هەوکردنی پەنکریاس و چارەسەری

هەوکردنی پەنکریاس و چارەسەری

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-09-17:19:00 - کۆدی بابەت: 5813
هەوکردنی پەنکریاس و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی پەنکریاس 

پەنکریاس ڕژێنێکی گەورەیە کە دەکەوێتە پشتەوەی گەدە لە تەنیشت ڕیخۆڵەباریکە، دوو ئەرکی سەرەکی هەیە کە ئەوانیش: بەرهەمهێنانی ئەنزیمی هەرسی بەهێز لە ڕیخۆڵەباریکە کە هاوکارە لە هەرسکردنی خۆراک، وە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکانی ئینسۆلین و گلوکاگۆن لە ڕێڕەوی خوێندا بۆ یارمەتی لەش لە کۆنترۆڵکردنی چۆنییەتی بەکارهێنانی خۆراک بۆ بەرهەمهێنانی وزە و ڕێکخستنی ئاستی شەکری ناو خوێن، لەو نەخۆشییانەش کە دەکرێت توشی پەنکریاس ببن بریتین لە هەوکردنی پەنکریاس، کە ئەویش ڕوودەدات لەکاتی چالاکبوونی ئەنزیمەکانی پەنکریاس بەر لە گەیشتن بە ڕیخۆڵەباریکە و دواتر ئەم ئەزیمانە دەستدەکەن بە هێرشکردنە سەر پەنکریاس خۆی و دەبنە هۆی تێکچوونی پەنکریاس، هەروەها دەکرێت هەوکردنی پەنکریاس قورس و درێژخایەن بێت، چارەسەری هەوکردنەکەش بەپێی ئەوەیە ئایا جۆری هەوکردنەکە قورسە یان درێژخایەن.

جۆرەکانی هەوکردنی پەنکریاس 

دوو جۆر هەوکردنی پەنکریاس هەیە، هەوکردنی قورس و هەوکردنی درێژخایەن، هەریەکەشیان هۆکاری دیاریکراو و جیاوازی هەیە، هەروەها ماوەی پێچوونیان جیاوازە بۆ ڕوودان. 

هەوکردنی پەنکریاسی قورس (توند)

هەوکردنی پەنکریاسی توند دەستەواژەیەکە ئاماژە دەکات بۆ هەوکردنێکی لەناکاو و بۆماوەیەکی کەم بەردەوام دەبێت، دەکرێت مەترسییەکەشی پۆلێن بکرێت لەنێوان ڕوودانی هەراسانییەکی کەم لە لەشدا تاکوو دەگاتە ڕوودانی کێشەی گەورە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیان، خۆشبەختانە ئەگەر هەوکردنی پەنکریاسی توند لەکاتی خۆیدا چارەسەر بکرێت زۆربەی توشبووان بەتەواوەتی چاک دەبنەوە، بەڵام لە حاڵەتە قورسەکاندا ڕەنگە هەوکردنەکە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی ڕژێنەکە و تێکچوونێکی مەترسیدار لە ڕژێنەکەدا و ڕوودانی هەوکردن و دروستبوونی کیس، وەکو چۆن دەکرێ ئازاری ئەندامە سەرەکییەکانی تریش بگەیەنێت وەکوو دڵ و سییەکان و گورچیلەکان، هۆکارەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە داخرانی کەناڵی زەرداو و خواردنەوەی کهول "لە سەدا ٨٠ ی حاڵەتەکان" هەندێک دەرمان و بەرزبوونەوەی چەوری سیانی و تێکچوونی ڕژێمی خۆراکی.

هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن

هەوکردنی پەنکریاسی دوورمەودا هەوکردنێکی ماوە درێژە زۆرجار پاش هەوکردنی پەنکریاسی توند ڕوودەدات، لە گرنگترین هۆکارەکانیشی خواردنەوەی کهولە بە ڕێژەیەکی زۆر، هەروەها وێڕای دەرنەکەوتنی نیشانەکانی هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن لەگەڵ خواردنەوەی کهولدا بەڵام نیشانەکان ڕەنگە بە شێوەیەکی لەناکاو و قورس دەربکەون لە کۆتاییدا، هەروەها دەکرێت هۆکاری هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن هەندێک نەخۆشی دژە خۆیی و تێکچوونی ڕژێمی خۆراکی و نەخۆشی بۆماوەیی وەکوو بەڕیشاڵبوونی کیسی (cystic fibrosis).

نیشانەکانی هەوکردنی پەنکریاس 

هەندێک لە توشبووان ڕەنگە هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوێت، بەڵام زۆربەی توشبووان جا درێژخایەن  بێت یان هەوکردنی توند دەناڵێنن بەدەست ئازاری بەشی سەرەوەی لای چەپی سک، ڕەنگە هەر جارێک ئازارەکەی لە نێوان چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک بخایەنێت، بە خواردنی خۆراک و پاڵکەوتن لەسەر پشت ئازارەکە زیاد دەکات و بە دانیشتن و کەمێک چەمانەوە بە پێشدا ئازارەکە کەم دەکات، نیشانەکانی تری بریتین لە:

  • ئازارێک کە دەوری بەشی سەرەوەی لەش دەدات لە نێویشیدا پشت بە شێوەی شریتێک دەوری جەستەی دابێت. 
  • قورسی هەرکردن.
  • دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە.
  • سک ئێشە.
  • لەدەستدانی کێش خۆنەویستانە.
  • ئاوسانی و باکردنی سک
  • تا 
  • نزگەرە.
  • سکچوونێکی چەوری بۆن ناخۆش، کە دەکرێت نیشانەی کێشەی هەڵمژینەوە بێت. 

