چوار عەبدوڵاکە کێن؟

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-03-01:46:00 - کۆدی بابەت: 5724
چوار عەبدوڵاکە کێن؟

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

ئیمامی نەوەوی (ڕەحمەتی خودای لێبێت) باس لەوە دەکات کە نزیکی 220 کەس لە هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ ناویان (عەبدوڵا) بووە, بەڵام نازناوی العبادلة الأربع (چوار عەبدوڵا)ـکە بە چوار لەو هاوەڵە بەڕێزانەی پێغەمبەر ﷺ دەگوترێت کە هەر بەمنداڵی زانست و زانیاریەکی زۆر فێربوون, ئەوانیش بریتین لە: (عەبدوڵای کوڕی عومەر, عەبدوڵای کوڕی عەبباس, عەبدوڵای کوڕی زوبەیر, عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص).

هەروەها ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و زانا پایەبەرزەکانی تری بواری فەرموودە بەوشێوەیە ناویان ناون, وە ئەم چوار هاوەڵە بەڕێزەی پێغەمبەر ﷺ تەمەنێکی زۆر ژیاون تا ئەوەی موسڵمانان پێویستیان بە ڕاوبۆچوون و زانست و زانیاری ئەم چوار هاوەڵە بەڕێزەی پێغەمبەر ﷺ بووە, هەر بۆیە کاتێک لە بابەتێکدا هەمان بۆچوونیان هەبووە وتراوە: "ئەمە ڕا و بۆچوونی چوار عەبدوڵاکەیە".

پرسیار کرا لە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل, ئایا عەبدوڵای کوڕی مەسعوود لە چوار عەبدوڵاکەیە؟ فەرمووی: "نەخێر", لەبەر ئەوەی عەبدوڵای کوڕی مەسعوود پێش ئەوان کۆچی دوایی کردووە.

عەبدوڵای کوڕی عومەر

ناوی عەبدوڵای کوڕی عومەری کوڕی خەتاب کوڕی نوفەیل کوڕی عەبدولعوزا کوڕی رەیاح کوڕی قیرط کوڕی رەزاح کوڕی عەلی کوڕی کەعبی کوڕی لوئەی, ئەگاتەوە بە پێغەمبەر ﷺ لە ڕێی کەعبی کوڕی لوئەیەوە, وە دایکیشی ناوی (زەینەبی کچی مەزعونە) کە قوڕەشیە لە بەنی جەمح, عەبدوڵای کوڕی عومەر یەکێکە لە گەورەترین گێڕەرەوەکانی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ, هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ بووە و کوڕی وەزیرەکەی بووە, یەکێکە لە (چوار عەبدوڵا)ـکە و یەکێکە لەو شەش هاوەڵە بەڕێزانەی کە زۆرترین فەرموودەیان گێڕاوەتەوە لە پێغەمبەرەوە ﷺ, بە (ئەبو عەبدولڕەحمان) ناوبانگی دەرکردووە, برای دایکی ئیمانداران حەفصەی کچی عومەری کوڕی خەتابە, لە ساڵی سێی کۆچی لە دایک بووە.

عەبدوڵا بە منداڵی لە مەککە لەگەڵ باوکی موسڵمان بوو, وە لەگەڵ باوکی کۆچی کرد بۆ مەدینە لە کاتێکدا تەمەنی دە ساڵ بوو, وە زانایان کۆ دەنگن لەسەر ئەوەی کە بەشداری لە جەنگی (بەدر)ـدا نەکردووە, پێغەمبەر ﷺ مۆڵەتی پێدا کە لە جەنگی (خەندەق)ـدا بەشداربێت لەکاتێکدا تەمەنی تەنها پازدە ساڵ بوو, وە پاش ئەمە بەشداری لە زۆر لەو ڕوبەڕووبوونەوانەدا کردووە لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ , هەروەک چۆن بەشداری کردووە لە جەنگەکانی (موئتە, یەرمووک, ڕزگارکردنی میسڕ, ڕزگارکردنی ئەفریقیا).

