نرخی نێگەتیڤی نەوت واتە چی؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-10-02:05:00 - کۆدی بابەت: 5821
نرخی نێگەتیڤی نەوت واتە چی؟

ناوه‌ڕۆك

بۆرسەی نەوتی جیهانی

بۆرسەی نەوت یەکێکە لە گرنگترین بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی بژاردەکانی وزە و گرێبەستە پێشوەختەکان، ئەم بۆرسەیە لە لەندەنە و لە ساڵی 1980 دامەزراوە، چەندین بژاردەی گرێبەستی پێشوەختە و چەندەها کاڵا لەخۆدەگرێت، یەکەم بەرهەم کە لەو بازاڕەدا مامەڵەی پێوەکرا نەوتی خاوی برێنت بوو کە لەو کاتەدا پێوەری دیاریکردنی بەهای نەوت بووە.

هەندێکی دیکە لەو مامەڵانەی لە بۆرسەی نەوتی لەندەن ئەنجام دەدران بریتی بوون لە مامەڵەی گازی سروشتی و کارەبا و خەڵوز و زەیتی سووتەمەنی، پاشان دوای ئەوەی ئینتەر کۆنتینێنتال بۆرسەکەی لە ساڵی 2001 کڕی، بازنەی مامەڵەکان فراوانتر کران تا پاڵفتە پێشکەوتووەکان بگرنەوە، لە ساڵی 2005ـیش سیستمی بۆڕسەکە پێشخرا و لە دەستییەوە گۆڕا بۆ ئەلیکترۆنی.

نرخی نێگەتیڤی نەوت واتە چی؟

لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ نرخی نەوت بەردەوام لە دابەزیندا بوو، بەهۆی کاریگەربوونی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کاری کردبووە سەر زۆرێک لە ئابووری وڵاتان و بازاڕەکانی دراو، پاشان ئەم دابەزینە بەردەوام بوو تا گەیشتە نزمتر لە سفر، ئەم دیاردەیە یەکێک بوو لە زەقترین نیشانە و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیهان، گرنگە کە تێبگەین ئەم نرخانە بە سالبی چ مانایەکیان هەیە، چونکە تەنانەت نرخی نەوتی خامی تێکساس گەیشتە سالب 37.63 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەهۆی ئەمەوە بازاڕەکان چوونە بارودۆخێکەوە کە پێشتر شتی وایان بەخۆوە نەبینیبوو، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم حاڵەتەش وەک ئاماژەی پێدرا بریتیبوو لە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بوبووە هۆی وەستانی ئابوورییە جیهانییەکان و کەڵەکەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە نەوتی بەکارنەهێنراو، کۆمپانیاکانیش شوێنی کۆگاکردنی نەوتیان نەمابوو تاوەکو نەوتەکە هەڵگرن.

بۆ تێگەیشتن لە مانای نرخی نێگەتیڤی نەوت دەبێت ئەوە بزانین کە نەوت یەکێکە لەو شتانەی کە گرنگن و دەبێت بە وردییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لەبەر ئەوەی تەنها دوای دوو مانگ لە دابەزینی نرخی نەوت بۆ ژێر سفر گرێبەستە پێشوەختەکانی کڕینی نەوت نرخیان بەرز بوویەوە بۆ 20.43 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەم گۆڕان گەورەیە لە نەوتدا گەورەترین کەلێن بوو لە نێوان دوو نرخی نەوتدا لە مێژووی مامەڵە نەوتییەکاندا.

بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی وەستانی چالاکییە پیشەسازی و ئابوورییەکان، لەبەرئەوەی هەموو حکومەتەکانی جیهان کاریان لەسەر وەستاندن و داخستنی ناوەندە بازرگانی و پیشەسازییەکان دەکرد بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە، بەهۆی ئەم شۆکە گەورەیەوە کە بازاڕ تووشی بوو یەک لەسەر سێی خواست لەسەر نەوت داڕما و کەمیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێکەوتننامەی بەپەلە و سوودبەخشی باشی پێشکەشکرد بۆ ڕێگرتن لە زیانەکانی ئەم گۆڕانە لەناکاوە، بەڵام لە کاتێکی درەنگدا ڕێکارەکان گیرانە بەر و سوودەکەیان بەپێی پێویست نەبوو.

بەهۆی داڕمانی خواست لەسەر نەوت بەهای پێوانەیی نەوت بە شێوەیەکی زۆر گەورە دابەزی، لە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک بەرمیلی نەوتی خۆرئاوای تێکساس بە 50 دۆلار دیاری کرابوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەم نرخە بووە یەک لەسەر سێ.

لە سەرەتادا دابەزینی نرخی نەوت زۆر بەخێرایی ڕووینەدا، تەنانەت وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتیش بۆ ڕێگریکردن لە داڕووخانی نرخەکان بە ڕێژەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێنانیان کەمکردەوە، بەڵام خواست لەسەر نەوت خۆی بە ڕێژەی 30 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردبوو، وردە وردە نرخەکان هەر نزم دەبوونەوە تا وای لێهات ڕاگرتن و هێڵانەوەی نەوت تێچووەکەی زیاتر بێت لە بەها ڕاستەقینەکەی، ئیدی خستنەڕوو تا دەهات زیادی دەکرد و خواستیش کەم، تا وای لێهات نرخی نەوت هاتە خوار سفر و هەندێک بازرگان تەنانەت ئامادەبوون پارە بدەن تاوەکو ئەو نەوتەی کە هەیانە ڕزگاریان بێت لێی.


سەرچاوەکان



628 بینین