ئەبراهام لینکن

له‌لایه‌ن: هێدی ئەرسەلان - به‌روار: 2021-06-25-15:27:00 - کۆدی بابەت: 5678
ئەبراهام لینکن

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

ئەبراهام لینکن ناسراو بە ئیمانسیپاتێری گەورە (ڕزگارکەری گەورە) لە ١٢ی شوباتی ١٨٠٩ لەدایکبووە، لە نزیک هۆدگنڤیل، کنتاکی، ئەمریکا (Hodgenville, Kentucky, Us)، لە ١٥ی نیسانی ١٨٦٥ لە واشنتۆن مردووە (تیرۆر کراوە)، شانزەهەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو لە نێوان ساڵانی ١٨٦١ بۆ ١٨٦٥، ئەبراهام لینکن توانی یەکڕیزی ئەمریکا بپارێزێت و کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بهێنێت، ویلایەتە جوداخوازەکانی ئەمریکای یەکخستەوە و پارێزگاری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد, یاسای کۆیلایەتی هەڵوەشاندەوە و کۆیلایەتی لە سەرجەم ویلایەتەکان قەدەغە کرد.

سیاسەتەکانی  ئەبراهام لینکن چی بوون؟

ئەبراهام لینکن ئەندامی حیزبی ویگ بووە و دواتر بووە بە ئەندامی حیزبی کۆماریەکان، ئەو باوەڕی وابوو کە کاری حکومەت ئەوەیە کە ئەوە  بۆ خەڵکی بکات کە خەڵک خۆیان ناتوانن بۆ خۆیانی بکەن، یەکێک لە گەورەترین خولیاکانی وەک بیرمەندێکی سیاسی بابەتی خۆبەڕێوەبردن بوو لەگەڵ ئەو بەڵێن و کێشانەی کە لێیەوە دەکرێ سەرهەڵبدات، ڕێگەدان بە فراوانبوونی کۆیلایەتی لەلایەن هەندێکەوە یەکێک بوو لەو جۆرە کێشانە، وە هۆکاری سەرەکی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا بوو، هەرچەندە هەر لە سەرەتای کاری سیاسیەوە دژایەتی کۆیلایەتی دەکرد، لینکۆلن دوای چەند ساڵێک یاسای کۆیلایەتی بە تەواوی هەڵوەشاندەوە و قەدەغەی کرد. 

چۆن ئەبراهام لینکن چووە ناو کاری سیاسەتەوە؟

لە ساڵی ١٨٣٤ تاوەکو ١٨٤٠ ئەبراهام لینکن کورسیەکی لە ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی ئیلینۆی مسۆگەر کردبوو، هەروەها لە ئیلینۆیش لە ماوەی ١٨٣٠ـەکان و ١٨٤٠ـەکاندا شارەزای یاسا بوو، وە لەو کاتەدا بوو بە یەکێک لە پارێزەرە بەناوبانگەکانی ئەو ویلایەتە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٤٧دا چووە ناو سیاسەتی نەتەوەییەوە لە کاتی خزمەتکردنی تاکە زاراوەیەک لە کۆنگرێسدا، لە ساڵی ١٨٥٨ لە پێشبڕکێیەکی گشتی و ئاشکرادا پێشکەش بە ئەنجومەنی پیرانی کرد، هەرچەندە لە کۆتاییدا پێشبڕکێکەی دۆڕاند و نەیتوانی براوەبێت بەڵام کردی بە کەسایەتیەکی نەتەوەیی سیاسی ناسراو، لە ساڵی ١٨٦٠ لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆماریدا کاندید کرا بۆ سەرۆکایەتی ئەو حیزبە، دەستی کرد بە بانگەشە کردن وە توانی براوەبێت.

ئامانجە سەرەکیەکانی ئەبراهام لینکن چی بوون؟

ئامانجی سەرەکی ئەبراهام لینکن لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکا پاراستنی یەکڕیزی ئەمریکا بوو، بۆ یەکەم جار ڕەشپێستەکانی لە کۆیلایەتییەوە گواستەوە بۆ ئەندام بوون لە سووپا، لە سەردەمی لینکندا یاسای باج لە ئەمریکا ڕێکخرا و جێگیرکرا، سیستەمی بانکی نیشتیمانی لە سەرجەم وڵاتدا جێبەجێکرد، کۆنگرێس بە ڕەزامەندی لینکۆلن بڕیاریدا بە دامەزراندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی ١٨٦٥ لینکن لە وتارێکدا پشتگیری لە مافی دەنگدانی ڕەشپێستەکان کرد، ئەبراهام لینکن توانی لە شەڕی ناوخۆدا ئەمریکا لە دابەشبوون و ڕووخان بپارێزێت و ئەو ویلایەتانە بگەڕێنێتەوە سەر ئەمریکا کە هەوڵی جیابوونەوەیان دەدا لێی.

