دەوڵەتی دۆستەکی (مەڕوانی)

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-28-05:05:00 - کۆدی بابەت: 4952
دەوڵەتی دۆستەکی (مەڕوانی)
مێژوو

کاتژمێری بەنگام ، شارستانییەتی دەوڵەتی دۆستەکی-مەڕوانی ، پیشەسازی دەوڵەتی دۆستەکی (مەڕوانی) ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

شارستانییەتی دەوڵەتی دۆستەکی (مەڕوانی)

دەوڵەتی مەڕوانی لە دەوروبەری ساڵی ٣٧٢-٩٨٢ زاینی، لە لایەن میر بادی کوڕی دۆستەکی حاربوختیەوە دامەزراوە کە لە بنەماڵەیەکی خێڵی حاربوختی سەر بە هۆزی بوختی (بوختانی)ـیە لە هەرێمی جەزیرە لە باکووری کوردستان.

میرباد لە خیزانێکی ساماندار دەست ڕۆیشتوو نەبوو، کوڕی سەرەک هۆز و دەرەبەگ نەبوو، لە ڕۆژانی منداڵی و گەنجێتی شوانی مەڕان بوو، بەڵام مرۆڤێکی بەخشندە و لاوچاک و جوامێر بوو، هەر لە سەرەتاوە نیشانە و ئەدگاری پیاوەتی و چآو نەترسی و جەربەزەیی لێ بەدی دەکرا، هاریکاری نەدارانی دەکرد و بەدەنگیانەوە دەچوو، لە خاڵە سنوورییەکانی دەوڵەتی ڕۆم جەنگ و غەزای دەکرد، خەڵکی خۆشیان ویست و لە دەوری کۆبوونەوە پشتیوانیان لێکرد، تاشیا شآری ئەرگیش لە باکووری دەریاچەی وان بگرێت لە ماوەیەکی کەمدا شآرەکانی حوسنکێف، میافارقین، جزیرەی بۆتان، نووسەیبین خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و قەوارەیەکی سیاسی بەهێزی پێکەوەنا. 

میر باد لە شەڕێکدا لە نزیک شآری موسڵ لەگەڵ حەمدانییەکان لە ساڵی ٣٨٠ کۆچی - ٩٩٠ز کوژرا، خوارزەکانی، حەبو عەلی و سەعید کوڕانی مەڕوانی کوڕی سەرکردایەتی پاشماوەی سوپاکەی خاڵیان کرد کشانەوە بوو حوسنکێفا، بارەگای ئەو دەمەی میرنشینەکە، کوڕ و نەوەکانی مەڕوانی کوڕی کاک درێژەیان بە دەسەڵاتدا و بۆیە ئەم دەوڵەتە لە سەرچاوەکاندا بە مەڕوانی دەناسرێت، تا لە نیوەی دووەمی سەدەی پێنجەمی یازدەهەمی زایینی وەک گشت میرنشینەکانی کوردستان بووە ئامانجی لەشکرکێشی و فراوانخوازی دەوڵەتی سەلجوقی و لە ساڵی ٤٧٨ کۆچی-١٠٨٥ زایینی لەناوچوو.