لێکەوتە خراپەکانی هەوکردنی پەنکریاس 

لێکەوتەکانی هەوکردنی پەنکریاس دەگمەنن، بەڵام بەربڵاوترن لە هەوکردنی درێژخایەنی پەنکریاس، لێکەوتەکان دەکرێت بریتیبن لە:

دەستنیشانکردنی هەوکردنی پەنکریاس 

بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی پەنکریاس پزیشک هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی شیکاری و تیشکی وێڕای تۆمارکردنی ماوەی نەخۆشییەکە، لەو پشکنینانەی پزیشک داوای دەکات بریتین لە: 

  • ئاستی ئەنزیمەکانی ئەمایلەیز و لایپەیز: بە جۆریک بەرزبوونەوەی زۆری ئەم ئەنزیمانە نیشانەی هەوکردنی پەنکریاسی توندە. 
  • تاقیکردنەوەی کارکردنی پەنکریاس: بۆ زانینی ئەوەی ئایا پەنکریاس بە بڕی پێویست ئینزمیمەکان دروست دەکات. 
  • تاقیکردنەوەی بەرگەگرتنی گلوکۆز: بۆ پێوانەی ڕاددەی تێکشکانی خانەکانی بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین لە پەنکریاسدا.
  • وێنەگرتن بە شەپۆلی سەروودەنگ و تیشکی پارچەیی و ڕەنینی موگناتیسی: بۆ بینینی کێشەکانی پەنکریاس.
  • وێنەگرتنی بۆریی زراودان بە بەکارهێنانی دووربین: ئەویش بۆ بینینی بۆرییەکانی پەنکریاس و زەرداو بە بەکارهێنانی تیشکی ئێکس.
  • نمونە وەرگرتن: کە لە ڕێی دەرزییەوە دەبێت کە نمونەیەک لە شانەکانی پەنکریاس وەردەگیرێت و پشکنینی لەسەر ئەنجام دەدرێت، لە ڕێی دەرزییەوە دەبێت کە نمونەیەک لە شانەکانی پەنکریاس وەردەگیرێت و پشکنینی لەسەر ئەنجام دەدرێت. 
  • پشکنینی میز و خوێن و پیسایی بۆ دڵنیابوونەوە لە دەستنیشان کردنەکە لە قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەدا.

چارەسەری هەوکردنی پەنکریاس 

چارەسەری هەوکردنی پەنکریاس بە گۆڕانی جۆرەکەی دەگۆڕێت، چونکە بەپێی هۆکاری هەر جۆرێک لە جۆرەکانی هەوکردنی پەنکریاس، چارەسەرەکانیش  دەگۆڕێن، چارەسەرەکانیش بریتین لە: 

چارەسەری هەوکردنی پەنکریاسی توند 

کەسانی توشبوو بە هەوکردنی پەنکریاسی توند لە نەخۆشخانە دەهێڵرێنەوە و چارەسەر دەکرێن بە پێدانی شلەی ناو خوێنهێنەرەکان و ئازار شکێنەکان، هەندێک جاریش ڕەنگە هەوکردنەکە هێندە زۆربێت نەخۆشەکە پێویستی بە چوونە بەشی چاودێری ورد بێت کە لە نزیکەوە چاودێری نەخۆش دەکرێت بۆ ڕێگری لە ڕوودانی هەر زەرەرێک لە دڵ و سییەکان و گورچیلەکان، لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕەنگە پەنا ببرێتە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ چارەسەری هەوکردنی پەنکریاسی زۆر ئەویش لە هەندێک حاڵەتدا کە شانەکانی پەنکریاس تێکشکاون یان مردوون، کە نەشتەرگەری بەسوودە بۆ لابردنی شانە مردوو و تێکچووەکان، هەروەها هەندێک جار نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت بۆ لابردنی زراو ئەویش لەو حاڵەتانەی کە هەوکردنی پەنکریاس پەیدا دەبێت لە دەرئەنجامی بەردی زراو، پاش دەرهێنانی بەردەکان و چاکبوونەوەی هەوکردنەکە پەنکریاس دەگەڕێتەوە شێوەی ئاسایی خۆی، زۆر جار هەوکردنی پەنکریاسی زۆر چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.

چارەسەری هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەن 

بەداخەوە ڕەنگە چارەسەری پەنکریاسی درێژخایەن قورس بێت، بەڵام پزیشکەکان هەوڵی کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشەکە دەدەن و هەروەها یارمەتیدەدەن بۆ چاککردنی کێشەی خۆراک وەرگرتن لەڕێگەی پێدانی ئەنزیمەکانی هەرسی پەنکریاس و ئەنسۆلین بە نەخۆشەکە لەکاتێکدا کە پێویستی پێی بوو، لەم حاڵەتانەشدا دەکرێت ڕژێمێکی خۆراکی کەم چەوری یارمەتیدەربێت لە کەمکردنەوەی ئازار، ڕەنگە پەنا ببرێتە بەر نەشتەرگەری بۆ چارەسەری هەندێک حاڵەت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سک، هەروەها یارمەتی دەردانی ئەنزیم و هۆڕمۆنەکانی پەنکریاس، یان چارەسەری هەوکردنی پەنکریاس کە لە دەرئەنجامی داخرانی بۆری پەنکریاسەوە بووە، یان بۆ کەمکردنەوەی ڕوودانەکانی فێ، پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی هەوکردنی پەنکریاسی درێژخایەنیان هەیە دوور بکەونەوە لە کێشانی جگەرە و خواردنەوەی کهول، هەروەها جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پزیشک و پسپۆڕی خۆراک، هەروەها وەرگرتنی دەرمانی پێویست بۆ سنوردارکردنی هەوکردنەکە.


سەرچاوەکان

167 بینین