زیهار - ظهار

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-23-01:13:00 - کۆدی بابەت: 4384
زیهار - ظهار

ناوه‌ڕۆك

باسی زیهار  - ظهار

زیهار ئەمەیە پیاوێک بڵێتە ژنەکەی خۆی تۆ بەلای منەوە وەکو پشتی دایکمی، یان بڵێ تۆ لەگەڵ من وەکو پشتی خوشکمی، یان بڵێ دامێنی تۆ بەلای منەوە وەکو دامێنی دایکم یان خوشکم وایە ئەوانە وتەی ئاشکرای زیهار بوون و پێویستیان بە نیازی ناو دڵ نیە، ئەگەر مێرد بڵێتە ژنەکەی تۆ وەکو دایکمی یان وەکو کیژی منی ئەوە ئەگەر مەبەستی زیاهر نەبوو نابێتە زیهار جا مەبەستی ڕێزلێنان بێ، یان نا، وە ئەگەر مەبەستی زیهار بێ، ئەبێتە زیهار وە ئەگەر مەبەستی یەک تەڵاق بێ تەڵاقێکی ئەکەوێ.

بەڵام ئەگەر بڵێ تۆ وەک دایک و خوشکم لە من حەرام بی یان بڵێ وا تۆم لە خۆم حەرام کرد یان بڵێ دامێنی تۆم لێ حەرام بێ ئەوە ئەگەر مەبەستی زیهار بێ ئەبێتە زیهار ئەگەر مەبەستی یەک تەڵاق بێ تەڵاقێکی ئەکەوێ، وە ئەگەر مەبەستی بەم ووشانە تەنها حەرامکردنی ژنەکەی بێ، لێی حەرام نابێ، بەڵام ئەبێ کەففارەتی سوێند بدا (عن ابن عباس -رضي الله عنهما- قال: إذا حرم علیه إمرأة فهی یمین یکفرها، وقال: لقد کان لکم فی رسول الله ﷺ أسوة حسنة) رواه الشیخان، (ابن عباس) فەرمووی هەر کاتیک پیاو ژنەکەی خۆی لەسەر خۆی حەرام کرد، ئەو حەرامکردنە بە سوێند دائەندرێ و واجبە کەففارەتی بۆ بدا ئەوە شوێنکەوتنێکی جوانی پێغەمبەرە ﷺ بۆ ئێوە. 

جا هەر کاتێک مێردەکە گۆتەیەکی زیهاری بە ژنەکەی خۆی گوت وە یەکسەر لەو کاتەیش تەڵاقی نەدا بەم تەڵاق نەدانە ئەبیتە گەڕاوە، واتە دەرئەکەوێ ژنەکەی ئەوێتەوە، کەوابوو کەففارەتی زیهاری ئەکەوێتە سەر بە کورتی (هەر کەسێک ووشەیەکی زیهار بڵێتە ژنەکەی خۆی و یەکسەر لە دوای تەواوبوونی ووشەکەی زیهار ژنەکەی تەڵاق نەدا، وا دەرئەکەوێ بە ژنەکەی خۆی ڕازییە و قسەیەکی ناشرینی کردووە، کەوابوو کەففارەتی زیهاری ئەکەوێتە سەر، بەڵام ئەگەر یەکسەر لە دوای ووشەی زیهاردا تەڵاقی بدا، کەففارەتی ناکەوێتە سەر) کەففارەتی زیهار ئەمەیە کۆیلەیەکی موسوڵمان ئازاد بکا هیچ کەم و کوڕییەکی وای تێدا نەبێ کە زیان بە ئیش و کار بگەیەنێ جا ئەگەر کۆیلەی دەست نەکەوت ئەبێ دوو مانگ بەسەر یەکدا بەڕۆژوو ببێ و نابێ یەک ڕۆژ نێوانیان بخاتێ، واتە ئەگەر ڕۆژێک بەڕۆژوو نەبوو، ئەوەی ڕابردوو گشتی تێک ئەچێ و ئەبێ سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە جا ئەگەر توانای نەبوو دوو مانگ بەڕۆژوو ببێ، لەبەر پیری، یان لەبەر نەخۆشییەکی بەردەوام، ئەێ خۆراک بداتە شەست هەژار، هەر هەژارێک یەک مست دانەوێڵە واتە (٦٠٥) گرام.

دروست نییە بۆ ئەو مێردەی زیهاری کردووە جیماع لەگەڵ ژنەکەی بکا تا کەففارەتی ئەدا، هەرچەند توانایشی نەبێ کەففارەت بدا، چونکە خوای گەورە فەرموویەتی: (وَالَّذِينَ يُظَاهِرُونَ مِن نِّسَائِهِمْ ثُمَّ يَعُودُونَ لِمَا قَالُوا فَتَحْرِيرُ رَقَبَةٍ مِّن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا ۚ ذَٰلِكُمْ تُوعَظُونَ بِهِ ۚ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ، فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ مِن قَبْلِ أَن يَتَمَاسَّا ۖ فَمَن لَّمْ يَسْتَطِعْ فَإِطْعَامُ سِتِّينَ مِسْكِينًا) ئەو کەسانەی زیهار لە ژنی خۆیان ئەکەن و ژنەکەشیان ئەوێتەوە، ئەبێ کۆیلەیەک ئازاد بکەن پێش جیماع کردن، بەم فەرمانە ئێوە تەمبێ ئەکرێن و خوا کردەوەتان ئەزانێ، جا ئەگەر کۆیلەیان دەست نەکەوت، ئەبێ دوو مانگ بەسەر یەکدا بەرۆژوو ببن، جا ئەگەر توانایان نەبوو، ئەبێ خواردن بدەنە شەست هەژار.

زیهار بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دروستە، وەک بڵێ تا ماوەی مانگێک تۆ وەکو پشتی دایکمی. ئەنجا ئەگەر لەماوەی ئەو مانگەدا جیماعی کرد، کەففارەتی ئەکەوێتە سەر، ئەگەر تا مانگەکە تەواو بوو هیچی نەکرد، ئەوە هیچی ناکەوێتە سەر وە لەدوای مانگێک ژنەکەی لێ حەڵاڵ ئەبێتەوە ئەگەر ژن بە مێردەکەی بڵێ تۆ وەکو باوک و برای منی ئەوە گوناهی ئەگاتێ، بەڵام لێی حەرام نابێ و کەففارەتیشی لەسەر نییە.


سەرچاوەکان



1080 بینین