پەرجوو - موعجیزە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-14-00:50:00 - کۆدی بابەت: 5317
پەرجوو - موعجیزە

ناوه‌ڕۆك

موعجیزە

پەرجوو یاخود موعجیزە لە ئایینی ئیسلامدا كارێكی سەرو هێزی مرۆڤایەتییە كە لەلایەن پێغەمبەرانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش توانای خۆیان نییە و خودا پێیان دەبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانن بیسەلمێنن بۆ خەڵكی كە ئەوان ڕاستین و خەڵكی بانگهێشت بكەن بۆ ڕێی ڕاستی، ئەم كارەش كەسێكی دیكە ناتوانێت بیكاتەوە بە هیچ شێوەیەك.

جۆری پەرجووەكان جیاوازە لە شوێنێك بۆ شوێنیكی دیكە و كاتێك بۆ كاتێكی دیكە، بۆ نموونە لە سەردەمی پێغەمبەر عیسا لایەنی پزیشكی باو بووە، بۆیە پەرجووی عیسا ئەوە بووە كوێری و گەڕی و تێكچوونەكان چاك بكاتەوە و مردوو زیندوو بكاتەوە، هەروەها هێنانە خوارەوەی سفرە و خوان لە ئاسمانەوە چونكە بێباوەڕان داوایان لێكردبوو، هەروەها دروستكردنی باڵندە لە قوڕ و فووكردن پێیدا بۆ ئەوەی بفڕێت و گیانی بەبەردا بێت، یەكەمین پەرجوویشی قسەكردنی بوو بە چەند كاتژمێرێك دوای لەدایكبوونی كە شایەتی بە پاكیزەیی دایكی دا.

پەرجووی موسا

پەرجووی حەزرەتی موسا فڕێدانی گۆچانەكەی بوو كە دەگۆڕا بۆ مارێكی گەورە، هەروەها دەستی دەخستە گیرفانی و لەگەڵ دەرهێنانەوەی دەستی دەدرەوشایەوە و ڕووناكییەكی ئێجگار گەورەی دەبوو.

لە سەردەمی موسادا سیحر و جادوو یەكێك بوو لە باوترین كارەكانی خەڵكی، بۆیە پەرجووی موسا زیاتربوو لە هەر جادوویەكی دیكە كە هیچ كەسێكی تر نەتوانێت دووبارەی بكاتەوە و سەرنجی جادووگەرانیش ڕابكێشێت بۆلای خۆی تا ئەوەی با زمانی خۆیان دانیان پێدانا كە ئەوەی موسا دەیكات جادوو نییە و هێزێكی دەرەكییە.

پەرجووی صالح پێغەمبەر

پەرجووی حەزرەتی ساڵح بریتیبوو لە هاتنە دەرەوەی حوشترێكی بێخەوش لە بەرد و بەرزاییەكانی شاخێكەوە.

پەرجووی ئیبراهیم

هاتنە دەرەوەی لە ئاگر بە سەلامەتی و گۆڕانی ئاگرەكە بۆ گوڵ و گوڵزار.

پەرجووی سولەیمان

زانست و زانیاری هەموو زەوی دەزانی، تەنانەت زمانی ئاژەڵان و باڵندەكانیش، هەروەها دەسەڵاتی بەسەر پەری و مرۆڤ و با دا شكاوە و توانیویەتی بە خێرایی ڕووناكی بەهۆی باوە شتەكان بگوازێتەوە، هەروەها دەسەڵاتێكی پادشایی هەبووە كە كەس نەیبووە لەسەر زەویدا.

پەرجووی داود

حەزرەتی داود ئەوەندە دەنگی خۆشبووە كە لەكاتی خوێندنەوەی كتێبی زەبووردا چۆلەكە و شاخەكان لەگەڵیدا خوێندوویانە، هەروەها توانیویەتی ئاسن بە دەستەكانی بگۆڕێت بۆ هەر شێوەیەك كە بیەوێت.

پەرجووی موحەممەد (صلی الله علیه و سلم)

لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام ئەو شتەی لەناو عەرەب زۆر باو بووە بریتیبووە لە بەلاغە و شیعر، بۆیە قورئان بە باشترین شێوازی بەلاغە و ڕێكخستنی وشەوە دادەبەزێتە سەر كەسێكی نەخوێندەوار، جیاوازی قورئان و كتێبەكانی دیكەش ئەوەیە هیچ كەسێك ناتوانێت قورئان بگۆڕێت یان لەناوی ببات بۆ هەمیشە، تەنانەت توانای گۆڕینی پیتێكیشیان نییە.

  • پەرجووی لەتكردنی مانگ بۆ دوو بەش بە ئاماژەكردنێك بۆی
  • گوێگرتن لە خەڵكی ناو گۆڕ
  • گریانی دارخورما كاتێك پێغەمبەر جێی دەهێڵێت و ئیتر وەك مینبەر بەكاری ناهێنێت.
  • سكاڵاكردنی حوشترێك لە خاوەنەكەی لای پێغەمبەری خودا.
  • لەرزینی كێوی ئوحود كاتێك لەسەری ڕاوەستا.
  • هاتنە دەرەوەی ئاو لە نێوان پەنجەكانی.
  • بوونی هەورێكی هەمیشەیی لەسەری و دروستكردنی سێبەر بۆی.
  • ئیسراء و میعراج و بەرزبوونەوە بۆلای خودای گەورە و ڕۆیشتن بۆ مزگەوتی ئەقسا و بەرنوێژی بۆ تەواوی پێغەمبەرانی پێش خۆی لە ئەقسا بە خێراییەكی ئێجگار زۆر كە دوای ئەمانە گەڕاوەتەوە هێشتا شوێنەكەی گەرم بووە.
  • زانینی ڕووداوەكانی مێژوو.
  • زانینی هەندێك ڕووداوی مەترسیدار كە بۆی هاتوونەتە پێش و ڕێگری لێیان.

جیاوازی پەرجوو لەگەڵ دیاردەی دیكە

پەرجوو تەنیا بۆ پێغەمبەران دێت، بەڵام دەكرێت كەسانێكی پیاوچاك هەبووبن كە زانیاریان زیاد بووبێت و كەسانێك بووبن خودا هەمیشە پاراستبنی لە دەستی دوژمن، یان هەر شێوەیەكی دیكە كە خەڵكی تووشی سەرسوڕمان بكات.


سەرچاوەکان



2125 بینین