لە نێوان میرانی دەوڵەتی مەڕوانی، میر ئەحمەدی کوڕە بچووکی مەڕوان، مەزنترین و بەرچاوترین میری مەڕوانی و سەرجەم میرنشینەکانی کوردستان و زیاتر لە نیو سەدە ٤٠١-٤٥٣کۆچی ، ١٠١١-١٠٦١ زایینی حوکمی کردووە و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی کەسایەتییەکی ناسراو و ڕێزدار بوو، جێگەی باوەڕ و ستایشی خەلیفەی عەباسی سونی لە بەغدا و خەلیفەی فاتیمی شیعە لە میسر بوو، هەریەکەیان هەوڵی دەدا بۆ لای خۆی ڕایکێشێ، لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیدا نوێنەری باڵای هەردوولایان لەگەڵ وەفدی دەوڵەتی بێزەنتی بە کۆمەڵێ دیاری و بەخشش و نازناوەوە لە پایتەخت ئامادە بوون بە نیازی پیرۆزبایی و دەربڕینی ڕەزامەندی و خۆشحاڵی دەوڵەتەکانیان، نوێنەری خەلیفەی عەباسی نازناوی (نصر الدولة و عمادها)ـی بۆ هێنابوو، نوێنەری خەلیفەی فاتمیش نازناوی (عز الدولة و مجدها)ـی پێبەخشی، میر ئەحمەدی کوڕی مەڕوان کە خۆی و بنەماڵەکەی سوننە بوون، خۆی بە لایەنگیری خەلیفەی عەباسی سوننی دانا و نازناوەکەی ئەوی هەڵبژارد و لە مێژوودا بە (نصر الدولة) ناوبانگی دەرکرد.

دەوڵەتی مەڕوانی لە سنوور و چوارچێوەی میرنشینێتی تێپەڕی کرد و بەهێزتر بوو و هیچی لە دەوڵەتانی تر کەمتر نەبوو، چەندین دامەزراوی شارستانی و خزمەتگوزاری تایبەتی خۆی هەبوو، کاربەدەستان لێبڕاوانە بایەخیان بە پێشخستنی وڵات و خزمەتکردنی هاوڵاتیان دەدا، بۆیە هەرێمی جەزیرە، واتە باکووری کوردستان لە سەردەمی مەڕوانیدا لە هەموو ڕوویەکەوە بوژاندنەوەی بە خۆوە دیت، ژیانی ئابووری بوژایەوە، هەڵمەتی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکرد و چالاکی ڕۆشنبیری و زانستی برەوی سەند، سەرچاوەکان هەوڵ و دەنگ و باسی ئەم پێشکەوتنە گشتگیر و فرە لایەنانەی یاداشت کردووە، لێرە بە کورتی هەندێک لایەنی پرشنگداری دەخەینە ڕوو.

پیشەسازی دەوڵەتی دۆستەکی (مەڕوانی)

هەرێمی جەزیرە لە ڕۆژگاری مەڕوانییەکاندا، بوژانەوەیەکی پیشەسازی گەرمی بەخۆوە دیت، باژێڕەکانی ئامەد و حوسنکێف و میافارقین و سعرت و ئەرزن بوونە مەڵبەندی چەندین کارخانەی بەرهەمهێنانی کاڵا و کەلوپەلی جۆراوجۆر، لە ڕاستیدا کاربەدەستانی مەڕوانی کارئاسانیان بۆ پیشەکاران دەکرد و کەشی لەباریان بۆ دەڕەخساندن و پێویستییەکانی ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بۆ دابین دەکردن، هەروەها جەزیرە هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە کەرەستەی خاو و ئەو کەلوپەلانەی دەبنە بابەتی سەرەکی پڕۆسەی دروستکردن. چ کەرەستەی کشتوکاڵی و بەرهەمی ئاژەڵی لە پەموو و کەتان و ئاوریشم و ڕووەکی سروشتی و گژوگیای کێوی و میوەجات و دارستان و پێستە و خوری و مەرەز، چ کەرەستەی کانزایی لە ئاسن و مس و زێڕ و کبریەت و جیوە و قوڕقوشم و زەڕنیخ و بەرد و کەڤرە کانزاییەکان. تێبینی دەکرێت پتر ئەم پیشەسازییانە باو بوون، جل و بەرگ و کوتاڵ، مافور و کوبمار و نەخشاندن، ئاسنگەری دەرگا و پەنجەرە و ئامێرەکانی چاندن و جوتیاری و چەک و تەقەمەنی لە شیر و تیر و کەوان و خەنجەر و چەقۆ، پیشەسازی خواردەمەنی و جوانکاری لە شەربەتی مێووژ و ئاوی هەنار و وشکردنەوەی میوەی هەنجیر و ترێ و گوڵاو و بۆن و سابون. ڕێژەیەک لە بەرهەم و کەلوپەلی دروستکراو بازرگانی پێوە دەکرا و دەنێردرایە دەرەوەی هەرێمی جزیرە و ڕەوانەی وڵاتی شام و ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکرا و لە بەرانبەردا بازرگانەکان کاڵا و شتومەکی دیکەیان پێ دەکڕی و دەیان هێنایە ناوەوەی دەوڵەت، هەروەها ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی بەردەوام لە ئارادا بوون لە نێوان دەوڵەتی مەڕوانی و ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی لە ڕۆژاوا.