عەبدوڵای کوڕی عومەر کەسێک بووە کە زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە شوێنپێی پێغەمبەر ﷺ هەڵبگرێت لە کار و بارەکانی ڕۆژانەیدا, ڕێژەیەکی زۆر لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ لەبەربووە, وە 2630 فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە ﷺ ڕیوایەت کردووە, زۆر شارەزا بووە بە فەریزەی حەج و بەڕیوەچوونی, نزیکی 60 ساڵ موفتی بووە و فەتوای داوە, عەبدوڵڵای کوڕی عومەر (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) لە ساڵی (73 کۆچی) کۆچی دوایی کردووە, تەمەنی نزیکەی (84) ساڵ بووە وەک زۆربەی مێژوونووسان باسی لێوە دەکەن، کۆتا هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ بووە کە لە شاری مەککە کۆچی دوایی کردووە.

عەبدوڵای کوڕی عەباس

ناوی عەبدوڵای کوڕی عەباس کوڕی عەبدولموتەڵیب کوڕی هاشم کوڕی عەبدولمەناف کوڕی قوصەی هاشمیە, بە (ئەبو ئەلعەبباس) ناودەبرێت, ئامۆزای  پێغەمبەرە ﷺ, لێکدەرەوە (موفەسیر)ـی قورئانە, بلیمەتی سەردەمی خۆیەتی, بەتایبەتتر لە بواری فیقهـ و تەفسیردا, یەکێکە لە چوار عەبدوڵاکە, دایکی ناوی لەبابەی کچی حاریسەیە, خوشکی دایکی ئیمانداران (مەیمونەی کچی حاریس)ـەیە, لە ساڵی سێی کۆچی لە دایک بووە, لە سەردەمی پێغەمبەرایەتیدا پێگەیشتووە.

1660 فەرموودەی لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕاوەتەوە, لە هەندێ سەرچاوەی تردا وتراوە کە 1696 فەرموودەی گێڕاوەتەوە, پێغەمبەر ﷺ دوعای دانایی بۆ کردووە, تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کاتێک پێغەمبەر ﷺ کۆچی دوایی کردووە, لەگەڵ عەلی (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) بەشداری لە جەنگەکانی (جەمەل و صەفین) کردووە.

عەبدوڵای کوڕی عەبباس لە تەمەنی 71 ساڵیدا لە ساڵی 68 کۆچی لە شاری تائیف کۆچی دوایی کردووە.

عەبدوڵای کوڕی زوبەیر

ناوی عەبدوڵای کوڕی زوبەیر کوڕی عەوام کوڕی خوەیلید کوڕی ئەسەد کوڕی عەبدولعوزا کوڕی قوصەی کوڕی کیلاب کوڕی مورەی قورەشی ئەسەدییە, بە ئەبو خوبەیب یان ئەبو بوکەیری قوڕەشی ناودەبرێت.

دایکی (ئەسمائی کچی ئەبو بەکر)ـە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت), زوبەیری باوکی یەکێکە لە دە مژدە پێدراوەکەی بەهەشت (العشرة المبشرة), عائیشەی کچی ئەبوبەکر (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) پوریەتی, یەکەم منداڵە لە ئیسلامدا کە لە مەدینە لە دایک بووە پاش کۆچکردن بۆ مەدینە، وتراوە یا لە مانگی بیستەمی کۆچیدا لە دایک بووە یان لە ساڵی یەکەمی کۆچی.

عەبدوڵای کوڕی زوبەیر کەسێکی خواناس و خاوەن زانست و زانیاری و تێکۆشەر بووە لە پێناو خودای گەورە, زۆر ڕۆژووی دەگرت, زۆر شەو نوێژی ئەنجام دەدا, زۆر چاو نەترس بوو, کاتێک تەمەنی حەوت یان هەشت ساڵ بوو باوکی هێنایە خزمەت پێغەمبەر ﷺ بۆ ئەوەی بەیعەت (پەیمان)ـی پێ بدات.

