ناوهڕۆك
لولوبیەکان كێ بوون؟
یەکێکن لەو گەل و هۆزە دێرینانەی کە لەسەر خاکی کوردستان ژیاون، لە دەقە مێخیەکان ناویان بە چەند شێوازێکی جیاوازی وەک (لوللوبوم، لوللوبوما، لوللومێ، لنوللوم..هتد)هاتووە.
مێژووەكەیان
هیچ بەڵگەیەک نیە بیسەلمێنێ ئەم کۆمەڵەیە پێش یاخود دوای سوئیەکان لەم ناوچەیە نیشتەجێ بووبن، ئەوەی ڕوونە شوێنی نیشتەجێ بوونیان ناوچەکانی شارەزورو سلێمانی ئەمڕۆو دەشتی زەهاوی گرتوەتەوە، لەسەردەمی ئاشووری نوێ (٩١١-٦١٢ پ.ز) ناوچەکانیان بە زاموا ناسراوە.
هەرچەند باوەڕوایە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان تا نزیکی دەریاچەی وان ڕۆیشتووە بەڵام بۆ ئەوە بەڵگەیەکی بەرچاو نیە، وەک وتمان ئەوەی تەواو ڕوونە بوونی لولوبیەکانە لەو ناوچە جوگرافیانەی ئاماژەمان پێیدا کە ناوەندی حوکمداری و دەسەڵاتیان بووە.
لولوبیەکان پێدەچێ دامەزرێنەری شانشینی (خەمازی)بن کە لەم ناوچەیەدا دەسەڵات داربووە و هەنێک جاریش کێبڕکێ و ڕووبەڕوبونەوەی لەگەڵ شارە دەوڵەتەکانی باشووردا بۆ دروست بووە، وەک کێشەو ناکۆکی لەگەڵ پادشایانی (کیش و وەرکا) و لە دواتریشدا لەگەڵ (نەرامسینی ئەکەدی ٢٢٦٠-٢٢٢٣پ.ز) کە دەتوانین بڵێین ئیمپڕاتۆرێکی گەورەی ئەو ڕۆژگارە بووە نەک هەر پادشای شارە دەوڵەتێک.
وە ئاشووریەکانیش زۆرجار هێرشیان کردووەتە سەر نیشتیمانی لولوبوم، وەک لە دەقێکی (شەلمانسەری سێیەم ٨٥٨ - ٨٢٤پ.ز)دا دەردەکەوێت و ئاماژە بەوە دەکات لە داگیرکاریەکانیدا گەیشتووە بە (دەریای لولوبوم) کەپێدەچێ مەبەستی لە دەریاچەی زرێبار یان ورمێ بێت.
لولوبیەکان لە لای دوژمنەکانیان بە بوێرو دڕندە ناوزەند کراون و جەنگاوەرەکانیان کڵاوی درێژیان لە سەردابووە و پرچیان هەبووە، جلوبەرگەکانیان لە پێستی ئاژەڵەکان دروستکراون، چەکەکانیان ڕم و تیروکەوان بووە.
ئاشووریەکان کە زۆرترین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکەیان، لە چەندین دەقی جیاوازدا ئاماژەیان بەو هێرشانە داوەو وردەکاری شەڕەکانیان نووسیوە، وەک دەر دەکەوێ زۆرجار هێرشی ئاشووریەکان بەهۆی یاخی بوونی لولوبیەکان بووە لە دەسەڵاتەکەیان، وەک یاخی بوونەکەی پادشا (نور حەدد) کە لە دەسەڵاتی ئاشووری هەڵگەڕاوەتەوەو سوپای ئاشووریش هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەری و لە دەربەندی بازیانی ئەمڕۆ کە ئەوکات بە (بابیت) ناسرابوو شەڕ لە نێوانیان ڕوویداوە و ئاشووریەکان بە گرتنی چیاکانی چواردەوری دەربەندەکە توانیویانە بچنە پشتی شورا دروستکراوەکەی لولوبیەکانەوە و دوای شەڕێکی سەخت زۆربەی شارەکانیان بگرن، بەڵام سوپا شکاوەکەی لولوبی خۆی ڕادەست نەکردووە، بەڵکوو ڕوویان لە چیای (کینیبا) کرد کە ئاشووریەکان پێیان دەوت (نیسیر)، باوەڕوایە مەبەست لە چیای پیرەمەگرون بێت، ئاشووریەکان بۆ سەرکوتکردنی ئەو یاخیانە هێرشێکی فراوانیان کردە سەر شاخەکە بەڵام بە شکستێکی گەورە بۆیان کۆتایی هات.
ئایینیان
لولوبیەکان لە ڕووی ئاینیەوە کۆمەڵگایەکی فرە خوداییان هەبووە، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر خواوەند بوون کە باوەڕوایە هەر هۆزێک و خواوەندی تایبەتی خۆی هەبووبێ، وەک لە دەقێکی پادشای ئاشووری (تیگلات پلاسەری یەکەم ١١١٥-١٠٧٧ پ.ز) هاتووە، لە ئەنجامی هێرشێکدا پەیکەری (٢٥) خواوەندی لولوبی بە تاڵان بردووە، هەروەها (ئاشوور ناسر پاڵ)یش دەڵێ لە هەڵمەتێکدا (گایەکی لە مس دروستکراوی پیرۆز)ی بردووە.
هەروەها یەکێک لە پادشا ناودارەکانی لولوبی بە ناوی (ئانوبانینی) کە نەخشێکی لە ناوچەی سەرپێلی زەهاو بەجێ هێشتووە ناوی چەندین خواوەندی هێناوە وەک (عەشتار، ئەدەد، سین، ئانو، ئەنلیل، ئەنتوم، نینلیک،... زۆری تریش).
لولوبیەکان تا کۆتایی دەسەڵاتی ئاشووریەکانیش جارو بار ناویان لە دەقەکان هاتووە و وەک خەڵکێکی شارەزا لە بیناسازی و پەیکەرتاشی ناسرابوون، لە دوای ڕووخانی ئاشوورەوە ناویان بەو شێوەیەی پێشتر نەماوە، بەڵام بێگوومان وەک دانیشتوانی ناوچەکە ماونەتەوە.