بزاڤی پیشەسازی مەڕوانی لەم سنوورە نەوەستا و تەنها ئەو بارانەی نەگرتەوە کە داواکاری و پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤ بوون بگرە هەنگاوی پێشکەوتووی هەڵنا و گەیشتە قۆناغی کاری میکانیکییەوە کە هونەر و تەکنەلۆژیای زانستی گەردوونناسی تیادا بەکار دەهێنرا و کەسانی کارامە و شارەزا پێی هەڵدەستان، گرنگترینیان لەو کارە میکانیکیانە بریتییە لە دروستکردنی کاتژێمری بەنگام.

کاتژمێری بەنگام

دروستکردنی کاتژمێری بەنگام بە لوتکەی داهێنان دەژمێردرێت لە وەستایی و کارسازی کوردی سەدەکانی ناوەڕاست و بە دەستپێشخەرییەکی زانستی بێوێنە دادەنرێت لە مێژوودا، چونکە داهێنانی شآکارێکی لەو بابەتە تا ئەو دەمانەژ لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامدا کارێکی دەگمەن بوو.

ئەم کاتژمێرە بە فرمان و سەرپەرشتی میر (نصر الدولة) ئەحمەدی کوڕی مەڕوان لە مزگەوتی گەورەی شاری میفارقینی پایتەختی دەوڵەت دروست کرابوو، بەڵام بخابن بە دڵنیایی نازانرێت کام تەکنیککاری دەستڕەنگین ئەم کارەی ئەنجام داوە.

وا دیارە کاتژمێرەکە بە بزوتنی ئاو یان مۆمی تواوە یان چەند ئامێرێکی میکانیکی دەکەوتە گەڕ و ئیشی دەکرد و پێوەری بیرکاری و گەردوونناسی بۆ دانرابوو و گرێ درابوو بە جوڵانەوەی خۆر و قۆناغەکانی سوڕانەوەی مانگ. بێگومان دروستکردن و داهێنانی ئامێرێک لە چەشنی کاتژمێری بەنگام کاریگەرییەکی قووڵ و وەرچەرخێنەرانەی کردۆتە سەر پیشەسازی میکانیکی لەسەر پاکی هەرێم و وڵاتانی ناوچەکەم و ئەم سەروەرییەش لە مێژوودا بۆ دەوڵەتی دۆستەکی-مەڕوانی تۆمار دەکرێت.

چالاکییە ڕووناکبیرییەکان

میران و بەرپرسانی مەڕوانی درکیان بە ڕۆڵ و گرنگی و سوودی خوێندەواری و ڕووناکبیری دەکرد لە پێشخستنی کۆمەڵگادا، میر (نصر الدولة) بەخۆی ئەدەب و دۆست و ئارەزوومەندێکی بە پەرۆشی زانست و هونەر بوو، بە ڕادەیەکی سەرنجڕاکێش بایەخی بە مرۆڤی زانا و نووسەر و فێرخواز دەدا و لە خۆی نزیکی دەکردنەوە و بە بەخشش و دیاری و مووچە هاوکاری دەکردن و هانی دەدان. چ پێداویستی و داواکارییەکان هەبوایە، بۆیانی جێبەجێ دەکرد، جێگەی لە بار و شایستەی بۆ خوێندن و فێربوون و کەرەستەی نووسین و دانانی بۆ دابین دەکردن. مێژوونووسان دەگێڕنەوە کە دەربارەی میر (نصر الدولة) بوبووە مەکۆی زانست و مەعریفەت و مەڵبەندی گردبوونەوە و پێگەیشتنی زانایان و شاعیران و هونەرمەندان و ئەدیبان کە لە گشت لایەکەوە ڕوویان تێدەکرد و بە کەش و هەوای زانستی شیاو و ڕەخساو گوشاد دەبوون.

