نوێژکردن بە دانیشتنەوە

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-27-04:36:00 - کۆدی بابەت: 3779
نوێژکردن بە دانیشتنەوە
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

هەر کەسێک بە دانیشتنەوەش نەیتوانی نوێژ بکات، چونکە زۆر نەخۆش بوو، یان دەست و قاچی بەسترابوو، ڕوو لە قیبلە لەسەر تەنیشتی ڕاستەی نوێژ دەکات.

ناوه‌ڕۆك

باسی نوێژکردن بە دانیشتنەوە

هەر کەسێک توانای نەبوو بە پێوە نوێژ بکات لەو نوێژانەی کە واجبن، جا لەبەر نەخۆشی نەیتوانی بە پێوە بیکات، یان شوێنەکە زۆر نەوی بوو نەیتوانی خۆی ڕاست بکاتەوە، یان لە ترسی دوژمن نەیتوانی هەستێتەوە سەر پێ چونکە خۆی لە مەکۆ ناووە، یان بووبووە چاودێری جموجوڵی دوژمن، ئەگەر هەڵسێتەوە سەرپێ ئاشکرا دەبوو، هەریەکێک لەوانە نوێژە فەرزەکەی بە دانیشتووی ئەکات، ئینجا بۆ ڕکووع خۆی دادێنێتەوە خوارەوە تا نێوچاوانی بەرامبەر ئەژنۆیەکانی دەبێ، ئینجا سوجدەیش بە تەواوی ئەبات. ئەگەر ئەیتوانی بە پێوە نوێژ بکات بەڵام پشتی چەمابوو، جا لەبەر نەخۆشی، یان شوێنەکە نەختێک نەوی بوو، ئەوە ئەبێ بە چەماوەیی نوێژ بکات و بۆ ڕوکووعیش زیاتر خۆی کوڕ بکاتەوە، ئینجا سوجدەش بە تەواوی ببات. هەر کەسێک بە دانیشتنەوەش نەیتوانی نوێژ بکات، چونکە زۆر نەخۆش بوو، یان دەست و قاچی بەسترابوو، ڕوو لە قیبلە لەسەر تەنیشتی ڕاستەی نوێژ دەکات. هەر کەسێک نەیتوانی لەسەر تەنیشت نوێژ بکات، لەسەر پشت درێژ ببێت و بەرە پێی لە قیبلە بکات و شتێک لە بن سەریدابنێت و نوێژ دەبکات، جا ئەوانە هەردووکیان چۆن بۆیان بگونجێ سوجدە و ڕوکووع ئەبەن، ئەگەر نەگونجا، ئەبێت بەسەری خۆیان ئاماژە بۆ سوجدە و ڕوکووع بکەن، جا ئەگەر نەیانتوانی، با بە چاو ئاماژەیان بۆ بکەن، ئەگەر هەر نەیانتوانی، ئەبێت بە دڵ نوێژ بکەن، واتە تا هۆشی مابێت، نابێ واز لە نوێژ بهێنێ (عن عمران بن حُصين رضي الله عنهما قال: قال لي النبي صلى الله عليه وسلم: صلِّ قائمًا، فإن لم تستطع فقاعدًا، فإن لم تستطع فعلى جنبٍ) رواه البخاری، وزادالنسائی (فإن لم تستطعْ فمستلقيًا) پێغەمبەر ﷺ فەرمووی نوێژ بە پێوە بکە، ئەگەر نەتتوانی بە دانیشتوویی بیکە، ئەگەر نەتتوانی لەسەر تەنیشت بیکە، ئەگەر نەتتوانی لەسەر پشت بیکە. ئەوەی گوتمان هەمووی بۆ نوێژە فەرزەکان بوو، بەڵام سوننەت بە هەموو جۆرێک دروستە، چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (مَن صلَّى قائمًا فهو أفضَلُ، ومَن صلَّى قاعدًا فله نِصفُ أجرِ القائمِ، ومَن صلَّى نائمًا فله نِصفُ أجرِ القاعدِ) رواه أصحاب السنن، هەر کەسێک بە دانیشتووی نوێژی سوننەت بکات، نیوەی خێری بە پێوەی هەیە، وە هەر کەسێک بە پاڵدانەوە نوێژی سوننەت بکات، نیوەی خێری دانیشتووی هەیە، بەڵام ئەبێ بۆ ڕکووع و سوجدە دابنیشێ. قورئان خوێندن و هەموو زیکرێکی تریش بە پاڵدانەوە و لەسەر شت وەک دانیشتن دروستە و خێری هەیە.


سەرچاوەکان



1509 بینین