زجیسڵاڤ بێکشنیسکی - Zdzisław Beksiński

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-05-03-21:06:00 - کۆدی بابەت: 5131
زجیسڵاڤ بێکشنیسکی - Zdzisław Beksiński
هونەرمەندان و ڕاگەیاندنکاران

بێكشنیسكی ئەو تابلۆیانەی كە دروستیدەكردن پێیدەوت جۆری بارۆكی (Baroque) یان گۆثیك (Gothic)،

ناوه‌ڕۆك

كورتە

زجیسڵاڤ بێكشنیسكی لە 24 شوباتی 1929 لەدایك بووە و لە 21 شوباتی 2005 كۆچی دوایی كردوە نیگاركێش و وێنەگر و پەیكەرتاشی پۆڵەندییە كە لە بواری (dystopian surrealism) كاری كردووە.
بێكشنیسكی ئەو تابلۆیانەی كە دروستیدەكردن پێیدەوت جۆری بارۆكی (Baroque) یان گۆثیك (Gothic)، دروستكراوەكانی زیاتر لە دوو سەردەمدا بوون كە یەكەم سەردەمی وێنەكێشانی پێیدەوترا دەربڕینی ڕەنگەكان (expressionistic color) كە بە شێوازی ڕیالیزمی یوتۆپی (utopian realism) یان تەلارسازی سریاڵی (surreal architecture) بوو، هەروەها وێنەكانی شێوازی ڕۆژی كۆتاییان (doomsday) هەبووە، سەردەمی دووەمی وێنەكانی زیاتر شێوەیەكی هونەری تێكشكاوی (abstract style) هەیە كە تایەبتمەندییەكانی فۆڕمالیزم (formalism)ـی تێدابوو.

بێكشینسكی لە شوقەكەی خۆیدا لە وارساو لە شوباتی 2005 بە چەقۆ كوژرا لەلایەن ناسراوێكی خۆیەوە كە تەمەنی 19 ساڵ بوو، بكوژەكە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە داوای پارەی لێكردبوو بەڵام بێكشینكسی ڕەتیكردبوویەوە پێی بدات.

ژیاننامە

زجیسڵاڤ بێكشنیسكی لە سانۆك (sanok) كە دەكەوێتە باشووری پۆڵەندا لەدایك بووە، لە شاری كراكۆڤ (Kraków) ئەندازیاری بیناسازی خوێندووە، لە ساڵی 1955 خوێندنی تەواوكردووە و گەڕاوەتەوە بۆ سانۆك (sanok) كە لەوێ وەك سەرپەرشتیاری بیناسازی كاری دەكرد بەڵام حەزی بەم كارەی نەبوو، لەم ماوەدا بێكشینسكی حەزی بە وێنەگری و پەیكەرسازی و نیگاركێشی هەبوو، بۆیە كە هەندێك جار كاری پەیكەرسازی دەكرد ئەو كەرەستانەی بەكاردەهێنا كە لە شوێنی كارەكەی دەمانەوە و زیادە بوون، وێنەكانی زیاتر خەمۆكی دەردەبڕی، وەك دەموچاوی بووكەڵەی دڕاو و یان دەموچاوی سڕاوە یان داپۆشراو بە باندیج، وێنەكانی زیاتر شێوازی هونەری تێكشكاوی پێوە دیاربوو هەرچەندە ئەو وێنانەی كە لە ساڵەكانی 1960دا كێشابووی شێوازێكی سوریاڵیزمی (Surrealism) هەبوو.

وێنە و نیگارەگانی

بێكشینسكی پێشتر هیچ شارەزاییەكی لە بواری وێنەكێشاندا نەبووە و هیچ وانەیەكی وەرنەگرتووە، چونكە دەرچووی بەشی تەلارسازی بوو لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی كراكۆڤ (Kraków) كە بڕوانامەی ماستەرەكەی لە ساڵی 1952 وەرگرتووە، بۆ وێنەكێشان زیاتر بۆیەی ڕۆنی بەكارهێناوە لەسەر ڕووتەختی ڕەق كە خۆی دروستی دەكرد، بێكشینسكی زۆر ڕقی لە بێدەنگی بوو، بۆیە لەكاتی وێنەكێشاندا گوێی لە موزیكی كلاسیكی دەگرت.

