دوانە ئۆكسیدی گۆگرد

له‌لایه‌ن: محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-05-11:06:00 - کۆدی بابەت: 4174
دوانە ئۆكسیدی گۆگرد

ناوه‌ڕۆك

دوانە ئۆكسیدی گۆگرد چییە؟

دوانە ئۆكسیدی گۆگرد كە هاوكێشە كیمیاییەكەی بریتییە لە (so2) گازێكی ژەهراوییە، ئەم گازە بێڕەنگە و لە سووتاندنی سووتەمەنیی فۆسیلییەكانەوە دروست دەبێت، وەك: خەڵووز و نەوت و گاز، هەرچەندە ئەم گازە بە چاو نابینرێت بەڵام كاریگەری مەترسیداری لەسەر تەندروستی مروڤەكان هەیە و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

سووتاندنی سووتەمەنیی فۆسیلی بە یەكەم سەرچاوەی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد دادەنرێت، هەروەها ئەو پیسبوونانەی كە لێوەی دروست دەبێت لە ئاستێكی مەترسیداردایە بە تایبەت لە نزیك كارگەكانی كە بە خەڵوز كاردەكەن یان پاڵاوگەی نەوتەكان.

هەڵمژینی گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد دەبێتە هۆی زیادكردنی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە تەندروستییەكان، وەك: جەڵتەی مێشك، نەخۆشییەكانی دڵ، ڕەبۆ، شێرپەنجەی سییەكان، هەروەها دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی لەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

ڕێخراوی گرینپیس (Greenpeace) لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی وزە و هەوا (CREA)، ڕاپۆرتێكیان بڵاوكردەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد بۆ ساڵی 2020، كە تێدا باسی ئەم گازە ژەهراوییە دەكات لەگەڵ پێوانی بڵاوبوونەوەی.

ڕاپۆرتەكە چی نیشان دەدات؟

هەرچەندە ڕێژەی دەركردنەكان لە جیهاندا كەمی كردووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەكەدا دەردەكەوێت كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەسەر نەهاتووە، بەڵكو سەرچاوەی بەرزترین دەركردنەكان (پیسبوونی ژینگە)ـی جیهانن.

لەو 25 دەوڵەتەی كە خاوەنی زۆرترین پیسبوونن بەم گازە، شانشینی عەرەبی سعودی بەزرترین ڕێژەی دەردانی گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگردی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا تۆماركردووە لە ساڵی 2019، پاشان كوەیت دێت دواتر ئیماڕات پاشان عێراق و مەغریب، شایانی باسە كە عێراق و ئیماڕات كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی دەردراوەكانیان بە خۆیانەوە بینیوە لە ساڵی 2018 بۆ 2019، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ڕێژەی دەردراوەكانی سعودیە و كوەیتدا نەهاتووە، هەروەها ڕێژەی دەردراوەكانی مەغریب بە ڕێژەی %15 زیادی كردووە.

شانشینی عەرەبی سعودی بە پلەی چوارەم دێت لە جیهاندا بۆ دەردانی گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد، هەروەها ئیماڕات بە پلەی نۆزدەهەم دێت.

هەرچەندە ڕێژەی دەردراوەكان لەسەر ئاستی جیهانی لە ساڵی (2005)ـەوە بە ڕێژەی %47.25 كەمی كردووە، بەڵام ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانێكی بەرچاوی بە خۆیەوە نەبینیوە لە نێوان ساڵانی 2018 و 2019، هەروەها وڵاتانی كەنداو بە خراپترین ناوچە دادەنرێن كە بە گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد ژەهراوی بوون و یەكێكن لە سەرچاوەكانی زۆرترین دەردراوەكانی ئەم گازە لە جیهاندا.

زیانەكانی چییە؟

لەسەر ئاستی جیهانی، ڕێژەی چڕی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرزە، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2020 ئەم ڕێژەیە بەرەو كەمبوون ڕۆیشتووە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوە پێویستی وزە بەبۆنەی نەخۆشی (covid-19)ـەوە.

هەروەها هەڵمژینی ئەم گازە دەبێتە هۆی دروستكردنی ناڕەحەتی لە چاو و كۆئەندامی هەناسە، دەكرێت دوانە ئۆكسیدی گۆگرد لە ناو باراندا بتوێتەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی ترشە باران، كە زیانێكی زۆر بە ژیانی دەریایی و ڕووەك و كەڕووەكان دەگەیەنێت، هەروەها دەبێتە هۆی تێكدان و توانەوەی بەردی باڵاخانە و پەیكەرەكان.
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم گازە كاریگەری زۆری هەیە لەسەر دانیشتوانی جیهان، بۆیە نابێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕێژەیەی كە پێشتر هەبووە.

چارەسەر چییە؟

چارەسەر دەكرێت لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی فۆسیلی و گرنگیدان بە بەكارهنانی وزە سوشتییە نوێبووەكان بێت، وەك وزەی خۆر و وزەی با، هەروەها دانیشتوان دەتوانن فشار لە حكومەتەكانیان بكەن بۆ كەمكردنەوەی دەردراوەكان.

هاوكێشەكانی دروستبوونی گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد

دروست دەبێت لە ڕێگەی سووتاندنی كانزای گۆگردەوە:
S8 + 8O2 → 8SO2 

لەڕێگەی سوتاندنی گۆگردیدی هایدرۆجین:
2H2S (g) + 3O2g) → 2H2O (g) + 2SO2 (g)

گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد لە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆوە دروست دەبێت:
2CaSO4 (s) + 2SiO2 (s) + C (s) → 2CaSiO3 (s) + 2SO2 (g) + CO2 (g)

كاتێك ترشی گۆگردیك دەكرێت بەسەر مسدا گازی دوانە ئۆكسیدی گۆگرد دروست دەبێت:
Cu (s) + 2H2SO4 (aq) → CuSO4 (aq) + SO2 (g) + 2H2O (l)

 


سەرچاوەکان

344 بینین