فەلسەفە و واتاکانی 

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-23-20:23:00 - کۆدی بابەت: 3598
فەلسەفە و واتاکانی 

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفە و واتاکانی 

چەمکی فەلسەفە

شتێکی ئاسان نییە، توێژەر بتوانێت پێناسەیەکی کورت و ورد و سەرەتاپاگیر بۆ فەلسەفە بکات هەروەکو لە پێناسەکردنی هەندێ زانستی دیکەدا بەرچاو دەکەوێ، چونکە واتای فەلسەفە لە بەرە بەرە لەتەک ئەو گۆڕانکارییە مێژووییەی زانیاری مرۆڤایەتی و خودی فەلسەفەدا گۆڕانی بەسەرهاتووە.
فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە لە هەردوو وشەی فیلۆ و سۆفیا پێکهاتووە، وشەی فیلۆ بە مانای خۆشەویستی دێت و  سۆفیاش بە مانای دانایی (حیکمەت) دێت کە پێکەوە مانای خۆشەویستی بۆ دانایی دەگەیەنێت.
فەلسەفە دەیەوێت بە ئاشکرا سنووری ئەو شتانە دیاری بکات کە بابەتی توێژینەوەکانییەتی، تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت فەلسەفە بەوە پێناسە بکرێت کە (زانستی زانیاریەکانا) یان، بۆ نموونە: ئەگەر مامۆستای زانستەکان، نە بایەخ بە ناساندنی زانستەکەی بدات و، نە بە دیاریکردنی واتای زۆر لەو وشانەی بەکاریان دێنێت وەک (ماددە)، (جووڵە)، (هۆکار)، (یاسا) ...هتد،  مانای ئەوە نییە کە پشتگوێی خستوون، بەڵکو لەوەیە کە ئەم ئەرکە بۆ فەیلەسوفان جێ دێڵێت. جا لە بەر ئەوەی بیر و چەمکەکانی فەیلەسووف کە بابەتی توێژینەوەیین، بەزۆری هەست پێکراو و بەرجەستە نین. بەڵکو بریتین لە بیر و چەمک و لێکدانەوەی دامڵدراو، بۆ نموونە: (فەیلەسووف لە بری ئەوەی باسی مرۆڤێک بکات باسی چەمکە گشتییەکانی هەموو مرۆڤەکان دەکات کە ئەویش مرۆڤایەتییە، هەروەها لە بری ئەوەی باسی ڕەنگی تەباشیر یان باسی دیواری گەچکراو بکات، بە گشتی باسی "سپێتی" دەکات. جا لە بەر ئەوەی باسەکە بەم جۆرە کەوتۆتەوە، ئەوا هەر لە سەرەتاوە نابێت چاوەڕوانی ئاشکرایی و ڕوونی بکەین لە فەیلەسووف لە پێناسەکردن و توێژینەوەی فەلسەفەدا، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە لە بەر ئەوەی فەلەسووف لەم کارەیدا پشت بەو بیر و بۆچونانەی دەبەستێت، بۆیە دەبێ ئەوەی لێ چاوەڕوان بکەین کە جیاوازی و ناکۆکی لە پێناسە و لێکۆلینەوەکانیدا هەبێت، لەبەر ئەمە راستیان وتووە کە: تاکە فەلسەفەیەک نییە، بەڵکو فەلسەفەی زۆر و ئاراستەی جۆراوجۆر هەیە لەوانەیە هێندەی ژمارەی فەیلەسووفەکان فەلسەفەی جیاواز هەبێت، بۆیە لەم بارەدا گرانە پێناسەیەکی سەرتاپاگیری بۆ بکرێ. لەبەر ئەوە دەڵێن "فەلسەفە هەوڵدانێکی چاکی مرۆڤە بۆ گەڕان و توێژینەوە و ئەزموونەکان، نەوەک زاراوەیەک بێت بۆ پێناسەکردن".
ئەمە لەتەک پێناسە کۆن و نوێیەکاندا دژوار و ناتەبا نییە، وەک ئەوەی وا پێناسە کراوە کە فەلسەفە گەڕانە بە دوای ڕاستییەکاندا، یان خۆشەویستیە بۆ دانایی و لەم بابەتانە، هەروەک لەمەو دوا ڕوون دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەتواندرێت بوترێت کە یەک فەلسەفە نییە، بەڵکو فەلسەفەکاری هەیە.
"فەلسەفەکاری": (چالاکییەکی ژیریی هۆشیارانەیە، کە فەیلەسووفان هەوڵدەدەن بەهۆیەوە لە سروشتی بیر و سروشتی واقیع و ئەزموونی مرۆڤایەتی تێ بگەن).

پوختەی پێناسەکانی  فەلسەفە

ئێمە هەندێ پێناسەی فەلسەفە پێشکەش دەکەین بۆ تێگەشتنی فەلسەفە بە ئاسانی. فەلسەفە چالاکییەکی بەرنامەڕێژە بۆ زانینی ڕاستییەکان لە ڕووخسارە جیاوازەکایدا، لە نێویشدا گەردوون و مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نێوانیان، فەلسەفە هەوڵ دەدات لە واتای گەردوون و ژیان بگات، و شیکردنەوە لە سەر پەیوەندی مرۆڤ بە گەردوونەوە بکات، لەلایەکەوە لەڕووی توانای مرۆڤ لە زانین و ‌هەڵسەنگاندنی بۆ گەردووون، و لەلایەکی دیکەشەوە ئەرک و مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆی و ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژی و بەرامبەر کەسانی دیکەش).


سەرچاوەکان

1600 بینین