ئەنجامێکی دیکەی هاندان و بایەخدانی میر (نصر الدولة) لەوە ڕەنگی دایەوە کە وەچەیەک لە فەقێ و شاعیر و نووسەری کورد دەرکەوتن کە لە دەرچووانی مزگەوت و حوجرەکانی شار و شآرۆچکەکانی ئامەد، میافارقین و حوسنکف و تەزە و جزیرەی بۆتان و هێزان و ئەرزن و شاتان و فەنەک بوون و پشکدارییان کرد لە گەشەپێکردن و درێژەپێدانی شارستانییەتی دەوڵەتی مەڕوانی و بوونە هەڵگری پەیامی بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و فێرکردن لە کوردستاندا و پێگەیاندنی نەوەی پاش خۆیان.

دەوڵەتی مەڕوانی و خوێندەواری

شارستانییەتی دەوڵەتی مەڕوانی و بوونە هەڵگری پەیامی بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و فێرکردن لە کوردستاندا و پێگەیاندنی نەوەی پاش خۆیان. لەوانە: 

  • شاعیر و تۆرەڤان (ئەدەبناس) حوسێن کوڕی داودی بەژنەوی.
  •  فەقیهی شافیعی شێخ محەمەدی کوڕی فەرەجی فاریقی.
  • شاعیر و زمانەوان ئەبو عەلی حوسێنی کوڕی سەعدی ئامەدی.
  • مامۆستا و وتارخوێن و شاعیر و زمانزان مەعینالدین یەحیا کوری سەلامە حەسەکفی کە بە (وتارخوێنی حصن کیفا).
  • قازی و فەقیهی شافیعی حەسەنی کوڕی ئیبراهیمی کوڕی عەلی فارقی (٤٣٣-٥٢٨ کۆچی / ١٠٤٢-١١٤٣ز). قازی شاری واست (کوت) لە عێراق  خاوەن پەرتووکی (الفوائد علی المذهب).

چەند کەسایەتییەکی گرنکی مێژووی ڕووناکبیری دەوڵەتی مەڕوانی

شاعیر و تۆرەڤان حوسێنی کوڕی داودی بەژنەوی (٤٦٥کۆچی / ١٠٧٢ز) 

حوسێنی کوڕی داود کە لە سەدەی پێنجەمی کۆچی یازدەهەمی زایینی ژیاوە و هاوچەرخی میر (نصر الدولة) بوو، لە هۆزی بەژنەوییە کە بە جوامێری و خانەدانی ناوی دەرکردبوو، لە مێژوویەکی نادیاردا لە قەڵای فەنەک هاتۆتە دنیاوە، ئەم قەڵایە بە چەند کیلۆمەترێک دەکەوێتە باکووری جزیرەی بۆتانەوە و لە سەردەمی عەباسی بارەگای میرەکانی بەژنەوی بوو. حوسێنی بەژنەوی شاعیر و نووسەرێکی بەتوانا بوو، دیوانێکی شیعر و دوو پەڕتووکی داناوە، بەڵام جێی داخە هەرسێکیان بێسەر و شوێن و دوور نییە لە ناوچووبن. ئەو ژێدەرانەی ژیاننامەیان نووسیوە چەند کۆپلە شیعرێکیان لە دیوانەکەیەوە وەرگرتووە و بڵاویان کردۆتەوە کە بریتین لە شیعری بەرگری نیشتیمانی، و ستایش و پیاهەڵدان و شانازیکردن بە میر بادی کوڕی دۆستەک و مالباتی میرانی هۆزی بەژنەوی.
هەندێک لێکۆڵەر پییان وایە حوسینی بەژنەوی یەکەم شاعیری کوردە و شانازی بە میللەتی کورد و بنەماڵەیەکەوە کردووە.

