عومەر موختار

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-24-13:39:00 - کۆدی بابەت: 5514
عومەر موختار

ناوه‌ڕۆك

داگیرکاریی ئیتاڵی بۆ سەر لیبیا

لە 3-10-1911ز ئیتاڵیا دەستی کرد بە داگیرکردنی لیبیا بە بیانووی ڕزگارکردنی گەلی لیبی لە داگیرکاری عوسمانی، گەلی لیبی بە توندی ڕووبەڕووی ئەم داگیرکارییە ئەوروپییە بوونەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی کە بەرپرس بوو لە حوکم کردنی لیبیا وڵاتەکەی ڕادەست کرد و هەستا بە واژۆکردنی پەیمانی لۆزان لە ساڵی 1912ز، لەم بەڵێننامەیەدا دەوڵەتی عوسمانی دانی بەوەدا نا کە زەوییە لیبییەکان موڵکی ئیتاڵیا بن، بەهۆی ئەم داگیرکارییەشەوە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو کە گەلی لیبیا شۆڕش هەڵبگیرسێنن و بەرگریی لیبی دژی ئەم دەستدرێژییە ئەوروپییە دروستبێت، دیارترین ناوی نێو بەرگری لیبی ''شێخ عومەر موختار'' بوو.

عومەر موختار

عومەر موختار ناوی عمر بن مختار بن عمر المنفي الهلالي بوو کە لە 20-8-1858 لەدایکبووە، بە شێخی شەهیدان و شێخی موجاهیدان و شێری بیابان بەناوبانگە، عومەر موختار یەکێکە لە بەناوبانگترین بەرگریکاران لە مێژووی هاوچەرخی عەرەبیدا، عومەر دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی ''منفة الهلالیة'' کە لە بادیەی برقة لە لیبیا دەژین، عومەر موختار دژی داگیرکاری ئیتاڵیا دەجەنگا لەوەتەی کە تەمەنی پەنجا و سێ ساڵان دەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ دژی ئیتاڵییەکان جەنگا، لەم دوو دەیەیەدا زنجیرەیەک ڕوبەڕووبوونەوەی لەسەر زەوییە لیبییەکان ئەنجامدا، تاوەکو لە لایەن چەند سەربازێکی ئیتاڵی دەستگیرکرا، پاشان بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بڕیاری لەسێدارەدانەکە لە 26-9-1931 جێبەجێکرا، ئەم بەروارە بەرامبەر بوو بە ساڵی 1350ـی کۆچی.

کەسایەتیی عومەر موختار بە کەسایەتییەکی بەناوبانگی مێژووی شۆڕشی عەرەبی مایەوە، دڵ و سۆزی عەرەبی بەدەستهێنا، چیرۆکی ئەم پیاوە جەختی لەسەر تاکەکانی بەرهەڵستی دەکردەوە کە دژی هەر داگیرکارییەکی دەرەکی لە نیشتیمانی عەرەبیدا هەیە بوەستنەوە، کەسایەتیی عومەر موختار پێگەیەکی گەورەی لە دڵی گەلە عەرەبە موسڵمانەکاندا هەیە، ئیلهامبەخشی شاعیران بووە و بە پاڵەوانی شەهید ناوی دەرکردووە و بووە بە نموونەی ئەو قوربانیدەرەی کە ژیانی خۆی بەخت کردووە لە ڕێگەی نیشتیمان و وڵاتەکەی، کەسایەتیی عومەر موختار لە فیلمێکی سینەمایی کە لە لایەن دەرهێنەری سوری ''مصطفی العقاد'' کاری دەرهێنانی بۆ کرابوو لە ساڵی 1981ـدا دەردەکەوێت، کە ناونیشانی ''شێری بیابان - اسد الصحراء''ـی لێنراوە.

لەسێدارەدانی عومەر موختار

لە بەیانییەکی ڕۆژی چوارشەمەی ساڵی 1931ز کە بەرامبەرە بە ساڵی 1350ـی کۆچی، سوپای ئیتاڵی هەموو ڕێکارێکی پێویستی بۆ لەسێدارەدانی شێخ عومەر موختار گرتەبەر، لە مەیدانێکدا نزیکەی بیست هەزار لە خەڵکی لیبیا و ئەو زیندانە سیاسیانەی کە پەیوەندیان بە شێخ عومەر موختارەوە هەبوو ئامادەکران، پاشان شێخ عومەر موختار هێنرا کە زەردەخەنەیەکی ڕازیبوونی لەسەر دەموچاو بوو بۆ ئەمر و قەزای خودایی، فڕۆکە ئیتاڵییەکان دەستیان کرد بە فڕین بەسەر خەڵکەکەدا تاوەکو ئەوانەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لە قسەی موختار نەبێت و نەتوانێت قسە بکات پێش لەسێدارەدانی، لە کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی چوارشەمە شێخی موجاهید لەسێدارەدرا، دەوترێت کە لە کاتی لەسێدارەدانیدا ئەم چەند ئایەتەی سورەتی فەجری دەخوێند: (يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ * ارْجِعِي إِلَىٰ رَبِّكِ رَاضِيَةً مَّرْضِيَّةً * فَادْخُلِي فِي عِبَادِي * وَادْخُلِي جَنَّتِي). دەسەڵاتە ئیتاڵییەکان لەو کاتەدا فەرمانیان کردبوو کە ئەشکەنجەی هەر کەسێک بدرێت کە غەمگینی دەرەدبڕێت بۆ لەسێدارەدانی شێخ، بەم شێوەیە شێخ عومەر موختار چووە ڕیزی بەرهەڵستکارە شەهیدەکانەوە، خوداش خۆی زاناترە.


سەرچاوەکان



1604 بینین