەروبووم پەیوەندی بە ئاژەڵدارییەوە بەهێزە، هەردووکیشیان هاوبەشی لە داهاتی کێڵگەدا دەکەن، بەربوومی وەربەرهێنانی زەوی لەم شێوازەدا دەکرێت بە دوو کۆمەڵەوە.

یەکەمیان: بەروبوومی ئالیک وەک گەنمەشامی.

کۆمەڵەی دووەم: ئەو بەروبوومانەیە کە دەچێنرێن بە مەبەستی بازاڕ وەک گەنم و سەوزە و میوە

کشتوکاڵی کردنی ئەم جۆەر بەروبوومە ئەوەمان نیشان دەدات کە بۆچی ئەم شێوازی کشتوکاڵە بڵاوبووەتەوە لەو زەوییانەدا کە دەشتن، چونکە بە ئاسانی وەبەر دەهێنرێت بۆ کشتوکاڵ.

لەم شێوازەدا ئاژەڵی بەراز و مانگای گۆشتن و پەلەوەر بەخێودەکرێت، ئالیکیش دەدرێت بە ئاژەڵەکان لە کێڵگەدا بێ ئەوەی ئەو ئاژەڵانە لە کێڵگەدا بسووڕێنەوە.

لە چوارچێوەی ئەم شێوازی کشتوکاڵەدا خولی کشتوکاڵی پەیڕەو دەکرێت کە ئالیکیشی لەگەڵدایە.

سەرمایەیەکی زۆر بەکاردەهێنرێت بۆ کڕینی ئاژەڵ و ئامێری کشتوکاڵ.

لە هەموو شێوەکانی تری کشتوکاڵ زیاتر پەیین بەکار دەهێنرێت، لە ئەوروپادا بەرهەمهێنانی پەیین دادەنرێت بە گرنگترین مەبەست بۆ بەخێوکردنی مانگا.

لەو ناوچانەدا هەیە کە چڕی دانیشتوانی زۆرە لەبەر ئەوەی پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری هێزی کارگەر هەیە و لە هەمان کاتیشدا بازاڕێكە بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی.

کشتوکاڵی تێکەڵ جۆرە نەرمییەک لە بەرهەمهێناندا بەدی دێنێت کە لەو کشتوکاڵانەدا نییە کە یەک جۆر بەرهەم دەدات، چونکە کێڵگەکە لە سەرچاوەیەک زیاتری تێدا هەیە وەک بەروبوومی کشتوکاڵی و گۆشت.


سەرچاوەکان



1128 بینین