ڕووەکە گوڵدارەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-03-12:15:00 - کۆدی بابەت: 4091
ڕووەکە گوڵدارەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕێگاکانی لە ڕووەکە گوڵدارەکان

پیتین

ڕووەکە گوڵدارەکان گەورەترین کۆمەڵەی ڕووەکین و زۆرترینیانن لە ڕووی جۆرەوە بەشێک لە سەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ گوڵەکانیان. گوڵەکانیش خۆیان گونجاندووە بۆ توخمە زۆربوون، کە لە کاتی توخمە زۆربوون نێرە خانەیەک هەڵدەستێت بە پیتاندنی هێلکەخانە. کرداری پیتین لە ڕووەکە گوڵدارەکاندا لە گوڵدا ڕوودەدات. کرداری پەڕین کاتێک ڕوودەدات کە دەنگە هەڵاڵەکان لە پۆرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ کۆسپ بە شێوەیەکی ئاسایی. با و گیانەوەران دەنکە هەڵاڵەکان دەگوازنەوە لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێکی دیکە. دەنکە هەڵاڵەکان نێرە خانەکانیان تێدایە، پاش ئەوەی دەنکە هەڵاڵەکان بە کۆسپەوە دەنووسێن، لەهەر دەنکێک بۆرییەک گەشە دەکات، ئەم بۆرییە بەقەڵەمدا گەشە دەکات و بەرەو هێلکۆکە لە هێڵکەداندان. هەر هێلکۆلەیەک یەک ‌هێلکە خانەی تێدایە. نێرە خانەکان لە دەنکە هەڵاڵەکانەوە دەگوازرێنەوە و بە بۆری هەڵاڵەدا دێنە خوارەوە بەرەو هێلکۆکەکان. کاتێک پیتێن ڕوودەدات کە نێرەخانەیەک یەک بگرێت لەگەڵ خانەی هێلکە لە هێلکەداندا.

لە گوڵەوە بۆ بەر

پاش ڕوودانی پیتین، هێلکۆکە پەرەدەستێنێت و دەبێتە تۆو، تۆویش ڕووەکێکی زۆر بچووکی گەشەنەکردووە، هێلکەدان کە دەوری هێلکۆکەی داوە دەبێتە بەر، کرداری بوونە بەر لە گووڵەوە واتە پەرەسەندنی تۆو بەم شێوەیە:

  1. ڕووەکێکی پێگەیشتوو گوڵێک بەرهەم دێنێ  و پاشان پەڕین و پیتین ڕوودەدات.
  2. هەر هێلکۆکەیەک لە هێلکەدانی گوڵدا هێلکە خانەیەکی پیتراوی تێدایە.
  3. دواتر وەرینی کۆپەرە و نێرەک 
  4. هێلکەدان دەگۆڕێت بۆ بەر و هەر هێلکۆکەیەک دەبێتە تۆو، لە کۆتاییدا بەرەکان گەشەدەکەن و تۆوەکان بڵاودەکەنەوە.
  5. هەر تۆوێک ڕووەکێکی زۆر بچووکی تێدایە ئەگەر تۆوەکە ڕوودا یان دەستی بە گەشەکردن کرد ئەوا دەبێتە ڕووەکێکی نوێ.

کاتێک بەر هەڵدەئاوسێ و پێدەگات پاریزگاری بۆ تۆوە گەشە کردووەکان دابیندەکات. لە زۆربەی کاتدا بەرەکان یارمەتی ڕووەک دەدەن لە بڵاوبوونەوەی تۆوەکانی. زۆربەی بەرەکان بۆ خواردن دەست دەدەن لەوانەیە گیانەوەران ئەم بەرانە بخۆن و تۆوەکان لە پاشەڕۆکانیان بکەنە دەرەوە بۆ دووە لەو ڕووەکە، کە هەندێ بەری تر لەوانەیە زبر یان دڕکاری بن و بە فەرووی گیانەوەرانەوە دەنووسێن کە بەلایاندا دەڕوات. هەندێ بەر لەوانەیە بە هۆی باوە هەڵبگیرێن.

لە تۆوە بۆ ڕووەک

ئەو کاتەی پەرەسەندی تۆوەکە تەواو دەبێ، رووەکە کۆرپەلەیەک لە ناو تۆوەکە لە گەشەدەستێ وە لەوانەیە تۆوەکە بچێتە باری متبوون، و جالاک نابی، مت بوون وشەیەکە باری نا چالاکی تۆو یان بەشێکی ڕووەک کە لە بارودۆخێکی نەگونجاو دایە بۆ گەشەکردن وەسف دەکات. زۆرجار تۆوەکان دەتوانن لە ماوەی مت بووندا بە زیندوویی بمێننەوە بۆ ماوەی درێژ لە وشکیەتی یان پلەی گەرمی نزم، هەندێ تۆو بۆ شکاندنی ماوەی متبوونیان پێویستیان بە بارودۆخی زۆر سەخت هەیە وەک وەرزی زستانی سارد یان ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکەن. لە کاتێکدا تۆوەکان بڵاودەبنەوە لە خاکدا، یان دەچێنرێن لە ژینگەیەکی گونجاودا ئەوا دەڕوێن، وە بۆ ئەوەی بڕوێن پێویستیان بە ئاو و هەواو پلەی گەرمی مامناوەند هەیە و هەر جۆرە ڕووەکێک پلەیەکی گەرمی نموونەیی هەیە کە تێیدا زۆربەی تۆوەکانی دەست بە گەشە دەکەن، پلەی گەرمی نموونەیی بۆ گەشەی ڕووەکەکان نزیکەی ٢٧ پلەی سیلیزیە. کاتێک تۆو گەشە دەکات و ڕووکێکی نوێ پێکدێنێ یەکەم جار ڕەگەکان گەشە دەکەن پاشان ڕووەکەکە گەورە دەبێت و خاکەکە قڵیش پێدێنێ و بەردەوام دەبێ لە گەشەکردنی.

ڕێگەی دیکە بۆ زۆربوون 

لەوانەیە ڕووەکە گوڵدارەکان بە شێوەی ناتوخمانەش زۆرببن ئەو ڕووەکانەی  ناتووخمانە زۆر دەبن پێویستیان بە گوڵ نابێ، لەوانەیە بەشێک لە ڕووەکەکە وەک قەد یان ڕەگ ڕووەکێکی نوێ بەرهەم بێنێت، وە لە خوارەوەش سێ لە پێکهاتەکانی ڕووەک کە بە هۆیانەوە ناتوخمانە زۆردەبێ ڕوونکراونەتەوە:

  1. ڕووەکی زۆر بچووک بە درێژایی لێواری گەڵای ڕووەک گەشە دەکەن، پاشان ئەم ڕووەکانە دەکەون و بە سەربەخۆیی گەشە دەکەن.
  2. گرۆکان ئەمانەش قەدی ژێر زەویین، لەوانەیە ڕووەکی نوێ بەرهەم بێنن پاش ئەوەی وەرزێک لە مت بوونیان بەسەر بردووە.
  3. قەد کشاوەکان لەسەر ڕووی زەوی لەوانەیە لە گۆپکەکانیەوە ڕووەکی نوێ گەشە بکەن.

 

 

 

 


سەرچاوەکان



2754 بینین