ئەرکەکانی دراو - Money Functions

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-27-22:23:00 - کۆدی بابەت: 3789
ئەرکەکانی دراو - Money Functions

ناوه‌ڕۆك

ئەرکەکانی دراو چین؟

دراو دوو ئەرک دەبینێت:

  • ئەرکی یەکەمی کە پێی دەوترێت ئەرکی سەرەکی یان بنەڕەتی، چونکە پێوەرێکە بۆ ئالوگۆڕکردن و پیوەری بەهایە و یەکەی حساب کردنە.
  • ئەرکی دووەمی کە پێی دەوترێت ئەرکە داتاشراوەکان و یان لاوەکییەکان کە گوزارشتە لەوەی دراو کۆگای بەهاکانە و ئامرازێکە بۆ پاشەکەوت کردن، هەروەها ئامرازێکە بۆ پێدانی دواخراوەکان و پاکۆکردن.

دراو هۆکارێکە بۆ ئاڵوگۆڕ کردن

ئەم ئەرکە یەکەم ئەرکە کە دراو کردوویەتی و تا ئێستاش دەیکات، ئەمەش دوا مامەڵەکردن بە شێوازی سەوداکردن (شت بە شت) هاتۆتە کایەوە، لە سایەی ئەم ئەرکەدا لە قۆناغی یەکەمی مامەڵەکردن شمەکەکان بە دراو دەگۆڕدرانەوە کەچی لە قۆناغی دواتر گۆڕینەوەی دراو بوو بە شمەکەکانی تر.
دەتوانین ئەم ئەرکە لە ماینەی مامەڵەکردنی ڕۆژانەماندا تێبینی بکەین. کەسەکان مووچە و کرێیەکانیان ڕۆژانە یان مانگانە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی ڕەنجەکانیان وەردەگرن، بەڵام هەموو داهاتەکانیان لە کاتی وەرگرتنیدا خەرج ناکەن، بەڵکو کرداری خەرج کردن لە ماوە و کاتی یەک لە دوای یەکدا و بە بەردەوامی و تا ڕادەیەک لێک دوور ئەنجام دەدرێت (سەرەتای وەرگرتنی داهات تا کۆتایی خەرج کردنەکە).
ئەم ئەرکەی دراو لە سروشتی دراوەکە کەوا قەبووڵکراوە لە نێوان لایەنە مامەڵە پێکراوەکاندا وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئاڵوگۆڕکراوەکان و قورزەکاندا، بۆیە بە دراو دەگوترێت (هێزی کڕین).

دراو پێوەرە بۆ بەها و یەکەیەکە بۆ حیساب کردن

لە بنەڕەتدا دراو بۆ ئەوە دانراوە نرخ و بەهای شمەک و خزمەتگوزارییەکان دیاری بکات. بە واتاەیکی دیکە دەکرێ بەهای شمەک و خزمەتگوزارییەکان بۆ پێوەرێکی هاوبەش بگەڕێتەوە کە ئەویش دراوە، لەسەر ئەم بنەمایە بەراوردی ڕێژەیی لە نێوان بەهای شمەک و خزمەتگوزارییە جیاجیاکان ئەنجام دەدرێت. کاتێک کە دراو بە ئەرکی پێوەری بەهاکان هەڵدەستێت پێویستە بەهای دراو تا ڕادەیەک چەپساو و جێگیر بێت، چونکە ناکرێ تا سەر ئەم بەهایە چەسپاو جێگیر بمێنێتەوە.
مەبەست لە بەهای دراو هێزی کڕینەکەیەتی کە گوزارشتە لە بڕی ئەو شمەک و خزمەتگوزاریانەی کە دەتوانرێت بەدەست بهێنریت لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕکردنی لەگەڵ یەکەی دراو لە ماوەیەکی دیاریکراودا.
لە ڕوانگەی ئەم ئەرکەوە دەکرێ دراو ئامرازێکی گونجاو بێت بۆ حیسابکردن، چونکە کرداری ژمێرکاری ئاسان دەکات بۆ ئەوەی هەڵبستێ بە کاری جۆراوجۆر و جیاجیاکان لە قەبارە و بەها و کێش، پڕۆژە و کۆمپانیا و دامەزراوەکان هەڵدەستن بە ئامادەکردنی بوودجەکانیان ئەویش لە ڕێگای خەمڵاندنی ئەو شتانەی کە هەیەتی و ئەو شتانەی کە دەیەوێ بە پشت بەستن بە دراو دەبێ وەک ئامرازێکی حیسابکردن.

