ئۆپیک یان ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت

له‌لایه‌ن: شێرزاد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2019-08-15-21:00:00 - کۆدی بابەت: 115
ئۆپیک یان ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ئۆپیک

ڕێکخراوێکى حکومییە، مەبەست لەدروست بوونى بەرەنگاربوونەوەى کۆمپانیا گەورەکانى نەوت وڕێکخستنى پڕۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت بووە، ژمارەیک لە وڵاتانى بەرهەمهێن وهەناردەکارى نەوت لەخۆى دەگرێت.

دامه‌زراندن

ئەم ڕێکخراوە لە 14 ى ئەیلولى ساڵى 1960 لە بەغدادى پایتەختى عێراق، بەدەستپێشخەرى پێنج وڵاتى سەرەکى بەهەمهێنى نەوت: سعودیە، ئێران، عێراق، کوەیت، فەنزویلا، دامەزرا.

ئەم ڕێکخراوەش بەگەورەترین ڕێکخراوى وڵاتانى تازە پێشکەوتوو ئەژمار دەکرێت ومەبەست لەو ڕێکخراوە ڕووبەڕووبونەوەى کۆمپانیا گەورە نەوتییەکانى جیهان و کۆنتڕۆڵ کردنى نرخەکانى نەوت بووە.

ئۆپیک له‌ ئێستادا

لەکاتى ئێستادا دوانزە وڵات ئەندامن لەم ڕێکخراوەدا و هەریەک لە: جەزائیر، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر،ئێران، عێراق، کوەیت، لیبیا، نەیجیریا، قەتەر، سعودیە، ئیمارات وفەنزویلا لەخۆى دەگرێت، هەریەکە لە گابۆن لە ساڵى 1975 و ئەندونوسیا لەساڵى 2009، لەڕێکخراوەکە هاتنە دەرەوە.
 
لەساڵى 1973دا ئەم ڕێکخراوە هێز وهەژمونى دەرکەوت، دواى ئەوەى کە سعودیە وئێران ڕێککەوتن کە نەوت وەک چەکێک لە میانەى جەنگى عەرەب ئیسرائیلدا، لە جەنگى ئۆکتۆبەردا بەکار بهێنن، لەو کاتەشدا نەوت وەک چەکێک بەکارهات لەڕێگاى کەمکردنەوەى بەرهەمهنانى و هەناردەکردنى، هەروەها نەوت هەناردەى ئەو وڵاتانە نەکرا کە پاڵپشتى ئیسرائیلیان دەکرد لە جەنگەکەدا ولەسەروو هەموویانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا.

لەسەرەتاى هەشتاکاندا ڕۆڵى ئۆپیک چڕ ببویەوە لەبوارى پارێزگاریکردن لەنرخى نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا، بەڵام لەساڵى 1983 پەیڕەوى سیاسەتێکى نوێی کرد کە بریتی بوو لەدیاریکردنى سەقفێکى دیاریکراو بۆ بەرهەم هێنانى نەوت لەلایەن وڵاتانى ئەندامەوە، لەهەمانکاتدا وڵاتانى ئەندام بۆیان نەبوو پابەندى ئەو بڕیارە نەبن، هەروەها دەستى کرد بەدیاریکردنى بەشى هەر وڵاتێک لەبەرهەمهێنان بەپێى ئەو توانایەى کەئەو وڵاتە هەیبوو.

 
لەنەوەتەکاندا، نرخەکانى نەوت هەڵکشان وداکشانى زۆرى بەخۆیەوە بینى، لەساڵى 2000 ئۆپیک هەوڵى دا کە ئامڕازێک دابنێت بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى نرخى نەوت، لەساڵانى دواتر نرخى نەوت بەرز بویەوە تا سنورى سەد دۆلارى بەزاند، بەتایبەتى لە ساڵى 2007 دا.

بارەگاى ئەم ڕێکخراوە لەساڵى 1965 لە ڤییەناى پایتەختى نەمسایە، لەڕووى ستراکچەرەوە سێ دامەزراوەى سەرەکى هەیە کەبریتین لە: ئەنجومەنى وەزیران، ئەنجومەنى پارێزەران، سکرتارییەت.


سەرچاوەکان

1480 بینین