 ٢- شاعیر و نووسەر ئەبوناسری مەنازی (٤٣٧کۆچی / ١٠٤٥ز)

ئەبوناسر ئەحمەدی کوڕی یوسفی مەنازی نووسەریکی بەهرەمەند و شآعیرێکی بەتوانا و هەست ناسک وبو، لە شارۆچکەی مەنازگەرد (مەلازگرت) نزیک شاری خەربوت لەدایک بووە، بەردەوام سەردانی عێراق  و شآمی کردووە و لە شآری مەعرە چوی بە کەڵە شاعیری عەرەب ئەبو عەلائی مەعڕی کەوتووە و لە مەڕ شیعر و شاعیران گەنگەشەیان کردووە، شیعرەکانی سەرنجی ئەبو عەلائیان ڕاکێشاوە. لەبەر لێهاتوویی و زیرەکیی، میر (نصر الدولة) ماوەیەکی کردییە بەرپرسی دیوانی داڕشتن و پەیامبەری، ئەرک و فەرمانی ئەم دیوانە نووسین و داڕشتنی نامە و پەیام و ناردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە بوو، مەنازی چەند جارێک بە کاری فەرمی چۆتە قوستەنتینیە (ئەستەمبوڵ)ـی پایتەختی دەوڵەتی بێزەنتی، پاشان پۆستی وەزیریی پێ سپێردراوە.
مەنازی دیوانێکی شیعری هەبووە کە وا دیارە دانەی دەستنووسی کەم بووە و دەستی کەسی نەکەوتووە، ئەوەی لە شیعرەکانی ماوەتەوە چەند دێڕێکە کە لە ئاستێکی بەرزدان و مێژوونووسان بەرز نرخاندوویانە. مەنازی لە ساڵی ٤٣٧کۆچی / ١٠٤٥ز کۆچی دوایی کردووە.

 ٣- ئەبو نەسری حەسەن کوڕی ئەسەدی فارقی (٤٨٧ کۆچی / ١٠٤٩ز) 

ئەبوو نەسر حەسەنی کوڕی ئەسەدی کوڕی حەسەنی فارقی، کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر و نووسەرێکی بە هەڵوێستی شاری میافارقینە، لە سەردەمی دەوڵەتی مەروانیدا. ماوەیەک لێپرسراوی دارایی شآری ئامەد بوو، پاش داگیرکردنی هەرێمی جەزیرە و لەناوبردنی دەوڵەتی مەڕوانی، ئەبو نەسر چووە ڕێزی نەیاران و بەرهەڵستکارانی سەلجوقییەوە، کاتێکیش سوڵتان مەلیکشای سەلجوقی مرد و ناکۆکی کەوتە نێو کوڕەکانییەوە، ئەم هەلەی قۆستەوە و ڕابەرایەتی بەرەیەکی بەرهەڵستی کرد کە پێکدەهات لەو خوێندکاران و لاوانی میافارقین بە نیازی زیندوو کردنەوەی دەوڵەتی مەڕوانی، بۆیە بە بڕیاری تەتەشی سەلجوقی لە ساڵی ٤٨٧کۆچی / ١٠٩٤ز لە شاری حەلەب لە سێدارە درا.

ئەبو نەسری کوڕی ئەسەدی فارقی نووسەر و پەخشان نووسێکی بە بەخشی و زمانەوان و ڕێزمان و نووسەرێکی هەڵکەوتوو بوو و بەهرەی شیعریشی هەبوو، دیوانێکی شیعر و ئەم پەرتووکانەی هەیە:

  • شرح کتاب اللامع لأبن جنی.
  • الافصاح فی شرح ابیات مشکلة الاعراب.
  • کتاب الالغآز.


سەرچاوەکان



4432 بینین