لێبوونەوەی وێڵاش

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-12-02:47:00 - کۆدی بابەت: 5287
لێبوونەوەی وێڵاش

ناوه‌ڕۆك

لێبوونەوەی وێڵاش چییە؟

وێڵاش ئەندامێکە کە لە ماوەی دووگیانیدا، ماددە خۆراکیەکان دەگەیەنێت بە منداڵەکە، ئەم ئەندامە ئاسایی لە بەشی سەرەوەی منداڵداندایە و لەحاڵەتی ئاساییدا دوای منداڵبوون لە دیواری منداڵدان جیادەبێتەوە و دێتە دەرەوە.

لێبوونەوەی وێڵاش حاڵەتێکە کە تێیدا وێڵاشەکە زووتر لێدەبێتەوە لە دیواری منداڵدان واتە پێش کاتی منداڵبوون، لەم حاڵەتەدا ماددەی خۆراکی و ئۆکسجینی پێویست ناگات بە منداڵەکە، و لە ئەنجامدا دەتوانێت زیان لە منداڵەکە بدات، هەروەها ئەو خوێنبەربوونەی کە بە هۆی ئەم حاڵەتەوە ڕوودەدات بۆ دایک و منداڵەکە ترسناکە.

بەنزیکەی لە هەر سەد ژنێکی دووگیان یەکێکیان تووشی حاڵەتی لێبوونەوەی وێڵاش دەبێت، زوو دیاری کردنی حاڵەتەکە یارمەتی دەرە بۆ زوو چارەسەرکردنی.

نیشانەکانی لێبوونەوەی وێڵاش

سەرەکیترین نیشانەی لێبوونەوەی وێڵاش خوێنبەربوونی دامێنە، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک جار خوێنەکە دەکرێت لە پشتی وێڵاشەکەوە تێبکەوێت و بشارێتەوە و هەر بۆیە خوێنبەربوون ڕوونەدات.

بە پێی ئامارەکان لە ٪٢٠ ئەو ژنانەی کە تووشی لێبوونەوەی وێڵاش دەبن خوێنبەربوونی دامێنیان دەبێت، نیشانەکانی تری بریتین لە

  • بێتاقەتی.
  • ئازاری لەناکاوی گەدە یان پشت.
  • هەستیاری و هەستکردن بە ئازار کاتێک کەسێک دەستت لێدەدات.

ئەم نیشانانە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر و توندتر دەبن، بە بوونی هەر یەکە لەم نیشانانە بەتایبەت بوونی خوێنبەربوون لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانیدا زوو سەردانی پزیشک بکە.

ئەو هۆکارانەی کە ئەگەری حاڵەتی لێبوونەوەی وێڵاش زیاتر دەکەن چین؟

  • تەمەنی دایکەکە گەورەتر بێت لە ٣٠ ساڵ.
  • دووگیانی بە دووانەوە یان زیاتر.
  • زیان بەرکەوتن بە دایکەکە وەک لێدانی ئۆتۆمبێل، کەوتنە خوارەوە لە شوێنی بەرز، بەرکەوتنی شتێک بە سکی دایکەکە.
  • دایکەکە پێشینەی بەرزی فشاری خوێن یان پێشینەی حاڵەتی لێبوونەوەی وێڵاشی هەبووبێت.
  • بوونی هەندێک کاریگەری خراپی دووگیانی وەک هەوکردنی منداڵدان، کێشەی ناوکە پەتک، یان زۆری شلەی ئەمنیۆتیک.
  • جگەرە کێشان.
  • بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی نایاسایی وەک ماددەی هۆشبەر.

چۆنیەتی دیاری کردنی حاڵەتی لێبوونەوەی وێڵاش؟

پزیشکان بە پشکنینی جەستەی و زۆر جاریش بە سۆنەرکردن حاڵەتەکە دەستنیشان دەکەن، هەروەها لەوانەیە پشکنینی خوێنیش بکرێت.

چارەسەری حاڵەتی لێبوونەوەی وێڵاش

چارەسەری لێبوونەوەی وێڵاش پەیوەستە بە ڕێژەی توندی حاڵەتەکەوە، پزیشک توندی حاڵەتەکە دەکات بە سێ بەشەوە.

  • سووک
  • مامناوەند
  • قورس

حاڵەتی سووکی لێبوونەوەی وێڵاش

کاتێک ڕوودەدات کە خوێنبەربوون ڕویداوە بەڵام بڕەکەی کەمە و دایک و منداڵەکە پارێزراون، چارەسەری ئەم حاڵەتە جگە لە توندیەکەی پەیوەستە بە ئەو کاتەشی کە تێپەڕیووە لە منداڵ بوونەکەت، ئەگەر خوێنی زۆری لە دەست دابێت لەوانەیە پێویست بە خوێن وەرگرتن بکات.

ئەگەر کاتی منداڵبوونت نزیک بێت، پزیشک سوود وەردەگرێت لە منداڵبوون بە دەرمان یاخود نەشتەرگەری منداڵبوون و کۆتایی بە دووگیانیەکە دەهێنێت، ڕاستە کە منداڵەکەت هێشتا ماویەتی کە گەشەی تەواو بکات بەڵام منداڵبوونی پێش وەختە دەتوانێت لە زیان بیپارێزێت لەم حاڵەتەدا.

بەپێی ڕای شارەزایان ئەو ژنانەی کە پێشتر تووشی ئەم حاڵەتە بوون بۆ دووگیانی دواتریان ئەگەری ئەوەی کە تووش ببنەوە ٪١٠ـیە.

حاڵەتی مامناوەند و قورسی لێبوونەوەی وێڵاش

ئەم حاڵەتەیان خوێنبەربوونێکی زۆر و توندی هەیە و کاریگەری خراپی هەیە بۆ خۆت و منداڵەکەت، پێویستە بە زووترین کات نەشتەرگەری منداڵبوون بکرێت بۆ دایکەکە.

لەحاڵەتی دەگمەنیشدا، کاتێک کە پزیشکەکە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی خوێنبەربوونەکە بکات لەوانەیە پێویست بکات نەشتەرگەری (لابردنی منداڵدان) بکرێت بۆ دایکەکە و منداڵدانی دەربهێنرێت.

کاریگەرییە خراپەکانی لێبوونەوەی وێڵاش دوای منداڵبوون

  • کێشەی گەشەکردن بە خێراییەکی ئاسایی.
  • لەدایکبوونی پێش وەختە، یان لەدایکبوون پێش هەفتەی٣٧.
  • لەدایکبوون بە مردوویی.


سەرچاوەکان



2317 بینین