زاراوەی بەرزکردنەوە

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-17-16:52:00 - کۆدی بابەت: 5917
زاراوەی بەرزکردنەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرزکردنەوە، بارکردن یاخود ناردن (بە ئینگلیزی: Upload) بریتییە لە ناردنی فایل یان داتایەک لە سیستمی کۆمپیوتەرێکەوە بۆ سیستمێکی تر لەڕێگەی بەکارهێنانی نێتۆرکەوە.
ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی فایل وەک، بەکارهێنانی وێبگەڕ (براوزەر)، ڕاژەخواز (کڵاێنت)ـەکانی FTP (کڵاێنت، ئەو کۆمپیوتەرانەن کە بەستراونەتەوە بە سێرڤەرەوە)، یاخود لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانەوە وەک (SCP/SFTP)، بەرزکردنەوە بەکاردێت لەلایەن کڵاێنتەکانەوە کە فایل دەنێرن بۆ سێرڤەرەکان  یان ناردنی فایلێک لە بەکارهێنەرێکەوە بۆ بەکارهێنەرێکی تر کە پێیدەوترێت تاک بۆ تاک (peer-to-peer)، دەستەواژەی بڵاوکردنەوەی فایل (File sharing) بەکاردێت لەکاتی ناردنی فایلێک لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی تر لەڕێگەی بەکارهێنانی نێتۆرک، بەڵام بە لەبەرگرتنەوەی فایلێک لەناو یەک سیستمدا پێیدەوترێت لەبەرگرتنەوەی فایل (File copying).

بەرزکردنەوە پێچەوانەی داگرتن (Downlaod)ـە، کە بریتییە لە وەرگرتن و بەدەستهێنانی فایلێک یان داتایەک لە نێتۆرکێکەوە، و زۆرجار ئینتەرنێتەکان خێرایی داگرتنیان زیاتە لە بەرزکردنەوە.

پێناسە

بریتییە لە ناردنی شتێک (وەک وێنە، ڤیدیۆ، دەنگ، یان هەر جۆرە فایلێک)، لە کۆمپیوتەرێک یان هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ بیرگەی ئامێرێکی ئەلیکترۆنی تر بە بەکارهێنانی نێتۆرکێک وەک ئینتەرنێت.

مێژوو

بڵاوکردنەوە و ناردنی فایل سەرەتا لە ساڵی 1978 پەیدابوو، کاتێک وارد کریستێنسن و ڕاندی سووس کە ئەندامی (CACHE) بوون هەستان بە دروستکردنی (CBBS) کە پڕۆتۆکۆڵی مۆدێم (MODEM)ـی بەکاردەهێنا کە دواتر نەوەکەی گۆڕدرا بۆ (XMODEM)، ئەم ئامێرەیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی چەند فایلێکی باینەری لە مۆدێمێکەوە بۆ مۆدێمێکی تر لەڕێگەی بەکارهێنانی ژمارە مۆبایلەوە، پاشان لە چەند ساڵی داهاتوودا چەند پڕۆتۆکۆڵێکی تر دروستکرا وەک پڕۆتۆکۆڵی کێرمیت (Kermit)، پاشان پڕۆتۆکۆڵی ئێف تی پی (FTP) لە ساڵی 1985 ستانداردکرا، پڕۆتۆکۆڵی (FTP) لەسەر هەردوو پڕۆتۆکۆلی (TCP/IP) کاردەکات، بۆیە هەموو کەس دەتوانێت بەکاری بهێنێت و داتا و فایلەکان بگوازێتەوە.

بڵاوکردنەوە و ناردنی فایل گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی بەخۆوە بینی کاتێک لە ساڵی 1991 تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوبوویەوە، بەبۆنەی ئینتەرنێتەوە بەکارهێنەران زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی داتا و فایلەکانیان لە بڵاوبکەنەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی وێبگەڕەکانیان بە بەکارهێنانی پڕۆتۆکۆلێ (HTTP).

جۆرەکانی بەرزکردنەوە

بەکارهێنەر بۆ سێرڤەر

بریتییە لە گواستنەوەی فایلێک لە کۆمپیوتەر یان هەر ئامێرێکەوە بۆ ئینتەرنێت، وەک بەکارهێنانی وێبگەڕ (براوزەر) بۆ بڵاوکەدنەوەی وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک.

بەرزکردنەوەی دوور - Remote uploading

بریتییە لە ناردنی فایلێک لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی تر بەڵام ئەو سیستمەی کە فایلەکە دەنێرێت لەلایەن سیستمێکی ترەوە کۆنتڕۆڵ کراوە، واتا تۆ لە ماڵی خۆتدا دانیشتویت و هەڵدەستیت بە کۆتڕۆڵکردنی سیستمێک لەڕێگەی مۆبایل یان کۆمپیوتەرەکەی خۆتەوە بۆ ناردنی فایلێک بۆ سیستم یان سێرڤەرێکی تر، ئەم ڕێگەیە کاتێک بەکاردەهێنرێت کاتێک بەکارهێنەر هێڵی ئینتەرنێتەکەی زۆر هێواشە و توانای بەرزکردنەوەی فایلی نییە.

بەکارهێنەر بۆ بەکارهێنەر – peer to peer

بریتییە لە ناردنی فایل یان داتایەک لە بەکارهێنەرەوە بۆ بەکارهێنەرێکی تر، لەم جۆرەدا هەردوولا دەتوانن فایل بنێرن بۆ کەسی بەرامبەر، بەڵام لە سێرڤەردا جیاوازە چونکە سەرەتا دەبێت کەسەکە داواکارییەک دەکات بۆ سێرڤەرەکە و پاشان لەلایەن سێرڤەرەوە وەڵام دەدرێتەوە، نمونە بۆ ئەم جۆرە بریتییە لە بیت تۆرێنت (BitTorrent).

 


سەرچاوەکان



1209 بینین