زیانەکانی قوماتەکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-01-16:51:00 - کۆدی بابەت: 5699
زیانەکانی قوماتەکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

قوماتەکردنی منداڵ

قوماتەکردن واتای پێچانەوەی منداڵەکە دێت، کە تێیدا دەست و قاچی منداڵەکە دەبەسترێتەوە و لە کۆندا بە پەتووی ئەستوور کراوە تاکوو منداڵەکە لەگەڵیشیدا سەرمای نەبێت.

زیانەکانی قوماتەکردنی منداڵ

مەترسی مردنی لەناکاو

مەترسی مردنی لەناکاوی منداڵ یاخود پێی دەڵێن (SIDS) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ قەدەغەکردنی قوماتەکردن، تەنانەت نابێت لە زستاندا بۆ داپۆشینی منداڵەکەت بەتانی و پەتووی گەورە و قورس بەکاربهێنیت تاکوو ئەگەری خنکانی منداڵەکە ڕوونەدات.

دروستبوونی کێشە لە ناوچەی کڵۆک و ڕاندا

قوماتەکردن کە تێیدا بە توندی قاچی منداڵەکە دەبەستیت و ناهێڵیت هیچ جوڵەیەکی هەبێت لەکاتێکدا کە ئەو منداڵە زۆر ناسکە، توندکردنی قاچەکانی ئەنجامێکی باشی بەدواوە نابێت بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە خۆیان کێشەیەکی زگماکییان هەیە لە کڵۆک و ڕانیاندا و هەروەها هۆکارەکانی وەک (پێشینەی خێزان، منداڵبوونێکی قورس و پڕ کێشە، ئەگەر منداڵەکە کچ بێت) ئەم سێ هۆکارەش ئەگەری ئەو حاڵەتە زیاتر دەکەن بۆیە دایکان دەبێت زۆر وریابن و توند قاچی منداڵەکەیان نەبەستن.

کێشە بۆ گەشە و جوڵەی منداڵەکە

بەتایبەت لەدوای تەمەنی یەک مانگی منداڵەکەوە قوماتەکردن زۆر کێشە دروست دەکات و ناهێڵێت منداڵەکە جوان گەشە بکات و قاچ و دەستەکانی جوان بجوڵێنێت، بۆیە ئەگەر سووریت لەسەر قوماتەکردنی منداڵەکە ئەوا تەنها با مانگی یەکەم بێت و دوای ئەوە وازی لێبهێنە.

خنکان یاخود کەوتنە سەر سک

ئەگەر منداڵەکە گەشتبێتە تەمەنێک کە بتوانێت خۆی بخاتە سەر سک و لەم کاتەدا قوماتە کرابێت و هەردوو دەست و قاچی بەسترابێت و لەناکاو بکەوێت بەدەمدا ئەگەری خنکانی زۆرە، کێشەکە لەوێدایە کە زۆر جار نازانیت منداڵەکەت کەی دەکەوێت بەدەمدا چونکە لەناکاو ئەم شتە دەکات.

قوماتەکردنی دروست

زۆر جار منداڵەکە لەخەودا ڕادەچڵەکێت بەوەی کە دەست و قاچی دەجوڵێت لەکاتی خەوەکەدا، لەم کەتەدا بە ڕاوێژ کردن بە پزیشک دەتوانیت قوماتەی بکەیت ئەویش بە پەڕۆیەکی ناسک و تەنها دەست و قاچی ببەستیت و زۆر نەیبەیتە سەرەوە و سووکیش بیبەستیت و ئاگاداری منداڵەکە بیت هەمیشە لەوەی خۆی نەخات بەدەمدا.


سەرچاوەکان



53981 بینین