ڕیالیزمێكی نایاب

لە ساڵی 1964 لە پێشانگایەك كە لە شاری وارسۆ كرا یەكەمین سەركەوتنی بێكشینسكی بوو چونكە هەموو تابلۆكانی تێدا فرۆشت.
بێكشینسكی بە سۆزەوە وێنەی دەكێشا، پاش ماوەیەكی كەم بوو بە یەكێك لە كەسایەتییە پێشەنگەكانی هونەری پۆڵەندی هاوچەرخدا، لە كۆتاییەكانی ساڵی 1960دا بێكشینسكی چوویە دۆخێكەوە كە خۆی پێی دەوت ماوەی نایاب (fantastic period) كە ئەم ماوەیە تا ناوەڕاستی ساڵەكانی 1980 خایاند، ئەم ماوەیە بێكشینسكی لە بەرزترین ناوبانگیدابوو، كە تێدا وێنەی زۆر بێزاركەری دەكێشا، كە وێنەكانی ڕەشبین و كەشوهەوایەكی سورلیالیستی (surrealistic) هەبوو، كە چەندین زانیاری وردی دەربارەی مردن و شیبوونەوەی تێدابوو، هەروەها لەگەڵ چەندین دیمەنی پڕ بە ئێسقان و كەللەی سەر و بوونەوەی تێكچوو بیابانەكانی تێدابوو، ئەم وێنانەی چەندین زانیاری وردی تێدابوو، لەم كاتەدا بێكشینسكی دەیوت "من دەمەوێت بە شێوەیەك وێنە بكێشم وەك ئەوە وابێت لە وێنەی خەونەكان دەگرم".

هەرچەندە وێنەكانی زۆر بێزاركەر بوون، بەڵام بێشینسكی دەڵێت كە زۆربەی خەڵك بە هەڵە لە وێنەكانم تێدەگەیشتن، چونكە هەندێكیان مانای گەشبینی دەدا و هەروەها هەندێكی تریان مانای كۆمیدی بوون، زۆربەی وێنەكانی بێكشینسكی تەنانەت خۆی ماناكانی نەدەزانی و گرنگی لە لێكدانەوەكانی نەدەدا بۆیە هیچكام لە وێنەكانی ناوی نەبووە، پێش ئەوەی بڕوات بۆ وارسۆ لە ساڵی 1977 كۆمەڵێك لە كارەكانی سوتاند لە حەوشەی ماڵەكەیدا بەبێ ئەوەی هیچ دۆكۆمێنتێكی بمێنێتەوە، لە دواییدا ڕایگەیاند كە ئەو بەرهەمانەی كە سوتاندویەتی بە دڵی نەبوون یان تایبەت بوون بە خۆی و نەیدەویست هیچ كەس بیبینێت.

كارەكانی دواتر

ساڵی 1980 ساڵێكی پڕ لە گۆڕانبوو بۆ بێكشینسكی، كە لەم ماوەدا كارەكانی زیاتر بەناوبانگ بوو لە فەڕەنسا و ئەوروپای ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ژاپۆن، لە كۆتایی ساڵەكانی 1980 و سەرەتای ساڵی 1990 بێكشینسكی زیاتر گرنگی دەدا بە پەیكەرسازی، لە كۆتاییەكانی ساڵەكانی 1990 پاش ئەوەی بێكشنسكی زیاتر ئاشنا بوو بە ئینتەرنێت زیاتر گرنگیدا بە وێنەی دیجیتاڵی و دەستكاریكردنی وێنە كە تا مردنی لێی بەردەوام بوو.

كەسایەتی

هەرچەندە وێنەكانی بێشینسكی زیاتر ڕەشبین بوون، بەڵام خۆی كەسێكی ڕووخۆش بووە و حەزی بە گفتوكۆكردن هەبووە، هەروەها حەزی بە گاڵتەكردن هەبووە و كەمێك شەرمن بووە، بۆیە بۆ زۆربەی كردنەوەی پێشانگاكانی خۆی نەڕۆشتووە، هەروەها موزیك سەرچاوەی سەرەكی بیرۆكەكانی بووە، خۆی دەڵێت كە نە شیعر و سینەما و كارەكانی هونەرمەندەكانی تر سەرچاوەی بیرۆكەكانی نەبووە و بۆ هیچ مۆزەخانە و پێشانگای هونەرمەندەكانی تر نەڕۆیشتووە.

ساڵەكانی كۆتایی و مردن

خێزانی بێكشینسكی كە ناوی زۆفیا بوو لە ساڵی 1998 كۆچی دوایی كرد، ساڵێك دواتر لە جەژنی كریسمس كوڕەكەی كە ناوی تۆماس بوو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، پاش ئەوەی كە بێكشینسكی جەستەی كوڕەكەی بینی باوەڕی نەدەكرد، بۆیە لە ژوورەكەیدا پارچە كاخەزێكی هەڵواسیبوو كە لێی نوسیبوو (بۆ تۆماس گەر من مردم).
لە 21 شوباتی ساڵی 2005 بێكشینسكی بە مردوویی دۆزرابوویەوە كە 17 شوێنی چەقۆ بە جەستەیەوە بوو، پاش ماوەیەكی كەم ڕۆبێرت كوپێك (Robert Kupiec) كە كوڕی هاوڕێیەكی بوو دەستگیر كرا، لە 9 تشرینی دووەمی 2006 ڕۆبێرت سزای زیاندانیكردنی 25 ساڵی بەسەردا درا، كە هۆكاری كوشتنەكە بریتی بوو لەوەی بێكشینسكی ڕەتی دەكردەوە پارە بدات بە ڕۆبێت كە پارەكە نزیكەی 100 دۆلار دەبوو.


سەرچاوەکان



452 بینین