دراو کۆکەرەوەی بەهاکانە و ئامرازێکە بۆ پاشەکەوت کردن

ئەم ئەرکەی دراو داتاشراوە لەبەر ئەوەی بەهای شمەکەکان بۆ ماوەیەکی در‌ژ ناکرێ بپارێزرێت، چونکە دووچاری فەوتان و تێکچوون دێن و یان ناتوانرێت هەڵ بگیرێت، بۆەی دراو بەم ئەرکە هەڵدەستێت و بەهاکانی سەرجەم شمەک و خزمەتگوزارییەکان بە کۆگا دەکات، هاوکات دەکریت لەجیاتی شمەکە ماددی و نا مادییەکان کە ئارەزووەکانی تاک و گروپەکان دەستەبەر دەکات تا بەکار بهێنرێن.
لەبەر ئەوەی دراو هەردوو کرداری کڕین و فرۆشتن لێک جیا دەکاتەوە لە کاتی ئاڵوگۆڕکردندا، هاوکات هەڵدەستێت بە هەڵگرتنی بەهای شمەکەکان و بەدەست هێنانیان لە ماوە و کاتەکانی دواتردا، کە ئەمەش وا دەکات ببێتە ئامرازێک بۆ پاشەکەوتکردن، بە جۆرێک هەر تەنها دواخستنی کرداری ئاڵوگۆڕکردنی دراو بەرامبەر شمەک و خزمەتگوزارییەکان بۆ ماوەیەکی دواتر لە ئایندەدا، ئەمە مانای وایە کە دراو ئەرکی پاشەکەوتکردنی بەجێ گەیاندووە، ئەویش بەهۆی هەڵگرتنی بەهای شمەک و خزمەتگوزارییەکان لە کاتی دیاریکراو، لێرەدا گرنگی چەسپاندن و جێگیربوونی ڕێژەی بەهای دراو بەدیار دەکەوێ بۆ ئەوەی دوور بێت لە دابەزینی هێزی شت پێ کڕینی، بۆیە فاکتەرێکی گونجاوە لەوانەی تر بۆ ئەوەی ئەرکی پاشەکەوتکردن لەئەستۆ بگرێت، ئەویش بەهۆی بوونی متمانەی (سیولە)ـی تەواو لەچاو جۆرەکانی دیکە کە لەبارن بۆ پاشەکەوتکردن.

دراو ئامرازێکە بۆ دانەوەی دواخراوەکان

ئەم ئەرکەی دراو کە داتاشراوە توانای دراو بەدیاردەخات لە بەجێگەیاندنی ئاڵوگۆڕە دواخراوەکان لەگەڵ ئاڵوگۆڕە هەنووکەییەکان، ئەوە مانای وایە مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەی دراو وەکو ئەرکی ئاڵوگۆڕکردن ببینێت پێویستە بە شێوەیەکی گشتی قەبووڵ بکرێت بۆ دانەوەی قەرزەکان و پاکۆ کردنەکان.
لە ئەنجامی ئەم هەموو کار و ئەرکانە دراو کردارەکانی قەرزدان و قەرز وەرگرتن ئاسان دەکات و دامەزراوە داراییەکانی تر و تاکەکان ''متمانە'' دەبەخشێتە کۆمپانیا و حکومەت و تاکەکان، بە تایبەتی کۆکردنەوەی پاشەکەوت و بەشداری کردن لە کەڵەکەکردن (تراکم)ـی سەرمایە و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەرهەم فراوان دەکات، بەم جۆرە گرنگی ئەرکی دراوە وەک ئامرازێک بۆ دانەوەی دواخراوەکان ڕوون دەبێتەوە، بۆیە پێویستە دراو بەهای تا ڕادەیەک چەسپاو بێت بۆ ئەوەی بتوانێ لە دانەوەی دواخراوەکان لێهاتووبێت، چونکە گۆڕینی بەهای دراو کار دەکاتە سەر لایەنی ئالوگۆڕ کراوەکان، کە لە ئاکامدا دەبێتە مایەی زەرەرمەندی لایەنێک و سوودمەندبوونی لایەنەکەی دیکە.

ئەرکە دینامیکییەکانی دراو چین؟

ئەو ئەرکانەن کە دراو دەتوانێت پێی هەڵسێت و کار بکاتە سەر چالاکییە ئابووریەکان و ئاستەکانی گەشەسەندنی و ڕەنگدانەوەی بەسەر بەهای دراو و هێزی شت پێکڕینی، و کاریگەری لەسەر تەرخانکردنی دەرامەتەکان و دابەشکردنی داهات و سامان و هەموو گۆڕآوەکانی تر.


سەرچاوەکان



2604 بینین