لە پێغەمبەر ﷺ و ئەبو بەکر و عومەر و عوسمان (ڕەزا و ڕەحمەتی خودایان لێبێت)ـەوە فەرموودەی گێڕاوەتەوە, لە موسنەدەکەیدا نزیکی 33 فەرموودەی هەیە کە لە پێغەمبەرەوە ﷺ گێڕاویەتییەوە.

عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر سوارچاکی قوڕەیش بوو لە سەردەمی خۆیدا, لە زۆر ڕووداودا ڕۆڵی هەبووە, لەوانە: لە جەنگی یەرمووک کە هەرزەکار بووە لەو کاتەدا, لە ڕزگارکردنی مەغریب دا, لە جەنگی قوستەنتینیە دا, وە لە ڕۆژی جەمەل دا لەگەڵ (دایکی ئیمانداران عائیشە) ی پوری.

لە ساڵی 64 کۆچی بەیعەت (پەیمان)ـی پێ درا کاتی مردنی یەزیدی کوڕی موعاویە, بۆ ماوەی نۆ ساڵ خەلیفە بووە و دەسەڵاتی بەسەر حیجاز و یەمەن و میسڕ و عێراق و خۆراسان و بەشێکی شام هەبووە.

لە تەمەنی 72 ساڵیدا و لە ساڵی 73 کۆچی لەسەر دەستی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی دەکوژرێت لە سەردەمی خەلیفایەتی (عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان).

عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص

ناوی عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص کوڕی وائیلی کوڕی هاشم کوڕی سەعیدی کوڕی سەهمی قوڕەشییە, هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەرە ﷺ,  وە کوڕی هاوەڵی پێغەمبەرە ﷺ, یەکێکە لە چوار عەبدوڵاکە, نازناوی ئەبو موحەمەدە, هەروەها ئەبو عەبدولڕەحمانیشی پێ وتراوە لەگەڵ ئەبو نەصیر, دایکی ناوی ڕیطەی کچی مەنبەهی کوڕی حەجاجە, چەند قسەیەکی جیاواز هەیە دەربارەی تەمەنی کە هەندێکی دەڵێن دوازدە ساڵ لە باوکی بچووکتر بووە, هەندێکی تر دەڵێن یازدە ساڵ و هەندێکی تریش دەڵێن بیست ساڵ لە باوکی بچووکتر بووە.

کەسێکی بەڕێز و زانا بووە لەنێو هاوەڵەکانی پێغەمبەر ﷺ, لە بەندایەتیدا تێکۆشەر بووە, خاوەن زنستێکی زۆر و فراوان بووە, ئەبو هورەیرە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) دەفەرموێت: "پاش من عەبدوڵای کوڕی عەمر زۆرترین فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ ڕیوایەت کردووە", نزیکی (700) حەوت سەد فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ ڕیوایەت کردووە.

عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص لە زۆر جەنگدا بەشداری کردووە, لە جەنگی یەرمووک ئاڵای هەڵگرتووە, وە لە جەنگی صەفیندا لەگەڵ موعاویە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) بەشداری کردووە.

بۆ ماوەیەکی کەم کرا بە والی کوفە لەلایەن موعاویە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت), زانایان کۆدەنگ نین لەسەر کات و شوێنی کۆچی دوایی عەبدوڵای کوڕی عەمری کوڕی عاص, وتراوە لە ساڵی 63 ک کۆچی دوایی کردووە, یان وتراوە 65 ک, یان 67 ک, یان 68 ک, یان 73 ک, لە تەمەنی (72) ساڵیدا, یان (92) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە, وتراوە لە مەککە کۆچی دوایی کردووە, یان وتراوە لە تائیف, یان لە میسڕ یان لە شام.


سەرچاوەکان



1177 بینین