پێداویستی و هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری

له‌لایه‌ن: - یاد نوره‌دین - به‌روار: 2021-05-26-22:05:00 - کۆدی بابەت: 5563
پێداویستی و هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنی جەماوەری

ناوه‌ڕۆك

پێداویستی و هه‌نگاوه‌كان

سه‌ڕه‌ڕای ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندن به‌خۆوه‌ی ده‌بینێ و وێڕای ئه‌و بنه‌ما و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ هه‌یه‌تێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ڕێگه‌ی نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ڕێژی بۆ هێنانه‌دی كاریگه‌رێتی زیاتر له‌ میانی كۆمه‌ڵێك بنه‌ماوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ كه‌ ده‌توانین گرنگترینیان دیاری بكه‌ین (بیخه‌نه‌ڕوو):

دیاریكردنی ئامانج

هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن ئامانجێكی بنچینه‌یی و هه‌ندێكی دیكه‌ی لاوه‌كیش له خۆده‌گرێت، دیاریكردنی ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن پێویستییه‌كی بنچینه‌ییه‌ بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وا له‌ نێره‌ر ده‌كات كه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م نه‌خشه‌ڕێژیه‌كی دروست بكات بۆ پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندن، له‌وانه‌یه‌ ئامانجی بنچینه‌یی بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ هه‌واڵێك، یان گه‌یاندنی كۆمه‌ڵه‌ ئه‌زموونێك، یاخود گۆڕینی ئاراسته‌یه‌ك، یان نه‌ریتێكی دیایكراو، یاخود به‌ درۆخستنه‌وه‌ی واته‌وات و پروپاگه‌نده‌ی بێت، چونكه‌ دیاریكردنی ئامانج یارمه‌تی هه‌ڵبژاردنێكی ڕاست و دروستی ئامرازێك و دانان و داڕشتنی په‌یامێك به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو ده‌دات.

ده‌ستنیشان كردنی جه‌ماوه‌ر

واته‌ دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌یامی ڕاگه‌یاندن دیانگرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆكی په‌یام پابه‌ندی ژماره‌یه‌كی زۆری ڕه‌چاوكردنی ڕۆنبیری و ده‌رونی جه‌ماوه‌ره‌، چونكه‌ تاكه‌كان په‌یام وه‌رده‌گرن و هێماكانیش شرۆڤه‌ و شیده‌كه‌نه‌وه‌، جا یان وه‌كو به‌هێزكردنی وێنه‌یه‌كی هزری به‌كاریدێنن، یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی شڵه‌ژاندنی، یان هێنانه‌كایه‌ی وێنه‌یه‌كی هزری نوێ له‌سه‌ر لایه‌نێكی دیاریكراو كه‌ به‌ لای وه‌رگره‌وه‌ نادیار بێت، جا كاتێك ئه‌و وێه‌یه‌ هاوشێوه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ هزری وه‌رگردایه‌، ئه‌وه‌ش واته‌ بیر و بڕوای نێره‌ر له‌گه‌ڵ بیر و بڕوای وه‌رگردا چونه‌یه‌ك و گونجاوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گونجاو نه‌بوو، ئه‌وه‌ واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاودژی و نه‌گونجانێك له‌ نێوان ئاراسته‌كانی نێره‌ر و وه‌رگردا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌دا ده‌سه‌پێنێ كه‌ به‌ پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندن هه‌ڵده‌ستێ، ئاگاداری ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بێت و په‌یوه‌ندی به‌خۆی و ئاستی ڕۆشنبیریشی هه‌بێت و متمانه‌یشیان له‌ نێواندا هه‌بێت.

هه‌ڵبژاردنی ئامڕازێكی له‌بار و گونجاو

هه‌ر په‌یامێكی ڕاگه‌یاندن كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئامڕازێك ل ه‌ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ ده‌نێردرێ و به‌و زانیاری و بیر و بۆچون و هونه‌ركارییانه‌ی كه‌ تێیدایه‌ ، هه‌ر هه‌موی به‌رهه‌می ئه‌زمونی نێره‌رن، یان بریتین له‌و زانیاری و ڕاوبۆچونانه‌ی كه‌ وه‌ریگرتون، گه‌یاندنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یامه‌ش ناگاته‌ وه‌رگر، ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئامرازێكله‌ ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری نه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ نێره‌ر ئه‌و ئه‌زموون و بیرۆكه‌ و زانیاریانه‌ی هه‌یه‌تی له‌ شێوه‌ی هێما دایده‌ڕێژێ، جا چ هێمای نوسراو بێ یان بیستراو، تاكو وه‌رگر توانای وه‌رگرتن و لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی په‌یامه‌كه‌ی هه‌بێت و هه‌ڵوێستێكی له‌باره‌وه‌ وه‌ربگرێت، جا چ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات و بیخاته‌ سه‌ر خه‌رمانی زانیارییه‌كانی خۆی، یان په‌سه‌ندی نه‌كات و ڕه‌تیبكاته‌وه‌، هه‌ر ئامڕازێكی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ریش كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی باش و خه‌راپییان هه‌یه‌ هه‌ر ئامڕازێكیشین شێواز و توانای خۆی هه‌یه‌ له‌ دواندنی جه‌ماوه‌ردا.

دیاریكردنی هه‌لومه‌رجی گونجاو

بۆ دابینكردنی هێنانه‌دی ڕاگه‌یاندنێكی جه‌ماوه‌ریی كاریگه‌ر، زۆر پێویسته‌ بارودۆخی وه‌رگر ڕه‌چاو بكرێت، ئه‌مه‌ش ڕه‌چاوكردنی كاتی گونجاو و باری ده‌روونی جه‌ماوه‌ریش ده‌گرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بگرێت، ئاماده‌باشی وه‌گردا ده‌بێت بۆ وه‌رگرتنی په‌یامێك چ به‌ چاكی، یان خراپی، هه‌روه‌ها ئاماده‌باشی بۆ تێگه‌یشتنی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌.

هه‌ڵسه‌نگاندنی گاریگه‌رێتی ڕاگه‌یاندن

توێژینه‌وه‌ی كاریگه‌رێتی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ كاری ڕاگه‌یاندن، هه‌ر بۆیه‌ ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری ماوه‌ ماوه‌ له‌ ڕێگه‌ی پرۆگرامی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ڕای گشتییه‌وه‌ ئه‌نجامی په‌یامه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ، تا ئه‌و هه‌ڵه‌ و ته‌گه‌ره‌ و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كۆسپ دروستكردن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندندا هه‌ستپێده‌كات و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزێته‌وه‌.


سەرچاوەکان



932 بینین