دانیشتوانی کۆنی کوردستان - سوباریەکان

له‌لایه‌ن: - ئاریان ئومێد - به‌روار: 2021-03-27-01:17:00 - کۆدی بابەت: 3768
دانیشتوانی کۆنی کوردستان - سوباریەکان

ناوه‌ڕۆك

سوباریەکان كێ بوون؟

کۆنترین ئاماژە بە خاکی کوردستان بە ناوی (سوبیر یان سوبارتو یان شوبیر) هاتووە، کە مەبەست لێی ئەو خاکەیە کە دەکەوێتە نێوان چیاکانی ئورز لە لوبنانی ئەمڕۆ تا چیاکانی ئەنشان لە ئێراندا، بەڵام هەندێکیش دەڵێن مەبەست لەو خاکەیە کە لە چیاکانی زاگرۆسەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ڕووباری خاپور، کە لە هەردوو حاڵەتدا بەشێکی فراوانی ئەو خاکەی کوردستانی ئەمڕۆ دەکات.
ناوی (سوبار) بۆ یەکەمین جار لە نووسینەکانی پادشای سۆمەری (ئەیاناتم ٢٤٧٠-٢٤٤٣پ.ز) هاتووە، کە لەو کاتەدا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە، ئەم ناوەش گوزارشت بووە بۆ ئەو خەڵکانەی لە ناوچەیەک بە ناوی (سو) نیشتەجێ بوون کە پێدەچێت کەوتبێتە باشووری ڕۆژئاوای دەریاچەی وانەوە، وە وشەی (بار)یش لە زمانی سۆمەریدا بە مانای (دەرەوە) دەگەیەنێت، ئەمەش مانای ناوی (سوبار) نیشاندەدا کە مەبەستی ئەو خەڵکانەیە کە لە دەرەوەی سنووری سۆمەریدا دەژین.

لە دەقێکی دیکەی سۆمەریدا کە باس لە ڕاپەڕینی کەسایەتیەکی شاری بابل دەکات بە ناوی (مەردۆک پلادان ٧٢١-٧١٠ پ.ز) لە دەقەکە ناوی پادشای ئاشووریەکان دێنێ و بە پادشای وڵاتی سوباری ناوزەندی دەکات، کە ئەمەش گوزارشتێکی ڕوونە سەبارەت بەوەی ئاشووریەکان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە نین و پێش ئەوان سوباریەکان لەوێدا نیشتەجێ بوون، بە چەشنێک کاریگەری کلتووری و ئاینیشیان لەسەر ئاشووریەکان بەجێ هێشتووە، ناوی هەنێک لە پادشاکانی ئاشوور وەک (کیکیا-ئوشپیا) لە بنەڕەتدا سوبارین، وە هەنێک جار پادشایانی ئاشوور سوێندیان بە خواوەندەکانی سوباری خواردووە، شاری ئاشووریش پێش ئەوەی ناوی بە ئاشوور بڕوا، پێی دەگوترا (بالتیل) کە هەر ئەو دەمە بە وڵاتی ئاشووریش دەگوترا (سوبی)، ئەمانە هەموو بەڵگەی ڕوونن لەسەر بێگانەبوونی ئاشووریەکان و خانەخوێی و ڕەسەنی سوباریەکان لە ناوچەکەدا.

سوباریەکان چەند جارێکی کەم داگیرکاریان بۆسەر خاکی نەتەوەکانی چواردەوریان کردووە، وەک داگیرکردنی شاری (ئور) کە بە هاوپەیمانی ئیلامیەکان ئەنجام دراوە، بەڵام وەک دیارە داگیرکاری سوباریەکان ناچاری بووە و بۆ بەدەست هێنانی خۆراک بووە نەک داگیرکاری خاک، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەوەیە کە دوای تاڵان کردنی کۆگای خۆراکی شارەکان، بەرەو ناوچەکانی خۆیان کشاونەتەوە.
بێگوومان ئەم داگیرکاریانەش زیاتر لەو ساڵانە ئەنجام دراون کە وشکەساڵی بوبێ یان بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری توشی ئافاتێک بوبێت و خواردن نەمابێت.

بەڵام گەلانی چواردەوریان بێ لە خواستی بەدەست هێنانی خۆراک، چەند جارێک بە ئامانجی ملکەچ پێکردنیان و داگیرکردنی خاکەکەیان هێرشیان کردووەتە سەریان، لەوانە دوو داگیرکاری ناوداریان کە مێژووەکەیان دیارە کە جارێک لەسەردەمی پادشا (ئەیاناتمی سۆمەری ٢٤٧٠-٢٤٤٣پ.ز) و جارێکی تریش لەسەردەمی پادشا (سەرجۆنی ئەکەدی ٢٣٧١-٢٣١٦پ.ز)بووە، کە بەشێک لەو زانیاریانەی لەسەر سوباریەکان هەمانن لە نووسینی نوسەرەکانی ئەم پادشایانەن کە جەنگ و چالاکیەکانی پادشاکانیان تۆمار کردووە، هەر ئەوان وەک کۆنترین دانیشتوانی کوردستان ئاماژەیان بە سوباریەکان کردووە، هەڵبەت گوومانی تێدانیە نووسینەکان کەموو کورتیان زۆرەو دەشێ بە ئەنقەست یان لە نەشارەزایی و هەر هۆکارێکی دی زۆر ڕاستی گرنگ و پێویستیان لەمەڕ دانیشتوانی ناوچەکەوە نەخستبێتە بەر باس، بەڵام ئەوەی ئێمە سەبارەت بە دانیشتوانی کۆنی کوردستان بە دەق دەتوانین بیسەلمێنین هەر ئەوەیە کە سوباریەکان کۆنترین دانیشتوانی کوردستانن کە ناویان تۆمار کرابێت و لە پێش نەتەوە سامیەکانەوە لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون و خەڵکی ڕەسەنی ئەم خاکەن.


سەرچاوەکان



2355 بینین