میراتی ئەبراهام لینکن چییە؟

بۆ چەندەها کەس، ئەبراهام لینکن لە مێژوودا دەمێنێتەوە وەک شەهیدێک لەپێناو وڵاتەکەی، ئەوەش بەشێکی بەهۆی کوشتنەکەیەوە بوو لەلایەن جۆن ویلکس بوث (John Wilkes Booth)، کە لە ڕۆژی هەینی باش (good friday)ـدا ڕوویدا، ئەبراهام لینکن وەک ئەفسانەیەک بووە لەو ماوەی کە تیایدا ژیاوە، هەندێک لە هاودەمەکانی بەراوردی دەکەن بە جۆرج واشنتۆن و کەسایەتیەکانی وەک ئەو، هەموو ئەمریکیەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر ڕۆڵی لینکن نەبوایە ئەوا گەلی ئەمریکا نەدەبوو بەیەک نەتەوە و بە ووڵاتێکی یەک پارچە و بەو بەهێزیەی نەدەمایەوە، ئەبراهام لینکن چەندین ڕەخنەی لێ گیراوە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بەتایبەتی لە باشوور، کەسانێک بوون کە ئەویان بە دژی بەهاکانی ئازادی تاکەکەسی و مافی دەوڵەتەکان دەزانی، ئەم ڕەخنانەش لەلایەن کەسانی ڕەگەزپەرستەوە لێی گیراوە کە دژی کارەکانی بوون وەک نەهێشتنی کۆیلایەتی و مافی ڕەشپێستەکان و مافی ئافرەتان.

ژیانی تایبەتی ئەبراهام لینکن چۆن بوو؟

ئەبراهام لینکن لە ساڵی ١٨٠٩دا لە کابینەیەکی تەختەدا لە کنتاکی (Kentucky) لەدایکبووە، باوکی کەسێکی پێشەنگ و جوتیار بووە، دایکیشی ژنێکی باوەڕداربووە، کاتێک لینکن لە تەمەنی گەنجیدا بووە دایکی گیانی لەدەستداوە و ژنی دووەمی باوکی واتە زڕدایکی، لینکنی زۆر خۆشویستووە و وتراوە ئەو خۆشەوسیتیەی بۆ فێرکردنی تەرخانکردووە، لینکن هاوسەرگیری لەگەڵ ماری تۆد کردووە و چوار کوڕی لێبووە بەڵام تەنها یەکێکیان دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن و ئەوانی تر پێشتر دەمرن، لە ١٥ی نیسانی ١٨٦٥ لە واشنتۆن بەهۆی کار و هەڵوێستەکانی تیرۆرکرا لەلایەن ڕەگەزپەرستێک کە خەڵکی ویلایەتی باشوور بوو.

لەنێو پاڵەوانەکانی ئەمریکادا لینکن بەردەوامبووە لە داواکردنی مافەکانی هاوڵاتیەکانی و هەروەها پاراستنی مافی هاوڵاتییەکانی خاکەکەنی دیکە، ئەم سەرنجڕاکێشییەی سەرچاوە دەگرێت لە چیرۆکی دیاری ژیانیەوە، بەرزبوونەوە لە بنەڕەتەوە، مردنێکی دراماتیکی هەروەها لە کەسایەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دیاری خۆی و هەروەها لە ڕۆڵە مێژووییەکەی وەک ڕزگارکەری یەکێتی ئەمریکا و نەهێشتنی و لەناوبردنی کۆیلایەتی، پەیوەندیەکانی بەردەوام دەبن و گەشە دەکەن بەتایبەتی بەهۆی  ئەو ڕەوانبێژییەی هەیەتی وەک وتەبێژی دیموکراسی، لە ڕوانگەی ئەوەوە یەکڕیزی شایەنی پاراستن بوو نەک هەر بۆ بەرژەوەندی خۆی بەڵکو لەبەر ئەوەی نمونەیەکی بەرجەستەکرد، نمونەی خۆبەڕێوبردن، لەم ساڵانەی ڕابردوودا لایەنی سیاسی بۆ کارەکتەری لینکن و بەتایبەتی بۆچوونە ڕەگەزیەکانی لەژێر پشکنین و پیاچوونەوەدان.

لە ناوەڕاستی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٨٦٣ ئەبراهام لینکن کە ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بوو دوای ئەوەی شەڕێکی قورس لە شاری (گێتیس بێرگ) ڕوودەدا خۆی دەگەیەنێتە ئەو شوێنەو وتارێکی زۆر کورتی پێشکەش کرد، هەروەها دواتر دەبێت بە یەکێک لە گرنگترین وتارەکان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بۆ یەکەم جار سەرۆکی ئەمریکا وشەی "نەتەوە"ی بەکارهێنا لە وتارەکادە وتی (بەهۆی خوێنی ئەو سەربازانەمان نەتەوەیەک لەدایک دەبێت کە دەبێتە پێشەنگی دیموکراسیەت بۆ هەموو جیهان) هەروەها دەربارەی سەربازە باشووریەکان کە لە جەنگەکەدا دژی بوون وتی (ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی ئەو نەتەوەیەی کە دروست دەبێت).

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢ فیلمێک دەربارەی ئەبراهام لینکن بڵاوکراوەیەوە، کە ستیڤن سپیلبێرگ (Steven Spielberg) کاری دەرهێنانی بۆ کردبوو هەروەها دانیال دێ لویسی ئەکتەر ڕۆڵی ئەبراهام لینکنی بینی لە فیلمەکەدا، دانیال دێ لویس بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ گێڕانی ڕۆلی ئەبراهام لینکن زیاتر لە ١٠٠ کتێبی خوێندەوە لەبارەی کەسایەتی (لینکن)، هەروەها توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەدەستبێنێت بەو ڕۆڵەی کە لە فیلمەکەدا گێڕای و بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر لە مەراسیمی ئۆسکاری ساڵی ٢٠١٣دا.

 


سەرچاوەکان

67 بینین