ناوهڕۆك
زیندەوەران لە خانە پێکهاتوون
هەر شتێکی زیندوو وەک پێشەنگییەکان و مەیموونەکان لە خانەیەک یان لە چەند خانەیەک پێکهاتوون. خانە پێکهاتەیەکە بە پەردە دەورەدراوە هەموو ئەو ماددانەی تێدایە کە پێوستن بۆ ژیان، ئەو پەردەیەی لە دەوری دایە پێکهاتەکانی ناوخانەکە لە دەوروبەر جیادەکاتەوە زۆربەی خانەکان بە چاو نابینرێن. هەندێک لە زیندەوەران لە تریلیۆنەها خانە پێکهاتوون وەک زیندەوەرانی فرەخانە. خانەکان فرەمانی تایبەت بە خۆیان جێبەجێ دەکەن بۆ نموونە: دەمارە خانەکان تایبەتن بە گواستنەوەی دەمارە ڕاگەیاندن و ماسولکە خانەکان تایبەتن بە جووڵە. زۆر لە زیندەوەران تاک خانەن، لە زیندەوەرە تاک خانەکاندا بەشە جیاوازەکانی ناو خانە فرەمانی جیاواز بە جێ دەهێنن، بۆ نموونە پارامیسیۆم پێویستی بە خۆراکە هەندێک بەش لە خانەکە خۆراک دەکەنە ناو خانەکەوە بەڵام هەندێک لە بەشەکانی دیکەی خۆراکەکە هەڵدەوەشێنن و هەندێ بەشی دیکەش پاشەڕۆ دەکەنە دەرەوە.
زیندەوەران بە گۆڕانکارییەکان کاریان تێدەکرێت و وەڵامیشیان دەدەنەوە
هەموو زیندەوەران لە توانایاندا هەیە بە گۆڕانکاری ژینگەکەیان کاریان تێ بکرێت. هەروەها توانای وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانەیان هەیە، کاتێ بیلبیلەی چاو بەر خۆر دەکەوێت، بچووک دەبێتەوە ئەمەش وەڵامدانەوە. هەر گۆڕانێک ڕووبدات لە ژینگەی زیندەوەردا ئەوا کار لە چالاکی زیندەوەرەکە دەکات، ئەمەش پێی دەڵێن کارتێکەر یان وریاکەرەوە، لەوانەیە ئەو وریاکەراوانە ماددەی کیمیایی یان کێشکردنی زەوی یان تاریکی یان ڕووناکی یان دەنگ یان چەشتن یان هەر شتێکی تر بێ کە وا لە زیندەوەر بکات وەڵام بداتەوە بە هەر ڕێگایەک.
هاوسەنگی ناوەکی
هەرچەندە ژینگەی زیندەوەر لەوانەیە بگۆڕێت بەڵام بارودۆخی ناوەوەی زیندەوەر دەبێت بە نەگۆڕی بمێنێتەوە، چونکە زیندەکردارەکانی زیندەوەران زۆر کارلێکی کیمیایی جۆراوجۆر دەگرێتەخۆ، ئەمەش ڕوونادات ئەگەر بێت و بارودۆخی کارلێکەکەکانی گونجاو نەبێت. پارێزگاری لە بارودۆخی ناوەوەی بە نەگۆڕی پێی دەڵێن هاوسەنگی ناوەکی.
وەڵامدانەوە بۆ گۆڕانکاریە دەرەکییەکان
لەش پارێزگاری لە هێشتنەوەی پلەی گەرمی لە سنووری ٣٧ پلەی سیلیزی دەکات. کاتێک هەست بە گەرما دەکات مرۆڤ لەشی دەست بە ئارەقکردن دەکات و وەڵامدەداتەوە. وە لە کاتی سەرمادا ماسوولەکەکانی گرژ دەبن ئەوەش هەوڵدانێکە بۆ گەرم کردنەوەی لەش کە ئەمەش وادەکات کە بلەرزێت لە کاتی ئارەق کردنەوە یان لەرزین، لەشت هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ باری سروشتی خۆی، هەروەها گیانەوەرانی دیکەش هەن پێویستیان بە بارودۆخی ناوەکی نەگۆڕ هەیە بەڵام زۆربەیان بەو شێوازە وەڵام نادەنەوە کە مرۆڤ وەڵامی دەداتەوە. ئەو گیانەوەرانە دەست دەگرن بەسەر پلەی گەرمی لەشیان بە گواستنەوەیان لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە. ئەگەر هەستی بە گەرماکرد دەچێتە شوێنێکی سێبەر وە ئەگەر هەستی بە سەرما کرد دەچێتە شوێنێکی خۆرەتاو.
زیندەوەران زۆردەبن
زیندەوەران زیندەوەری وەکو خۆیان بەرهەم دێنن، ئەمەش بە ڕێگەیەک لەم دوو رێگایانە دێتەدی کە ئەمانەن:
- ناتوخمە زۆربوون
- تووخمە زۆربوون
ناتوخمەزۆربوون هەر تاکێک تاکێکی وەک خۆی دەخاتەوە. زۆربەی زیندەوەرە تاک خانەکان بەم ڕێگایە زۆردەبن.
توخمەزۆربوون پێویستی بە دوو باوان هەیە بۆ بەرهەم هێنانی وەچەیەک کە سیفەتی هەردووکیانی تێدا دەردەکەوێت، زۆربەی گیانەوەران و ڕووەکەکان بەم ڕێگایە زۆر دەبن.
زیندەوەران ترشە ناووکی کەم ئۆکسجین (DNA)ـیان تێدایە
خانەکانی سەرجەم زیندەوەران گەردەکانی ترشە ناوکی کەم ئۆکسجین (DNA)ـیان تێدایە، ئەم ترشە دەست دەگرێت بەسەر پێکهاتە و فرەمانەکانی خانە کاتێک زیندەوەران زۆردەبن، وێنەیەک لە ترشی ناوکی (DNA) دەگۆزرێتەوە بۆ وەچەکەی. بە گواستنەوەی سیفەت لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی دیکە دەڵێن بۆماوە.
زیندەوەران وزە بەکاردێنن
زیندەوەران وزە بەکاردێنن بۆ ئەنجامدانی فرمانە زیندەییەکانیان لەو فرمانانەش بەرهەم هێنانی خۆراک یان پارچەکردنی و گواستنەوەی ماددە بۆ خانەکان یان لە ناو خانەکەوە و دروستکردنی خانەکان، سەرجەمی هەموو ئەم چالاکییانە کە زیندەوەر بە جێی دەهێنێت پێی دەوترێت زیندەچالاکی.
زیندەوەران گەشە دەکەن و پەرەدەسێنن
سەرجەم زیندەوەران. تاک خانە یان فرە خانە لە ماوەی ژیانیاندا گەشە دەکەن، گەشە لە زیندەوەرانی تاک خانە ئەوەیە کە قەبارەی خانە گەورەبێت، بەڵام لە زیندەوەرە فرەخانەکاندا گەشە کردن بە زیادبوونی ژمارەی خانەکانی دەبێت. زیندەوەران کە گەشە دەکەن لەگەڵ ئەوەی لە قەبارەدا گەورە دەبن و پەرەدەسێنن و دەگۆڕێن وەکو تۆو و بە تێپەڕبوونی کات پەرە دەسێنێت بۆ نەمام و دواتریش دەبێت بە درەخت.