لە قورئانی پیرۆزدا ناوی چەند پێغەمبەر هاتووە؟

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-10-02:57:00 - کۆدی بابەت: 5824
لە قورئانی پیرۆزدا ناوی چەند پێغەمبەر هاتووە؟

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ژمارەی ناوی پێغەمبەران لە قورئانی پیرۆزدا

زۆرێک لە زانایان و فەقیهەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەوڵی ئەوەیان داوە کە بزانن ناوی چەند پێغەمبەر لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و بۆ چ گەلێک ڕەوانە کراون, وە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی زۆر پێغەمبەر هاتووە، هەندێک جار سورەتیان بە ناوەوە هەیە, هەندێ جار لە نێو سوورەتەکەدا ناویان هاتووە و باسی چیرۆکەکەیان کراوە.

خودای گەورە پێغەمبەرانی ناردوو بۆ ئەوەی ببنە ڕێنماییکار بۆ مرۆڤەکان و بانگیان بکەن بۆ پەرستنی خودای گەورە بە تەنیا و دوورکەوتنەوە لە هاوەڵ بڕیاردان بۆ زاتی پیرۆزی, پێغەمبەرمان ﷺ باسی ئەوەی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر پێغەمبەر هەبووە, ئەوەتا لە ئەبو زەڕی غەفاریەوە پێمان گەیشتووە کە پرسیار لە ژمارەی پێغەمبەران  (سەلامی خودایان لەسەربێت) لە پێغەمبەرمان ﷺ دەکات , پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: ژمارەیان سەد و بیست هەزار پێغەمبەر بووە, ئەبو زەڕ فەرمووی: ئەی چەندێکیان لەوانە (رەسول) بوون؟, فەرمووی: سێ سەد و سیازدەیان رسول بوون. (واه ابن حبان)، هەروەها زۆر پێغەمبەری تر هەن کە پێغەمبەر ﷺ نازانێت ناویان چیبووە, وەک لە قورئانی پیرۆزدا خودای گەورە دەفەرموێت: (وَرُسُلًا قَدْ قَصَصْنَاهُمْ عَلَيْكَ مِنْ قَبْلُ وَرُسُلًا لَمْ نَقْصُصْهُمْ عَلَيْكَ)(النساء: 165) واتە: هەندێک لەو پەیامبەرانە چیرۆکیمان بۆ باس کردوویت و هەندێکی تریان چیرۆکیمان بۆ باس نەکردوویت, هەر بۆیە لە کۆتاییدا ژمارەی تەواوی هەموو پێغەمبەران بە تەنیا زاتی پیرۆزی خودای گەورە ئاگادارە لێی.

جیاوازی لە نێوان (رسول) و (نبی)

بابەت: جیاوازی نێوان رسول و نبی

(رسول) خودای گەورە پەیامێک و شەریعەتێکی نوێی پێداوە, بەڵام (نبی) سرووش (وەحی) بۆ دابەزیوە و خەڵکی بانگکردووە بۆ ئەوەی خودای گەورە بپەرستن بەو شێوەی کە لە شەریعەتی (رسول) ـی پێش خۆیدا هاتووە, وە هەموو (رسول)ێکیش (نبی) ـە, بەڵام هەموو (نبی)ـیەک (رسول) نییە.

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی بیست و پێنج پێغەمبەری کردووە بۆمان, کە هەندێکیان (رسول)ـن و هەندیکیشیان (نبی)ـن, لە سورەتی پیرۆزی (الأنعام) ـدا ناوی هەژدە پێغەمبەریان هاتووە, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (وَتِلْكَ حُجَّتُنَا آَتَيْنَاهَا إِبْرَاهِيمَ عَلَى قَوْمِهِ نَرْفَعُ دَرَجَاتٍ مَنْ نَشَاءُ إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ* وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ كُلًّا هَدَيْنَا وَنُوحًا هَدَيْنَا مِنْ قَبْلُ وَمِنْ ذُرِّيَّتِهِ دَاوُودَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ* وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ* وَإِسْمَاعِيلَ وَالْيَسَعَ وَيُونُسَ وَلُوطًا وَكُلًّا فَضَّلْنَا عَلَى الْعَالَمِينَ)[الأنعام: 83-86) کەواتە لە سورەتی پیرۆزی (الأنعام) ـدا ئەم پێغەمبەرانە ناویان هاتووە: پێغەمبەر (ئیبراهیم, ئیسحاق, یەعقووب, نوح, داوود, سولەیمان, ئەیوب, یوسف, موسا, هاروون, زەکەریا, یەحیا, عیسا, ئیلیاس, ئیسماعیل, یەسەع, یونس, لوط) (سەلامی خودای گەورە لەسەر هەموویان بێت)، هەروەها ئەو حەوت پێغەمبەرە بەڕێزەی تر کە ماونەتەوە لە سورەتەکانی تردا بە جیا ناویان هاتووە, ئەو پێغەمبەرانەش پێغەمبەر (ئادەم, ئیدریس, هود, صالح, شوعەیب, زولکیفل, موحەمەد) (سەلامی خودای گەورە لەسەر هەموویان بێت).

زانایان ڕای جیاوازیان هەیە دەربارەی هەندێک کەس کە ناویان هاتووە لە قورئانی پیرۆز یان لە فەرموودەدا, کە ئایا پێغەمبەرن یاوەخود پیاوچاکی سەردەمی خۆیان بوون. لەوانە: خزڕ, ئەو پیاوەیە کە لە سورەتی (الکهف) ناوی هاتووە, هەندێک دەڵێن کە پێغەمبەر بووە بە بەڵگەی ئەم ئایەتە: (فَوَجَدَا عَبْدًا مِنْ عِبَادِنَا آتَيْنَاهُ رَحْمَةً مِنْ عِنْدِنَا وَعَلَّمْنَاهُ مِنْ لَدُنَّا عِلْمًا) واتە: موسا و هاوەڵەکەی بەندەیەک لە بەندەکانی ئێمەیان دۆزیەوە کە ڕەحمەتێکمان پێبەخشیبوو, لەلایەن خۆمانەوە زانست و زانیاریمان پێبەخشیبوو, ئەوانەی دەڵێن کە خزڕ پێغەمبەر بووە دەڵێن ئەم ڕەحمەتە کە لەم ئایەتە پیرۆزە باسکراوە مەبەست پێی پێغەمبەرایەتییە, یان دەڵێن ئەو زانست و زانیاریە مەبەست پێێ سرووش (وەحی)ـە, وە هەروەها (زولقەڕەنەین و توبەع)ـیش نازانرێت کە پێغەمبەر بوون یان نا, ئەوەتا لە فەرموودەیەکی صەحیحدا پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: نازانم ئایا توبەع پێغەمبەر بووە یاوەخود نا, وە نازانم ئایا زولقەڕنەین پێغەمبەر بووە یاوەخود نا), هەر بۆیە زانایان دەفەرموون واباشترە کە واز لەوە بهێنین کە بزانین پێغەمبەربوون یاوەخود نا, بەڵام لە فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر ﷺـدا هاتووە کە یوشەعی کوڕی نون ئەو لاوە بوو کە لەگەڵ پێغەمبەر موسا بوو, وە خودای گەورە لەسەر دەستی قودسی ڕزگارکرد لە دەست جووە (یەهوود)ـەکان, لە دوو فەرموودەدا باسی هاتووە کە زانایان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە یوشەعی کوڕی نون یەکێکە لە پێغەمبەران.

حیکمەت لە باسکردنی چیرۆکی پێغەمبەران لە قورئانی پیرۆزدا چییە؟

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی لە چیرۆکی پێغەمبەران کردووە, ئەویش لەبەر چەند حیکمەت و هۆکارێک, لەوانە:-

  • سەلماندنی پێغەمبەرایەتییان و ئەو موعجیزەیانەی کە پێیان بووە, وە ئەو ڕووداوانەی کە لەگەڵ گەلەکانیاندا بەسەریان هاتووە, هەروەها باسکردنی چیرۆکی پێغەمبەران لە هەمان کاتدا بەڵگە و نیشانەی پێغەمبەرایەتی موحەمەد ﷺـە, ڕوون دەبێتەوە کە لەلایەن خودای گەورە نێردراوە و بەڕاستی پێغەمبەری خودایە, ئەگەر وانەبێ باشە کێ چیرۆکی ئەو پێغەمبەرانەی بۆ باسکرد کە بەس خودای گەورە دەزانێت چۆن چۆنی بووە, وەک دەفەرموێت: (مَا كُنْتَ تَعْلَمُهَا أَنْتَ وَلاَ قَوْمُكَ مِنْ قَبْلِ هَذَا).(هود: 49)
  • چیرۆکی پێغەمبەران بۆ چەسپاندنی و دڵنەوایی دڵی پێغەمبەر موحەمەدە ﷺ, وە بۆ ئەوەی بزانێت کە پێغەمبەرانی پێش ئەویش بە هەمان شێوە ئازاردراون لە پێناو بانگەوازەکەیان, وە دڵنیابێت کە خودای گەورە سەری دەخات هەروەک چۆن ئەوانیشی سەرخست, وە دڵنیابێت کە ستەمکاران و بێباوەڕان لەناو دەبات هەروەک چۆن ئەوانەی پێش خۆی لەناو بردن.
  • پەند وەرگرتن لە چیرۆکی گەلانی پێشووتر, کە ئەمەش یەکێکە لە حیکمەتەکانی باسکردنی چیرۆکی پێغەمبەران لە قورئانی پیرۆزدا, هەروەها ئاگاداربین ئەوانەی باوەڕ بە پێغەمبەران دەهێنن بەهەشت مسۆگەردەکەن و ئەوانەی باوەڕ ناهێنن سزایەکی سەخت چاوەڕێیان دەکات.
  • سەلماندنی هێز و دەسەڵات و خوایەتی خودای گەورە, بە تەنها (الله) شایەنی پەرستنە, ئەو شتانەی کە گەلەکانی تر دەیانپەرست نە ئێستە ماون, نە سوودیان پێدەگەیەنن نە زیان.
  • هەواڵدان بە پێغەمبەر ﷺ و موسڵمانان کە خودای گەورە بیەوێت سزای گەلێک پێش دەخات, وە گەر بیەوێت دوای دەخات.


سەرچاوەکان



4941 بینین